سبەی
گروپە چەکدارەکان، ئەوانەی لەسەر شیعە هەژمارن، رێگری لە وەبەرهێنانەکانی سعودیە لە عێراق دەکەن، کە دەگاتە 100 ملیار دۆلار، ئەمەش بە هۆکارەکانی پەیوەست بە ناکۆکیی ناوخۆی خۆیان لەسەر دەستکەوت و ترس لە دامەزراندنی "هەرێمێکی سوننە".
ئەم ناکۆکییانە گەیشتوونەتە پەرلەمان و هێزەکانی نزیک لە گروپەکان، داوای کشانەوەی پڕۆژە یاسایەکی پەیوەست بەو وەبەرهێنانانەیان کردووە. ناڕەزایەتییەکان بووە هۆی راگرتنی دانیشتنەکان بۆ جاری دووەم.
پرۆژە هاوبەشەکەی عێراق و سعودیە، کە حەوت ساڵ لەمەوبەر لەسەری رێککەوتوون، وەبەرهێنان لە زەوییە بیابانییەکانی رۆژئاوای عێراق دەدات بە ریاز، وەبەرهێنانەکانیش درێژدەبێتەوە بۆ کەرتەکانی دیکەی وەک وزە و ژێرخانی ئابووری.
ئێران هێشتا ڤیتۆی لەسەر کاریگەریی ئابووری و تەنانەت سیاسی سعودیە لە عێراقدا هەیە
سەرچاوە سیاسییەکان دەڵێن "ئێران هێشتا ڤیتۆی لەسەر کاریگەریی ئابووری و تەنانەت سیاسی سعودیە لە عێراقدا هەیە، سەرەڕای ئەو لێکنزیکبوونەوەیەی، کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە نێوان هەردوو وڵاتدا روویدا".
لە ساڵی 2023 تاران و ریاز قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانیان دەستپێکرد، دوای گرژییەکان کە لە ساڵی 2016 ەوە بەردەوام بوو، بەدیاریکراوی دوای هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و کونسوڵخانەکەی لە مەشهەد، ئەمەش لە کاردانەوەی لەسێدارەدانی نەمر ئەلنەمر، پیاوی ئایینی شیعە لەلایەن سعودیەوە.
سەرچاوە عێراقییەکان کە لە ساڵی 2018ەوە بەدواداچوون بۆ سەرەتای دۆسیەی وەبەرهێنانی سعودیە دەکەن، ئاماژە بەوە دەکەن کە "گروپە چەکدارەکان کە کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکانیان کردووە، ئێستا کێبڕکێ دەکەن بۆ وەبەرهێنان لەو شوێنانە، بە مەبەستی پێکانی دوو ئامانجیان، یەکەمیان بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی داراییە، دووەمیان جێبەجێکردنی ئامانجی ئێرانە، کە رێگری لە هاتنە ناوەوەی سعودیە بۆ عێراق دەکات ".
لە سەردەمی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی (2018) ئەنجومەنی هەماهەنگی لە نێوان عێراق و سعودیە پێکهێنرا، هەروەها چەندان رێککەوتن واژۆ کرا، کە دیارترینیان وەبەرهێنانی سعودیە بوو لە ناوچە بەرفراوانەکانی خاکی عێراق، کە لە سنووری نێوان هەردوو وڵات درێژدەبێتەوە تا دەگاتە بیابانەکانی کەربەلا و موسەننا و نەجەف.
لەو کاتەدا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی داوای وەستاندنی پڕۆژەکەی کرد، بە بیانوی کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەروەری عێراق، هەروەها زیانە ئەگەریییەکان بە یەدەگی ئاوی ژێرزەوی ستراتیجی وڵاتەکە.
هاوکات قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەوەی بە هەوڵەکانی "رژێمی سعودیە" بۆ دەستبەسەرداگرتنی رووبەرێکی فراوان لە خاکی ئەنبار، نەجەف، موسەننا و بەسرە لە ژێر پەردەی وەبەرهێناندا وەسفکرد.
لە بەرانبەردا وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لەو کاتەدا ئەو کەسەی بە "بریکارەکانی ئێران لە عێراق" ناو دەبرد و ئاماژەی بەوەشکرد، "بریکارەکانی ئێران لە عێراق وەبەرهێنانەکانی سعودیە رەتدەکەنەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی بەغداد تەنها لە تاران سنووردار بمێننەوە".
سەرەڕای ئاساییبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ئێران و سعودیە، سەرچاوە سیاسییەکان دووپاتیان کردووەتەوە، کە "ناڕەزایەتییەکان هەر ماون و هەندێکیش بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە رەنگە ئەم وەبەرهێنانانە هاندەری پێکهێنانی هەرێمێکی سوننە بێت".
لە ساڵی 2023 شاندێکی وەزارەتی وەبەرهێنانی سعودیە و سندوقی گەشەپێدانی سعودیە سەردانی عێراقیان کرد و لەگەڵ عەباس جەبر عەلیاوی وەزیری کشتوکاڵ کۆبوونەوە، کە جەختی لەسەر پێویستی عێراق بۆ وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و وزەی هاوچەرخ کردەوە.
لە بەرانبەردا شاندی سعودیە خواستی خۆیان دەربڕی بۆ چوونە ناو بازاڕی عێراق و بەشداریکردن لە پڕۆژەی گەشەپێدانی جۆراوجۆردا. لە ساڵی 2022دا ریاز نزیکەی 24 ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لە پێنج پایتەختدا تەرخانکرد، لەنێویاندا بەغداد.
رەوانەکردنی قەیرانەکان بۆ پەرلەمان
یاسر حوسێنی، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق بە ئەلمەدای راگەیاند: رێککەوتنی وەبەرهێنانی سعودیە رەوانەی وۆرک شۆپی یاسایی کراوە بۆ گفتوگۆکردن، حکومەتیش تا ئێستا پەسەندی نەکردووە.
حوسێنی روونیکردەوە، ئەو رێککەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی و لە لیژنەی ئابووریدا باسی لێوە نەکراوە.
دوای دواخستنی دانیشتنەکە، سعوود ساعدی پەرلەمانتار (کوتلەی حقوق – باڵی سیاسی کەتیبەکانی حزبوڵڵا) و ژمارەیەک پەرلەمانتار داوای کشانەوەی یاسای ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و سعودیەیان کرد.
ساعدی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە پێداگری پەرلەمان لەسەر خستنەڕووی یاساکە سەریان سوڕماوە، بەتایبەتی کە یەکێکە لە پرۆژەکانی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو رێککەوتنە ملیۆنان دۆنم زەوی لە ناوچەکانی رۆئاوا و باشووری عێراق بۆ بەرژەوەندی سعودیە زەوت دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، "رێککەوتنەکە رێگە بە گواستنەوەی دارایی دەدات، بۆ سعودیە بەبێ مەرج و سنووردارکردن و پارێزگارییەکی ناوازە بۆ کۆمپانیاکانیان دابین دەکات، ئەمەش زیان بە بەرژەوەندی نیشتمانی عێراق دەگەیەنێت"، پرۆژەکەی بە "داگیرکاری سعودیە نەک وەبەرهێنان" وەسفکرد.
جەختیشی کردەوە، کە زیاتر لە 100 ئەندامی پەرلەمان داوایەکیان واژۆ کردووە و دژی خستنەڕووی رێککەوتنەکە وەستاونەتەوە.
عێراق و سعودیە لە مانگی کانوونی دووەمی 2023 رێککەوتنی هاوبەشییان بۆ وەبەرهێنانی پیشەسازی کەرتی تایبەت واژۆ کرد. هەروەها خالید فالح وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە توێژینەوەیەکی سەبارەت بە دەستپێکردنی یەکەم ناوچەی ئابوری ئازاد لەگەڵ عێراق لە عەرعەر راگەیاند.
بەگوێرەی لێدوانەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لە عێراق لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، گەیشتووەتە نزیکەی 100 ملیار دۆلار.
سودانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە نیسانی 2023 پشتڕاستی کردەوە کە "محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ وەبەرهێنانی 100 ملیار دۆلار لە عێراق".