
مەسرور بارزانی
سبەی
لە نوێترین پەیامیدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەشە بودجە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "ساڵی داهاتوو ئەم دۆخە قبوڵ ناكەین". داواشی بەشە بودجەش لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەكات.
مەسرور بارزانی، لەمیانی دیدارێكدا لە پێشانگەیەك لە قەڵای هەولێر، رایگەیاند:"لە بودجەی 2026، جەخت لە دابینكردنی بودجە دەكەینەوە نەك تەنها مووچە، بەهیچ جۆرێكیش قبوڵی ناكەین چیتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە كەموكوڕییەوە رەوانە بكرێت".
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند:" حكومەتی عێراق لە ساڵی 2014ـەوە فشاری ئابووری لەسەر هەرێمی كوردستان دروستكردووە، بەپێی سەرژمێری ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان %14 بووە، بەڵام كەمتر لە 5% بودجە بۆ كوردستان هاتووە".
مەسرور بارزانی باسی لەوەشكرد، "وەزارەتی دارایی عێراق تەداخولی ورد و درشتی كارە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، پەیوەست بەم بابەتەش، بە سەرۆكوەزیرانی عێراقم وت، لە دەوڵەتی فیدڕاڵی حكومەت ئەو مافەی نییە دەستوەردان لە دابەشكردنی مووچە بكات".
"بەغداد نەوتی كوردستان دەفرۆشێت و داهاتی ناوخۆش وەردەگرێت، ئەو پارەیەی ئێستا دەینێرن داهاتی خۆمانە و منەتی تێدا نییە". مەسرور بارزانی وای وت.
نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن وتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی توند كردووە
وتەكانی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەبارەی مووچە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بەردەوامی بانگەشەی هەڵبژاردن، لەكاتێكدا بەرپرسانی هەرێم پێش دەستپێكردنی بانگەشە جەختیان لەسەر چارەسەربوونی سنورداری كێشەی مووچە دەكردەوە، دوای ئەوەی هەناردەی نەوت لە 27ی مانگی رابردوودا دەستیپێكردەوە.
قوباد تاڵەبانی لەكاتی بانگەشەی حزبەكەی: كێشەكانی هەرێم و بەغداد بە پینەوپەڕۆ چارەسەر ناكرێن
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی لە دۆڵی رۆست رایگەیاند: "بەندە پێش دوو ساڵ وتم كێشەكانی هەرێم و بەغداد بە پینەوپەڕۆ چارەسەر ناكرێن، ئێستاش یەكێتی پێیوایە لە جیاتی پینەوپەڕۆ پێویستە كۆی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد لە چوارچێوەی نەشتەرگەرییەكی گەورەدا چارەسەر بكرێن".
وتیشی "زۆر بە داخەوەم كە دەڵێم كێشەی مووچە چارەسەر نەكراوە و ئەوەی هەیە تەنها پینەكراوە و لە كۆتایی ئەمساڵیش جارێكی دیكە كێشەكە سەرهەڵدەداتەوە".
تێكەڵبوونی پرسی مووچە بە هەڵبژاردن
تێكەڵبوونی پرسی مووچە بە بانگەشەی هەڵبژاردن لەكاتێكدایە، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا مووچەی مانگی هەشتیان وەرگرتووە و چارەنووسی دوو مووچە بە نادیاری ماوەتەوە و دیار نییە تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەكانیان پێدەدرێت یاخود نا.
"كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغداد تەنیا مووچە نییە"
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 22ـی تشرینی یەكەمی 2025، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە ئامێدی رایگەیاند "كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغداد تەنیا مووچە نییە، بەڵام زۆر جار ناحەزانمان ویستوویانە ئێمە بە پرسی مووچەوە سەرقاڵ بكەن، مافێكی سەرەتایی خەڵكی هەرێمی كوردستانە وەك هەر كەسێكی دیكە مووچەكەی وەربگرێت، منەتی تێدا نییە و كەسیش خێرمان پێ ناكات".
ئاماژەی بەوەشكردبوو"مافی ئێمە زۆر لەم پرسە زیاترە، دەبێت ئەوان مەمنوون بن، ئێمە تەنها داوای مووچە بكەین، دەبێت مەمنوون بن بە مانەوە لە فیدراڵییەتی عێراقدا رازی بین".
مووچەی مانگی نۆ چارەنوسی دیار نییە
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا لیستی مووچەی مانگی نۆی رەوانەی بەغداد كردووە، بەڵام دیار نییە كەی بەغداد پارەی مووچە رەوانە دەكات.بەوەش فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دوو مووچە لەدوای فەرمانبەرانی عێراقەوەن.
