سبەی
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت: پاراستنی وڵات و کۆمەڵگا شتێکە، بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکان و برسیکردنی منداڵانی بێتاوان بابەتێکی تەواو جیاوازە" بەو بۆنەیەشەوە مەدرید چەند رێکارێک دەگرێتەبەر وەک کاردانەوەیە دژی ئیسرائیل بە هۆی "کۆمەڵکوژی غەززەوە".
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا پاکێجێکی نۆ ڕێوشوێنی بۆ گوشارخستنە سەر حکومەتی ئیسرائیل ڕاگەیاند، لەوانە پەسەندکردنی یاسای سەپاندنی گەمارۆی چەک و قەدەغەکردنی هاتن بۆ ئیسپانیا بۆ هەر کەسێک کە ڕاستەوخۆ بەشداری کردبێت لەو کارەی سانچێز بە "کۆمەڵکوژی" ناوی دەبات.
ئەمە یەکەمجارە حکومەتی ئیسپانیا بە ئاشکرا زاراوەی "کۆمەڵکوژی" بەکاردەهێنێت بۆ ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هەرچەندە سانچێز ئاماژەی بەوە کردووە کە فرانسیسکا ئەلبانیس، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی شارەزایان، ئەوەی لە غەززە روو دەدات وەک کۆمەڵکوژی وەسف دەکەن.
لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 64 هەزار کەس لەنێویاندا 19 هەزار منداڵ لە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە وەڵامی هێرشەکانی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر باشووری ئیسرائیل هات کە زیاتر لە 1200 کەس کوژران و دەیان کەسیش بەبارمتە گیران.
سانچێز لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی وەک وەڵامێک بۆ "هێرشە ترسناکەکانی حەماس" لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد، "چیتر بەرگریکردن نییە لە خۆ، تەنانەت هێرشیش نییە، بەڵکو لەناوبردنی دانیشتووانێکی بێ بەرگرییە و پێشێلکردنی هەموو یاسا مرۆییەکانە".
هەر لەبەر ئەو هۆکارە، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ڕێوشوێنانە بە مەبەستی "بەدواداچوون بۆ تاوانباران" بووە. ئاماژەی بەوەکرد، هیوادارە "فشار بخەنە سەر سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لەو ئازارانەی کە بەسەر گەلی فەلەستین دێت."
لە بەرامبەردا، گیدیۆن سائیر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: سانچێز هەوڵدەدات "سەرنج لە بابەتەکانی گەندەڵی حکومەتەکەی لابەرێت لە ڕێگەی درێژەدان بە لێدوانەکانی دژی ئیسرائیل و جوولەکەکان."
هاوکات ئیسرائیل رێگریی کرد لە هاتنە ناوەوەی یۆلاندا دیاز وەزیری کار و سیێرا ڕیگۆ وەزیری لاوانی ئیسپانیا بۆ وڵاتەکەی، ئەو دوو وەزیرە ئەندامی پارتی چەپی سومار کە هاوپەیمانییە لە حکومەتی سانچێز، ڕیگۆ لە باوکییەوە بە ڕەچەڵەک فەلەستینییە و بەشێک لە تەمەنی منداڵی لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو بەسەر بردووە.
لە بەرامبەردا خۆسێ مانوێل ئەلڤارێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تەلئەبیب بانگهێشتکردەوە، ئاژانسی یۆرۆپا پرێس بڵاویکردەوە، ئەو بانگهێشتکردنەوەی باڵیۆزی ئیسپانیا لە تەلئەڤیڤ کاردانەوەیەک بووە بۆ ناوزڕاندنی ئیسپانیا لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیل و هاوکات تۆمەت و بێڕێزی بە دوو وەزیری کابینەی وڵاتەکەیان بووە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی لە بەرگریکردن لە ئاشتی و یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤدا ناترسێنرێت".
گەمارۆی چەک و قەدەغەکردنی گەشتی بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ ئیسپانیا
سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: گەلی جوو بە درێژایی مێژوو تووشی گۆشەگیری و نادادپەروەری بێشومار بووە، لەوانەش ترسناکترینیان کە هۆلۆکۆست بووە." ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەو هەموو ئازارە، گەلی ئیسرائیل شایەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و وڵاتێکی سەقامگیر و ئاسایشێکی بەردەوامە.
سانچێز جەختی کردەوە "ئیسپانیا هەمیشە بەرگری لە مافی بوونی ئیسرائیل و گەرەنتی ئاسایش و پێشکەوتنی دەکات"، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئەوەی لە سەرەتادا وەک ئۆپەراسیۆنێک دژی "هێرشە ترسناکەکانی حەماس" دەستیپێکرد، گۆڕاوە بۆ "شەپۆلێکی نوێی داگیرکاری نایاسایی و هێرشێکی ناڕەوا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی."
یەکەم ڕێوشوێن کە ئیسپانیا دژی ئیسرائیل رایگەیاند پەسەندکردنی دەستبەجێی فەرمانێکی بوو کە بە شێوەیەکی یاسایی هەر جۆر هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل قەدەغە دەکات.
هەرچەندە ئیسپانیا لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە بە شێوەیەکی کاریگەر هەناردەکردنی چەکی بۆ ئیسرائیل جێبەجێ کردووە، بەڵام میکانیزمە نوێیەکە هەنگاوێکی زیاتر دەڕوات و "قەدەغەکردنی یاسایی و هەمیشەیی لە کڕین و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەسەپێنێت، ئەمە ڕێوشوێنێکە کە پارتی چەپ سۆمار کە هاوبەشی هاوپەیمانی لە حکومەت بە سەرۆکایەتی یۆلاندا دیاز لە مێژە داوای دەکات.
ئیسپانیا دابینکەرێکی سەرەکی چەک نییە بۆ ئیسرائیل و ئەو گەمارۆیە کاریگەرییەکی بەرچاوی لۆجستی لەسەر سوپای ئیسرائیل نابێت، سانچێز دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت" ناتوانین بە تەنیا هێرشی ئیسرائیل بوەستێنین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە واز لە هەوڵدان بهێنین".
لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیسپانیا داوای لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کردووە کە هەنگاوی هاوشێوە بگرنەبەر و خۆیان لە ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل بەدوور بگرن.
ئەمەریکا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، دابینکەرانی سەرەکی چەک بۆ ئیسرائیلن، جگە لەوەش ئیسرائیل خۆی یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی چەک لە جیهاندا و پیشەسازییەکی نیشتمانی بەهێزی لەم بوارەدا هەیە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت ئەم کارەساتە ڕابگرێت، ڕەنگە لەبەرئەوەی زلهێزەکانی جیهان لە نێوان بێباکی بەرامبەر بە ململانێیەکی بێکۆتایی و هاوبەشیکردن لەگەڵ حکومەتی سەرۆکوەزیرانی نەتانیاهۆ گیریان خواردووە".
ڕێوشوێنێکی دیکەی حکومەتی ئیسپانیا قەدەغەکردنی گەشتە بۆ وڵاتەکەی بۆ "هەموو ئەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ دەستیان لە کۆمەڵکوژی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ لە کەرتی غەززەدا هەیە، بەڵام سانچێز ئاماژەی بەوە نەکردووە کە قەدەغەکردنەکە کێ دەگرێتەوە، ئایا ناتانیاهۆ بە شێوەیەکی شەخسی دەگرێتەوە یان نا.
کاردانەوە دژی ئەو شارانەی جووەکان لە کەناری ڕۆژئاوا تێیدا نیشتەجێن
بەشێکی دیکەی پاکێجی ڕێوشوێنەکانی حکومەتی ئیسپانیا دژی ئیسرائیل پەیوەندی بە نیشتەجێبوونی جولەکەکانەوە هەیە لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو، ئەم نیشتەجێبوونانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە نایاسایی دادەنرێت، هەرچەندە ئیسرائیل ئەمە قبوڵ ناکات.
یەکێک لەو ڕێوشوێنانە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمەکانە لەو شوێنە نیشتەجێبوونانە "بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتوانی فەلەستین و زیندوو ڕاگرتنی چارەسەری دوو دەوڵەتی".
ڕێککەوتنی پێشنیارکراوی چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی، ئیدارەی ئەو خاکانەی کە ئیسرائیل لە شەڕی شەش ڕۆژەی ساڵی 1967دا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەردا گیرا و داگیرکرابوو، دەگواستەوە بۆ دەسەڵاتی فەلەستین، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا شوێنی نیشتەجێبوونی جولەکەکان لە کەناری ڕۆژئاوا بەردەوام فراوانتربووە.
ڕێوشوێنێکی دیکە کە سانچێز ڕایگەیاندووە، پەیوەندی بەو هاووڵاتییە ئیسپانییانە هەیە کە لەم شوێنە نیشتەجێبوونانەدا دەژین، ئێستا خزمەتگوزاریی کونسوڵخانەکانی ئیسپانیا بۆ ئەوان سنووردار دەکرێت و کەمترین یارمەتی یاساییان دەدرێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاندوە، حکوومەتی وڵاتەکەی هاوکارییەکانی بۆ دەسەڵاتی فەڵەستین و فریاگوزاری و هاوکارییەکانی بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئاوارەی غەززە پەرەپێدەدات.