وێنەی کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران
سبەی
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاوكردەوە، كە هەناردەكردنی نەوت و داهاتە نانەوتیەكان و مووچە تاوتوێكرا، بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش " حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەرك و پابەندییە دەستوورییەكانی بە زیادەوە جێبەجێ كردووە".
لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا هاتووە:"ئەمڕۆ سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانمان كرد، دوا پێشهاتەكانی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەكان و مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاوتوێكردنی میكانیزم و ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی پابەندیی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستانمان تاوتوێ كرد".
"دووپاتمان كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەرك و پابەندییە دەستوورییەكانی بە زیادەوە جێبەجێ كردووە و هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو كێشە و ئاستەنگ و بەربەستانە تەكنیكیانەی كراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە ، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجكردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی كوردستان كە مافێكی یاسایی و ڕەوای خۆیانە، مووچەكانیان لەلایەن حكومەتی فیداڵەوە بنێردرێت".
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە "پاشان ئەندامانی شاندی دانوستانكار، وردەكاریی دوا پێشنیاری هاوبەشی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە پەلەكردن لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند كرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، پەسەند كرا و ڕەوانەی بەغدا كرا".
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوە، بەپێی راگەیەندراوەكە "ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بابەتی هاوئاهەنگیی تایبەت بە ڕێكارە داراییەكان لە ناویشیاندا بابەتی باجەكان لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كرد، ئەویش بە ڕەچاوكردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەكانی هەرێم وەك لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر كراوە، لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی فیدڕاڵیی، مافی پیادەكردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستووریەكانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەكانی هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد كە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هاوئاهەنگیی و هاریكاریی و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵ بدەن".
پێشتر وتەبێژی حكومەت روونكردنەوەیدا
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم رۆژی 17ی ئەیلول لەرونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد، لەكۆبونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 48 كاتژمێر دراوەتە وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەوەی بابەتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت.
وتیشی كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت ڕازیبوون بەوەی بەپێی یاساكانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و دەستبەرداری ئەو بابەتە بوون كە بە یاسا بیانییەكان مافی ئەوان پارێزراو بێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان نوسراوی فەرمیكردووە كە بەشە نەوتی خۆی ڕادەستی سۆمۆ بكات.
پێشەوا هەورامانی بەپێویستی دەزانێت لەگەڵ ڕادەستكردنی نەوت موچەی مانگی ۷ و مانگەكانی دواتری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت.
"لە ئەسڵی بابەت، هیچ كام لەم ڕێوشوێنانە پێویست نەبوون، هیچ هۆكارێك نییە بۆ نەناردنی موچەی هەرێمی كوردستان و تەنها یاساكانی بودجەو یاسای كارگێڕی دارایی و دەستور ببنە ناوبژیوان ئەوا یەك هۆكاریش نامێنێت بۆ خەرجكردنی مووچە لەپاڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی، حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم داواكارییەكان و ئەركەكانی سەرشانی خۆی جێبەجێكردون و نەناردنی مووچە بێ پاساوە!"، پێشەوا هەورامانی وایوت.
دەشڵێت، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایبوونەوە چووەو رۆژانە بڕی ۲۳۳ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت، دەستپێكردنی ناردنە دەرەوەی نەوت لە خزمەت دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان دەبێت.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم جەختیكردەوە، هەموو هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی حكومەتی فیدراڵ لەو پێناوەیە كە هیچ موچەیەكی موچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت. لەبابەتی داهاتی ناوخۆش یاسا چی بۆ ئێمە دیاریكردووە پێوەی پابەندن بێ زیاد و كەم.
پرۆسەیەكی ئاڵۆز
دوای تەواوكردنی پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ و ئەو رێككەوتنە سێ قۆڵییەی پێشنیازكراوە لەو بارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەكۆبوونەوەی رۆژی 16ی ئەیلول پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی تاوتوێكرد و بەشێوەیەكی سەرەتایی رێككەوتنی سێ قۆڵی لەو بارەیەوە پەسەندكرد و رەوانەی لیژنەی راوێژكاری وەزارەتی نەوتی كرد بۆ ئەوەی لە 48 كاتژمێردا بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە بخاتەڕوو.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ “سبەی” ئاماژەی بەوەكرد، پڕۆسەكە ئاڵۆزە و رێككەوتنی لەو شێوەیە ئەگەرچی هێشتا پەسەندنەكراوە واژۆش بكرێت تەنها تا كۆتایی ئەمساڵ دەڕوات و پێویستە دواتر رێككەوتنی نوێ بكرێت.
جەختیشیكردەوە، سۆمۆ هەموو ئامادەكارییەكانی بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم تەواو كردووە و لە سنوری زاخۆ تیمی تایبەتی هەیە بۆ وەرگرتنی نەوت و رەوانەكردنی بۆ بەندەری جەیهان.
بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە 60%ی لەلایەن گروپی ئەپیكۆرەوە بەرهەمدەهێنرێت كە هەشت كۆمپانیای بیانی لەخۆ دەگرێت، ئەوەی كە دەمێنێتەوە 40%ی كۆی بەرهەمی نەوت پێكدەهێنێت لەلایەن پێنج كۆمپانیای دیكەوە بەرهەمدەهێنرێت.
دوو پێشنیاز
سەرچاوەكان دوو پێشنیازی رێككەوتنە سێ قۆڵییەكە ئاشكرادەكەن كە یەكەمیان بریتییە لەوەی پشكی حكومەتی هەرێم لەو نەوتە ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت، یان بۆ هەناردەكردن یان بەكارهێنانی ناوخۆیی لە ناوخۆی عێراق، سەرباری تەرخانكردنی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان.
بەپێی پێشنیازەكەی دیكە، حكومەتی هەرێم بەرهەمی ئەو كێڵگە نەوتیانەی كە لە دەرەوەی ئەپیكۆر بەڕێوەدەبرێن ڕادەست دەكات. واتە نەوتی شەش كێڵگە، لەوانە خورمەڵە و چەند كێڵگەیەكی بچووكتر وەك هەریر، گەرمیان.
سەبارەت بە تێچووی كۆمپانیاكان، بەغداد رازیبووە بە نەوت قەرەبووی كۆمپانیاكان بكاتەوە نەك پارەی كاش، بەڵام دیار نییە پێوەرەكان بۆ هەژماركردنی 16 دۆلاری تێچووی بەرهەمهێنان، لەسەر بنەمای نرخە نێودەوڵەتییەكان دەبێت یان نرخی كەمتر كە ئەم كۆمپانیایانە لە ئێستادا پێی دەفرۆشن (نزیكەی ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك).
سەرچاوە ئاگادارەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق وتی لە ئەگەری رێككەوتنی تەواوەتی لەسەر ئەو پرسە، پێویستە نرخەكان دیاری بكرێن، بۆ دیاریكردنی پشكی كۆمپانیاكان لەو نەوتەی هەناردە دەكرێت.
تا ئێستا دیار نییە گروپی ئەپیكۆر كە پێشتر جەختی لە رێككەوتنی نوسراو دەكردەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ئامادەیە نەوت رادەستی سۆمۆ بكات یاخود نا، تەنها وتەبێژی گروپەكە جەختیكردووەتەوە كە لەبری پارەی كاش تێچووی بەرهەمهێنان بە نەوت وەردەگرن.