سبەى
رێکخراوی کەشناسی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند،، کونی ئۆزۆن کە بەسەر جەمسەری باشورەوەیە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، لە ساڵی 2024دا بچووکتر بووەتەوە ، ئەمەشی بە "هەواڵێکی دڵخۆشکەری زانستی بۆ تەندروستی مرۆڤ و هەسارەکە" وەسفکردووە.
رێکخراوی کەشناسی جیهانی روونیکردەوە "کەمبوونەوەی کونی ئۆزۆن کە لە ساڵی 2024دا تۆمارکراوە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە سروشتییەکانی کەشوهەوا"، بەڵام ئەم رەوتە ئەرێنییەی کە لە ماوەی درێژخایەندا چاودێری کراوە، "رەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانە".
دەشڵێت، پرۆتۆکۆلی مۆنتریال کە لە ساڵی 1987 لە کەنەدا واژۆکرا، رێگەی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی زۆربەی ماددە کیمیاییە ئۆزۆنییەکان بە رێژەی 99% دا.
رێکخراوی کەشناسی جیهانی پێشبینی ئەوەیکردووە، چینی ئۆزۆن بگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاستەی، کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا هەبووە. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمە مەترسییەکانی ئاوی سپی چاو و شێرپەنجەی پێست کەمدەکاتەوە و سنووردارکردنی تێکچوونی ئیکۆسیستمی پەیوەندیدار، کە بەهۆی بەرکەوتنی زۆر بە تیشکی سەروو بنەوشەییەوە دروست دەبێت.
چینی ئۆزۆنی تیشکی سەروو بنەوشەیی خۆر دەپاڵێوێت، کە دەبێتە هۆی شێرپەنجە و لاوازکردنی سیستمی بەرگری لەش و تەنانەت زیانگەیاندن بە DNA ی زیندەوەرەکان.
لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، کلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان (CFCs) کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سیستمی ساردکەرەوەدا بەکاردەهێنران، وەک هۆکاری سەرەکی تەنکبوونەوەی چینەکانی ئۆزۆن دەستنیشانکران، کە ساڵانە "کون"یان دروستدەکرد، لەنێویاندا کونێکی گەورە بە تایبەتی بەسەر جەمسەری باشورەوە.
کونە ئۆزۆنەکەی جەمسەری باشورهەموو بەهارێک دووبارە دەردەکەوێتەوە، ساڵی رابردووش لە 29ی ئەیلولدا گەیشتە لوتکە، کەمبوونەوەی ئۆزۆن گەیشتە 46.1 ملیۆن تۆن، کە ئاستێکە لە خوار تێکڕای ساڵانی 1990-2020.
لەلایەکی دیکەوە، بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) لە دوایین هەڵسەنگاندنی خۆیدا پێشبینی کردووە کە "چینی ئۆزۆن دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی ساڵی 1980 (پێش دەرکەوتنی کونەکە).