یەکجار ماددەى پاراستن چالاککراوە؛ ئایا ناتۆ تورکیا لە هێرشى ئیسرائیل دەپارێزێت؟

#تورکیا#ئیسرائیل#ناتۆ
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • مادەکانی چوارەم و پێنجەمی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، پایە بنەڕەتییەکانی دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاوپەیمانان و سەقامگیری ئەندامانی رێکخراوەکەیە، کە لە ساڵی 1949ەوە دامەزراوە.
Primary Asset

سبەى

دوابەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر و بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، ئێستا سەرنجەکان روو لە تورکیان کە ئەندامى هاوپەیمانى ناتۆیە، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرچاوەکان دەڵێن، رەنگە ببێتە ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل. 

مادەکانی چوارەم و پێنجەمی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، پایە بنەڕەتییەکانی دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاوپەیمانان و سەقامگیری ئەندامانی رێکخراوەکەیە، کە لە ساڵی 1949ەوە دامەزراوە.

مادەی چوارەم میکانیزمێک بۆ راوێژکاری خێرا و هەماهەنگی هاوبەش بۆ وڵاتانی ئەندام دابین دەکات، کاتێک رووبەڕووی هەر مەترسییەک دەبنەوە، لە کاتێکدا مادەی پێنجەم ئەندامانی رێکخراوەکە پابەند دەکات بە بنەمای بەرگریکردنی سەربازی بەکۆمەڵ.

مادەی چوارەم: دوگمەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و راوێژکاری بەکۆمەڵ

مادەی چوارەم رێگە بە هەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ دەدات، کە هەست دەکات یەکپارچەیی خاکی، سەربەخۆیی سیاسی، یان ئاسایشی خۆی هەڕەشەی لەسەرە، داوای راوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانان بکات بۆ بڕیاردان لەسەر رێگاکانی چارەسەرکردنی ئەو مەترسییە.

ئەم پرسە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی باکووری ئەتڵەسی (دەزگای سەرەکی بڕیاردانی سیاسی ناتۆ) بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوپەیمانان. کە لەوانەیە ببێتە هۆی بڕیارێکی هاوبەش، یان کردەوەیەک بەناوی هاوپەیمانییەوە.

چالاککردن

لە کاتی دامەزراندنیەوە، واتە لە ساڵی 1949 تاکو ساڵی 2025  مادەی  چوار، هەشت جار چالاککراوە بەمشێوەیەی خوارەوە:

- 19ی شوباتی 2003:  تورکیا داوای هاوکاریی بەرگریی کرد، بۆ لێکۆڵینەوە لە مەترسییە ئەگەرییەکانی جەنگ لە عێراق.

- 22ی حوزەیرانی 2012: دوای خستنەخوارەوەی فرۆکەیەکی تورکی لەلایەن سوریاوە، تورکیا داوای کۆبوونەوەی راوێژکاری کرد.

- 3 مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2012: تورکیا دوای کوژرانی 5 هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی سوریاوە، داوای جێگیرکردنی سیتسمی پاتریۆتی لە سنوری خۆی لەگەڵ سوریادا کرد.

- 3ی ئاداری 2014: پۆڵەندا بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا مادەکەی چالاککرد.

- 26ی تەمموزی 2015: تورکیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد سەبارەت بە "هێرشی تیرۆریستی" و رێوشوێنەکانی بەرزکردنەوەی ئاسایشی تورکیا لە سوریا.

- ڕۆژی 28ی شوباتی 2020: تورکیا داوای راوێژکاری کرد، دوای کوژرانی ژمارەیەک سەربازی لە خاکی سوریادا.

- 24ی شوباتی 2022: هەشت دەوڵەتی ئەوروپای رۆژهەڵات (بولگاریا، کۆماری چیک، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، رۆمانیا و سلۆڤاکیا) داوای کۆتایی هاتنی جەنگی رووسیایان لە دژی ئۆکرانیا کرد.

- 10ی ئەیلولی 2025: پۆڵەندا بەپێی مادەی 4 داوای راوێژکاری کرد، ئەمەش دوای پێشێلکردنی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی رووسیاوە.

مادەی پێنجەم: هێڵی بەرگری هاوبەش

ئەم مادەیە ناوەڕۆکی پەیماننامەی دامەزراندنی ناتۆیە. کاتێک پەیماننامەکە لە ساڵی 1949 واژۆ کرا، ئامانجی سەرەکیی دامەزراندنی پەیمانی هاوکاری یەکتری بوو، لە دژی هەر هەوڵێکی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ فراوانکردنی کاریگەرییەکانی لە ئەوروپا.

بەپێی مادەی پێنجەم، لایەنەکان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە "هێرشی چەکداری دژی یەکێکیان لە ئەوروپا یان ئەمەریکای باکوور، بە هێرشکردنە سەر هەموویان هەژمار دەکرێت".

کاتێک بابەتەکە لە کۆتاییەکانی چلەکاندا داڕێژرا، ئەوروپییەکان جەختیان لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی دەستێوەردانی ئۆتۆماتیکی ئەمریکا کردەوە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هەر ئەندامێک. بەڵام واشنتۆن رەتیکردەوە بە تەواوی پابەند بێت. دەقەکە بە نەرمی داڕێژرا، رێگەی بە هەر دەوڵەتێک درا، کە فۆرم و ناوەڕۆکی بەشدارییەکەی بەپێی بارودۆخ و تواناکانی خۆی دیاری بکات.

چالاککردن

مادەی پێنجەم لە دوای دامەزراندنی هاوپەیمانییەکە، تەنها جارێک پەنای بۆ بردراوە، بەدیاریکراوی لە 11ی ئەیلوولی 2001، دوای هێرشە تیرۆریستیەکەی نیویۆرکی ئەمەریکا، هاوپەیمانان ئەو مادەیەیان چالاککرد.

ناتۆ یەکەم ئۆپەراسیۆنی مادەی پێنجەمی خۆی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی هاریکاری هەڵۆ دەستپێکرد و فڕۆکەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، بۆ پاراستنی ئاسمانی ئەمریکا لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری 2001 تا ناوەڕاستی مانگی ئایاری 2022 جێگیرکرا.

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا پەیمانی ناتۆ تاقیدەکاتەوە

ئینیس بایراکلی شارەزای سیاسی تورکیا هۆشداریی دا، کە هەر هێرشێکی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر تورکیا و بێ دەنگی ئەندامانی ناتۆ، میکانیزمی بەرگریی بەکۆمەڵی هاوپەیمانییەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

بەیرەکلی لە وتارێکدا کە لە پێگەی Haber7 بڵاوکراوەتەوە، روونیکردووەتەوە، ئیسرائیل فشارێکی زۆری لەسەر ئەنقەرە دروستکردووە، بەجۆرێک نزیکەلەوەی بگاتە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ.

بایراکلی جەختی لەوەکردەوە، ئەنقەرە دەبێت ستراتیجی بەرگری خۆی تەنها لەسەر ئەگەری چالاککردنی مادەی 5 بنیات نەنێت، بەڵکو دەبێت پلانەکانی بەرگری بەهێز بکات، بەتایبەتی لە رووی پیشەسازییە سەربازییەکان و پەرەپێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانیەوە.

هاوکات مایکل ئۆربان کە کەسایەتییەکی دیاری لۆبی ئیسرائیلە لە واشنتۆن، داوا دەکات تورکیا لە دوای قەتەر بکرێتە ئامانج و رایگەیاند، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر تورکیا، ناتۆ بۆ یارمەتیدانی ئەنقەرە ناجوڵێت و پەیوەندی ئەردۆغان لەگەڵ ترەمپ هاوکاری ئەنقەرە ناکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی