لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتۆن؛ ئایا بنکەیەکی ئاسمانی ئەمەریکا لە دیمەشق دەکرێتەوە؟

#ئەمەریکا#سوریا#ترەمپ#شەرع#دیمەشق
2 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەردانە چاوەڕوان کراوەکەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا بۆ واشنتۆن، بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و واژۆکردنی رێککەوتنی پەیوەست بوون بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش. سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەمەریکا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان سوریا و ئیسرائیل، ئامادەکاری دەکات بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی ئاسمانی لە دیمەشق.
Primary Asset

ترەمپ و شەرع

سبەی

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەردانە چاوەڕوان کراوەکەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا بۆ واشنتۆن، بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و واژۆکردنی رێککەوتنی پەیوەست بوون بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش. سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەمەریکا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ  پشتیوانیکردن لە رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان سوریا و ئیسرائیل، ئامادەکاری دەکات بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی ئاسمانی لە دیمەشق.

ئایا شوێنەکە هەڵبژێردراوە؟

ئاژانسی  رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردووتەوە، ئەمریکا بەنیازە بنکەیەکی ئاسمانی لە باشوری دیمەشق دابمەزرێنێت. پێشبینی دەکرێت بکەوێتە ناوچەیەکی داماڵراوی سەربازی، کە لە رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵاتدا دیاری دەکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە بنکەکە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش و پشتیوانیکردن لە رێککەوتنێکی چاوەڕوانکراوی نێوان سوریا و ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت، چونکە ئەمەریکا دەیەوێت لەوە دڵنیاببێتەوە، کە بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا پارێزراو دەبن.

ئامادەکارییەکان دەستیپێکردووە

بەرپرسێکی سەربازیی رۆژئاوایی رایگەیاندووە، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا پلانەکانی بۆ  دامەزراندنی ئەو بنکەیە خێراترکردووە، بەپێی زانیارییە سیخوڕییە جیاجیاکانیش، رێڕەوی فڕینەکە ئامادەیە بۆ بەکارهێنانی دەستبەجێ.

رێککەوتنی سوریا و ئیسرائیل گەیشت بە چی؟

واشنتۆن ماوەی چەند مانگێکە کاردەکات لەسەر رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان ئیسرائیل و سوریادا. لە کاتێکدا گفتوگۆکان بەهۆی داواکارییەکی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی مرۆیی بە ئاراستەی شاری سوەیدا، دوو جار راگیراوە.

لەسەر ئەو پرسە سەرچاوەیەکی سوری ئاشکرایکردووە، کە ئیدارەی ترەمپ گوشارەکانی لەسەر دیمەشق چڕتر کردووەتەوە، بۆئەوەی بەر لە کۆتایی ئەمساڵ رێککەوتنەکە یەکلایی بکاتەوە.

هەڵگرتنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر شەرع

ئاژانسی بلومبێرگ ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری هەڵگرتنی سزاکانی رێکخراوەکەی کردووە، کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر و پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدە و داعش بەسەر ئەحمەد شەرع و ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەدا سەپێندراوە.

هاوکات لەگەڵ پێشنیازەکەدا، تۆم باراک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا، رایگەیاندووە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن، شەرع رێککەوتنێک واژۆدەکات بۆ پەیوەست بوونی سوریا بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا.

بەرازیل پێش واشنتۆن

پێش گەشتەکەی بۆ واشنتۆن، ئەحمەد شەرع گەشتە دەرەکییەکانی بە بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا (COP30) دەستپێدەکات، کە لە نێوان 6 تا 21ی ئەم مانگە لە بەرازیل بەڕێوەدەچێت. ئەمەش دەبێتە یەکەم ئامادەبوونی سەرۆکی سوریا، لەوەتەی کۆنفرانسەکە لە ساڵی 1995وە دامەزراوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی