چوار کەسى بڕیار بەدەست و نوێنەرایەتى %4ى شەقام؛ ئەگەرى پاشەکشە هێزە شیعییەکان دەترسێنێت

#عێراق#هەڵبژاردن#چوارچێوەى هەماهەنگى
2 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • سەرچاوەکان ئاماژە بە دابەشبوونی جددی لە نێوان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان. زۆربەی هێزە گەورەکانی ناو چوارچێوەکە پێیان باشتر بووە بە شێوەیەکی سەربەخۆ، جیا لە پارتەکانی دیکە خۆیان کاندید بکەن.
Primary Asset

چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بەسەر چەند لیستێکدا دابەش بووە

سبەى

لەگەڵ جەختکردنەوە لە پابەندبوون بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگى دەسەڵاتدارەوە، ئەگەرى پاشەکشەى هێزە شیعییەکان لە هەڵبژاردن بووەتە پرسێکى گەرم، بەهۆى پەرتبوونى چوارچێوەوە، لەکاتێکدا پەرلەمانتارێک دەڵێت ئەو هاوپەیمانێتییە تەنها نوێنەرایەتى 4%ى شەقام دەکات.

 دابەشبوون لەناو هاوپەیمانی دەسەڵاتدا

سەرچاوەکان ئاماژە بە دابەشبوونی جددی لە نێوان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان. زۆربەی هێزە گەورەکانی ناو چوارچێوەکە پێیان باشتر بووە بە شێوەیەکی سەربەخۆ، جیا لە پارتەکانی دیکە خۆیان کاندید بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کە موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر بژاردەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەڵبژاردووە، بەرەچاوکردنی پشتیوانی جەماوەری بزوتنەوەکەی لەنێو پێکهاتەی شیعەدا، ژمارەیەکی لە پارت و کەسایەتییەکانی ناو ئەو چوارچێوە، ترسیان لە پاشەکشەی هەڵبژاردن هەیە بە قازانجی هێزەکانى دەرەوەى پێکهاتەى شیعە، بەتایبەتی لە بەغدادی پایتەخت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ رۆژنامەى ئەشەرق ئەوسەت پشتڕاستی کردەوە کە "ترسێکی راستەقینە هەیە لە پاشەکشەکردنی دەنگدەرانی شیعە، بە دیاریکراوی بە هۆی خراپبوونی خزمەتگوزارییەکان و ئامادەنەبوونی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکەدا".

ئاماژە بەوەشدەکات "ئەو ئامادەنەبوونە دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بۆ هێزە شیعەکان، بەتایبەتی لە بەغداد، چونکە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ئەو شارە تەرخانکراوە، کە 69 کورسییە و پێدەچێت هێزە سوننەکان ژمارەیەکی زۆر لەو کورسیانە بەدەستبهێنن".

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی "چوارچێوەی هەماهەنگی" و سنوورداربوون بە "ئەنجومەنێکی بچووک" دەکەن، ئەو سەرچاوەیە پێیوایە "ئەمە تەواو سروشتییە، بە تایبەتی بەهۆی جیاوازی تێڕوانینەکان لەسەر پرسە جیاوازەکان، بە دیاریکراوی هەڵوێستی لەسەر کاندیدکردنەوەی محەمەد شەیاع سودانی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی وەزیران.

سەجاد سالم پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاند، "چوارچێوەی هەماهەنگی نوێنەرایەتی تەنها لەسەدا 4ی شەقام دەکات، بەڵام خاوەنی ئەو چەکانەیە کە کاریگەری سیاسی و ئابووری پێدەبەخشێت". ئەو دیمەنی سیاسی ئێستای عیراقی بە "بنبەست" وەسف کرد، بەو پێیەى "بڕیاردانی سیاسی تەنها بۆ چوار یان پێنج کەس سنووردارە".

پابەندبوون بە وادەى دیاریکراو

هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە سەرۆکایەتی حکومەت دەکات، پابەندبوونی خۆی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دووپاتکردەوە، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، بەڵام هۆشداریدا لە پەرەسەندنی ناکۆکی تائیفی.

شرۆڤەکارانی سیاسی بە هۆکاری بارودۆخی ناوچەکە و ئەگەری نوێبوونەوەی ململانێی سەربازی لە نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە، گومانیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا هەیە.

بەپێی بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانی، چوارچێوەی هەماهەنگی ئێوارەی رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تەرخانی کرد بۆ "گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئێستای وڵات و ناوچەکە و ئاڵنگارییەکان".

لایەنەکانی کۆبوونەوەکە جەختیان کردەوە لە "پێویستی پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە بەرواری دەستووریدا، هاوکات فەراهەمکردنی ژینگەی گونجاو بۆ سەرکەوتنی و دەستەبەرکردنی شەفافیەت، بە شێوەیەک کە  پڕۆسەی دیموکراسی بەهێزتر بکات".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی هەماهەنگی نیگەرانی خۆی لە "بەرزبوونەوەی دەنگی تائیفی لە هەندێک وتار و لێدواندا دەربڕیوە، هۆشداریشیداوە لە کاردانەوەی جددی لەسەر ئاشتی مەدەنی و یەکێتی نیشتمانیی".

هاوپەیمانییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە "پاراستنی پەیکەری کۆمەڵایەتی عێراق وەک ئەولەویەتی نیشتمانی دەمێنێتەوە، کە پێویستی بە بەرپرسیارێتی هاوبەش هەیە، لەلایەن هەموو هێزە سیاسی و میدیاییەکان و ئایینییەکانەوە".

"هەڵکشانە تائیفییەکان"

زۆرجار پەرەسەندنی لێدوانی تائیفی پەیوەستە بە مانگەکانی پێش هەڵبژاردنەکانەوە، لە هەوڵێکدا بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران. چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەم جۆرە لێدوانانە شکستی هێزە سیاسییە گەورەکان دەخاتەڕوو، بۆیە پەنا بۆ هەستی تائیفی دەبەن، ئەویش بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا.

فێڵی نوێی پروپاگەندە

بانگەشەی هەڵبژاردنەکان زۆر پێش وادەی فەرمی، کە دەکەوێتە سەرەتای مانگی داهاتوو دەستیپێکرد و زۆربەی کەسایەتییە بەشداربووەکان و هاوپەیمانییەکان، دروشم و وێنەی کاندیدەکانیان لەسەر شەقام و شۆستەی شارەکانی عێراق و بەتایبەتی بەغدای پایتەخت داناوە.

پێدەچێت ئەم هێزانە فێڵێکی پڕوپاگەندەیان داڕشتبێت، بۆ خۆدزینەوە لەو سزایانەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەسەر حیزبە بەشداربووەکاندا دەیسەپێنێت، لە کاتێکدا پێش وادەی دیاریکراو بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دەستپێبکەن. ئەم فێڵە بریتییە لە دوورکەوتنەوە لە باسکردنی ژمارەی هاوپەیمانی هەڵبژاردن و سی ڤی کاندیدەکان، لەسەر ئەو پۆستەرانەی کە لە شەقامەکاندا دانراون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی