
سبەی
پەرستارێک لە ئەڵمانیا بە سزای زیندانی هەتاهەتایی سزا درا، دوای ئەوەی دانی بەوە دانا کە ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکانی لە رێگەی لێدانی دەرزی ئازارشکێنەوە کوشتووە.
پەرستارێک لە ئەڵمانیا بە تۆمەتی کوشتنی ١٠ کەس و هەوڵدان بۆ کوشتنی ٢٧ کەسی دیکە، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
دەسەڵاتدارانی دادوەری ئەڵمانیا ناوی ئەو پەرستارەیان نەخستەڕوو، بەڵام دەڵێن ئەو پەرستارە بەرپرسیار بووە لە چاودێری زۆربەی نەخۆشە بەساڵاچووەکان لەو نەخۆشخانەیەی وا کاری تێدا کردووە.
دەسەڵاتی دادوەری ئەڵمانیا روونیشی دەکاتەوە، ئەو پەرستارە بۆ کەمکردنەوەی فشاری کارەکەی لە کاتی شەفتی شەوانەدا کەڵکی لە دەرزی ئازارشکێن بۆ هێوەرکردنەوەی نەخۆشەکان وەرگرتووە، بەو هۆیەشەوە بووەتە هۆی مردنی 10 نەخۆشی بەساڵاچوو.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان کوشتنەکان لە نێوان مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ تا مانگی ئایاری ٢٠٢٤ لە نەخۆشخانەیەکی شاری ڤورزبۆرگ لە ویلایەتی ئاخن لە ئەڵمانیا روویداوە.
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئەڵمانیا، پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە ژمارەیەک مردنی گوماناوی دیکە، کە لە کاتی بەرپرسیارێتی ئەو پەرەستارە لە نەخۆشخانەکە روویداوە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو پەرستارە پیاوە لە ساڵی 2007 خوێندنی تەواو کردووە و لە ساڵی 2020ەوە لە نەخۆشخانەی وورزلێن کاردەکات.
پەرستارەکە لە ساڵی ٢٠٢٤ دەستگیرکراوە، لە کاتی دانیشتنی دادگاییکردنەکەدا باسی لەوە کردووە کە لە کاتی شەفتی شەوانەدا ژەمی بەرزی مۆرفین و میدازۆلام (جۆرێک لە دەرمانی هێورکەرەوە)ی بە نەخۆشەکانی داوە بۆ حەسانەوەی و کەمکردنەوەی فشاری کارکردنەکەی.
دادگای ئاخن لەکاتی سزادانی زیندانی هەتاهەتایی بۆ پەرستارەکە رایگەیاندووە، بەهۆی "سروشتی تایبەت و توندی تاوانەکە"، دوای تێپەڕاندنی ١٥ ساڵ لە سزاکەی، شایستەی داواکاری بۆ لێخۆشبوون نابێت، ئەگەرچی دەتوانێت تانە لە بڕیاری دادگاکە بدات.
داواکارانی گشتی لەبارەی دۆسیەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، هەڵکەندنی گۆڕی ژمارەیەکی زۆرتر لە نەخۆشە مردووەکان بۆ ناسینەوەی ئەگەری قوربانی دیکە بەردەوامە، پێدەچێت پەرستارەکە دان بە کوشتنی ژمارەیەکی زیاتری نەخۆشەکان بنێت، بەو هۆیەشەوە ئەگەر هەیە گەڕێکی دیکەی دادگاییکردنی پەرستارەکە بەڕێوەبچێت.
ئەم دۆسیەیە هاوشێوەی دۆسیەی پەرستارێکی دیکەیە بە ناوی نیڵس هۆگل، کە لە ساڵی ٢٠١٩دا بەهۆی کوشتنی ٨٥ کەس لە نەخۆشەکانی لە دوو نەخۆشخانەی باکوری ئەڵمانیا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
