ڕووە تاریکەکەی دوبەی؛ نهێنیی باندێکی بازرگانی سێکسی و مردنی گوماناویی کچان

#BBC#باندێکی بازرگانیی سێکسی#مردنی گوماناوی#دوو کچ
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • لە شۆفێریی پاسی لەندەنەوە بۆ سەرۆکی باندێکی سێکس لە دوبەی؛ چارڵز موێسیگوا کێیە و بۆ وا دەکات؟
  • "پیسایی پێ خواردن" و "دەستدرێژیی بەکۆمەڵ" لە بەرامبەر 4000 دۆلاردا؛ چیرۆکی ئەو کچە ئۆگەندییانەی کە لە دوبەی ناچار بە کاری سێکسیی نامۆ کراون.
  • "مۆنیک یەکەم کەس نییە کە مردووە و دوا کەسیش نابێت" هەڕەشە ترسناکەکەی سەرۆکی باندەکە و مردنی گوماناویی دوو کچ کە پۆلیسی دوبەی بە "خۆکوشتن" تۆماری کردووە.
  • "ئێوەی ئەفریقیی خۆتان کێشە بۆ یەکتر دروست دەکەن" وەڵامی پۆلیسی دوبەی بۆ کچێکی قوربانی کە داوای یارمەتیی کردبوو.
  • تەرمی مۆنیک هەرگیز نەدرایەوە بە خێزانەکەی و لە گۆڕستانی "نەناسراوەکان"ی دوبەی نێژرا. چیرۆکی ئەو کچانە بە کوێ گەیشتووە کە هێشتا لەوێ ئازار دەچێژن؟
Primary Asset

سبەی

لە پشت دیمەنە درەوشاوەکەی دوبەیەوە، جیهانێکی تاریک لە بازرگانیی سێکس و سووکایەتیپێکردنی مرۆڤ بوونی هەیە. بنکۆڵکارییەکی شۆکهێنەری BBC، نهێنیی تۆڕێکی مەترسیدار و مردنی گوماناویی دوو کچی ئۆگەندی ئاشکرا دەکات کە بە هیوای کارکردن لە سوپەرمارکێتەوە چوونەتە دوبەی، بەڵام ناچار کراون کاری لەشفرۆشی بکەن و دواتریش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە.

ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی BBC، ناسنامەی ئەو پیاوەی ئاشکرا کرد کە لەنێو گەڕەکە گرانبەهاکانی دوبەیدا، تۆڕێکی بازرگانیی سێکسی بەڕێوە دەبات و ژنان دەکاتە قوربانی.

چارڵز موێسیگوا، کە خۆی وەک شۆفێرێکی پێشووی پاسی لەندەن ناساندبوو، بە پەیامنێرە نهێنییەکەی  BBCی وتبوو کە دەتوانێت بۆ ئاهەنگێکی سێکسی ژنیان بۆ دابین بکات کە نرخیان لە 1000 دۆلارەوە دەست پێدەکات و "نزیکەی هەر شتێک دەکەن کە موشتەری بیەوێت".

ساڵانێکە دەنگۆی ئاهەنگی سێکسیی شێتانە لە دوبەی بوونی هەیە و هاشتاگی #Dubaiportapotty زیاتر لە 450 ملیۆن جار لە تیکتۆکدا بینراوە، کە تێیدا باس لەو ژنانە دەکرێت کە بە ئەنجامدانی کاری سێکسیی نامۆ، ژیانی شاهانەی خۆیان دابین دەکەن. بەڵام بنکۆڵکارییەکە دەریخست کە ڕاستییەکە زۆر لەوە تاریکترە.

ژنانی گەنجی ئۆگەندی کە قوربانیی دەستی موێسیگوان، دەڵێن ئەوان بەو هیوایەوە هاتوونەتە دوبەی کە لە سوپەرمارکێت یان هۆتێل کار بکەن، نەک ئەوەی ناچار بکرێن کاری سێکسی بکەن. 

یەکێک لە قوربانییەکان بە ناوی خوازراوی "میا" دەڵێت، یەکێک لە موشتەرییەکان بەردەوام داوای لێدەکردن پیسایی بەسەریاندا بکات. موێسیگوا ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام بنکۆڵکارییەکەی BBC مردنی گوماناویی دوو ژنی دیکەی پەیوەست بە ناوبراوەوە ئاشکرا کرد، کە هەردووکیان لە باڵەخانەی بەرزەوە کەوتبوونە خوارەوە.

مۆنیک لە گوندێکی ئۆگەندا لەگەڵ 10 خوشک و برادا گەورە ببوو

مۆنیک: ئەو کچەی بە هیوای کارکردن لە سوپەرمارکێتەوە هات، بووە قوربانی

مۆنیک کارونگی، یەکێک بوو لە قوربانییەکان. کچێکی هاوڕێی بە ناوی خوازراوی "کێیرا" دەڵێت، لە ساڵی 2022دا مۆنیک لەگەڵ نزیکەی 50 کچی تردا لە شوقەیەکدا دەژیان کە وەک "بازاڕ" وابوو. مۆنیک زۆر دڵتەنگ بوو چونکە بە هیوای کارکردن لە سوپەرمارکێت هاتبوو، نەک کاری سێکسی.

تاوەری وەرسان لە دوبەی؛ ئەو شوێنەی مۆنیک کارونگی لە مانگی ئایاری 2022دا لێی کەوتە خوارەوە

قوربانییەکی دیکە بە ناوی "میا" دەڵێت کاتێک ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، موێسیگوا توندوتیژیی بەرامبەر کردووە و پێی وتووە 2700 دۆلار قەرزداریەتی، کە لە ماوەی دوو هەفتەدا قەرزەکەی کردووە بە دوو هێندە. "میا" دەڵێت: "پارەی بلیت، ڤیزا، خواردن... هەمووی دەکاتە قەرز. ئەمەش واتە دەبێت زۆر زۆر کار بکەیت و لە پیاوان بپاڕێیتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵت بخەون." خزمێکی مۆنیک دەڵێت قەرزەکەی مۆنیک لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتبووە 27 هەزار دۆلار.

موێسیگوا مۆڵەتی شۆفێرییەکەی بەریتانیای نیشان دا و وتی پێشتر شۆفێری پاس بووە لە لەندەن

داواکارییە شێتانەکان و ڕەگەزپەرستی

بەپێی قسەی قوربانییەکان، زۆربەی موشتەرییەکان ئەوروپیی سپی پێست بوون و هەندێکیان داواکاریی سێکسیی زۆر نامۆیان هەبووە. "میا" دەڵێت: "موشتەرییەک هەبوو پیسایی دەکرد بەسەر کچەکاندا و دواتر ناچاری دەکردن بیخۆن." 

ژنێکی دیکە بە ناوی "لێکسی" دەڵێت موشتەرییەک پێی وتووە: “15,000 درهەم (4,000 دۆلار) دەدەین بۆ ئەوەی بە کۆمەڵ دەستدرێژیت بکەینە سەر، میزت بە ڕوودا بکەین و لێت بدەین. 5,000 درهەمی (1361 دۆلار) زیاتریشت دەدەینێ ئەگەر لە کاتی پیسایی خواردندا گرتەی ڤیدیۆیی تۆمار بکەین.”

"لێکسی" پێی وایە ئەم کارانە ڕەهەندێکی ڕەگەزپەرستییان هەبووە: "کاتێک دەموت نایکەم، زیاتر حەزیان لێی دەبوو. دەیانویست کەسێک بگری و هاوار بکات، و بە بڕوای ئەوان، دەبوو ئەو کەسە ژنێکی ڕەشپێست بێت." کاتێک "لێکسی" پەنای بۆ پۆلیسی دوبەی بردووە، پێیان وتووە: “ئێوەی ئەفریقییەکان خۆتان کێشە بۆ یەکتر دروست دەکەن، ئێمە تێکەڵی نابین.”

ترۆی دەڵێت، سەرەتا وەک شۆفێر و دواتریش وەک بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان، کاری بۆ چارڵز موێسیگوا کردووە

پەیامنێرە نهێنییەکەی BBC و دانپێدانانەکانی موێسیگوا

دوای بەدواداچوونێکی ورد، BBC  توانی شوێنی چارڵز موێسیگوا لە دوبەی بدۆزێتەوە. پەیامنێرێکی نهێنی وەک ڕێکخەری ئاهەنگی تایبەت خۆی ناساند و چاوی پێی کەوت. 

موێسیگوا بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە وتی: "نزیکەی 25 کچمان هەیە، زۆربەیان کراوەن و نزیکەی هەر شتێک دەکەن کە موشتەرییەکان بیانەوێت." 

نرخی هەر کچێکی بۆ یەک شەو بە 1000 دۆلار دیاری کرد و وتی بۆ "کاری شێتانە" نرخەکە بەرزتر دەبێتەوە. کاتێک پرسیاری "Dubai porta potty" لێکرا، وتی: "پێم وتی هەموویان کراوەن... شێتانەترینەکەت بۆ دەنێرم." موێسیگوا وتبووی کە پێشتر لە لەندەن شۆفێری پاس بووە و ئەوەندە چێژ لەم کارە دەبینێت “ئەگەر ملیۆنێک پاوەندیشم بۆ دەرچێت، وازی لێناهێنم.”

دوا سێڵفیی مۆنیک، پێش ئەوەی گیان لەدەست بدات

مردنی گوماناویی دوو کچ و بێدەنگیی پۆلیس

بنکۆڵکارییەکە مردنی گوماناویی دوو کچی ئۆگەندی ئاشکرا کرد کە پەیوەندییان بە موێسیگواوە هەبووە. مۆنیک کارونگی لە 1ی ئایاری 2022، تەنها دوای چوار مانگ لە گەیشتنی بە دوبەی، لە باڵکۆنی شوقەیەکەوە کەوتە خوارەوە. 

بەپێی قسەی هاوڕێکانی، مۆنیک کاری ڕاستەقینەی دۆزیبووەوە و دەیویست لە تۆڕەکە بچێتە دەرەوە، بۆیە بەردەوام لەگەڵ موێسیگوا کێشەی هەبووە. 

دوای مردنی، خزمێکی مۆنیک لە دوبەی ڕووبەڕووی موێسیگوا بووەتەوە و ئەویش بە هەڕەشەوە پێی وتووە: “25 ساڵە لە دوبەیم، دوبەی هی منە... ناتوانیت ڕاپۆرتم لێبدەیت. من لە باڵیۆزخانەش گەورەترم. مۆنیک یەکەم کەس نییە کە مردووە و دوا کەسیش نابێت.”

کچێکی دیکە بە ناوی کایلا بیرونگی لە ساڵی 2021دا بە هەمان شێوە لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە کەوتە خوارەوە کە دواتر دەرکەوت لەلایەن موێسیگواوە بەڕێوە دەبرا. 

کایلا بیرونگی، کچێکی دیکەی ئۆگەندی بوو کە ئەویش لە باڵەخانەیەکی بەرزی دوبەیەوە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا

لە هەردوو حاڵەتەکەدا، پۆلیس ڕووداوەکەی وەک "خۆکوشتن" تۆمار کرد و ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک بە BBC بدات. تەرمی مۆنیک هەرگیز نەدرایەوە بە خێزانەکەی و پێدەچێت لە گۆڕستانی "نەناسراوەکان"ی دوبەی نێژرابێت

موێسیگوا هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و وتی: "ئەمانە هەمووی قسەی هەڵبەستراون. من تەنها ڕێکخەری ئاهەنگم و کچەکان خۆیان دێنە لام." 

بەڵام خێزانی قوربانییەکان ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر هیچ شتێک نەکرێت، کچی دیکەش ببنە قوربانی. خزمێکی مۆنیک دەڵێت: "ئێمە هەموومان باسی مردنی مۆنیک دەکەین، بەڵام کێ ئاگای لەو کچانە دەبێت کە هێشتا لە ژیاندان و لەوێ ئازار دەچێژن؟"

خێزانەکەی مۆنیک لە گوندەکەیان لە ئۆگەندا دەڵێن، "ئەو هەمیشە خەونی بە ژیانێکی باشترەوە دەبینی

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی