سوپای ئیسرائیل گەیشتووەتە شاری غەززە؛ دانیشتوانی ‌غەززە لە هەوڵی دەربازبوندان لە شارەكە

#کەرتی غەززە#شاری ‌‌غەززە#ئیسرائیل
2 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • دوێنێ سێشەممە (16ـی ئەیلوولی 2025)، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی رۆشتنە ناو شاری غەززە راگەیاند
  • لە دوێنێوە هەزاران هاوڵاتیی شاری غەززە لە هەوڵدان شارەكە چۆڵ بكەن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەوە رێگاكانی دەرچوون لە شارەكە گیراون
Primary Asset

دیمەنی هەڵهاتنی دانیشتوانی شاری غەززە

سبەی

سوپای ئیسرائیل گەیشتووەتە شاری غەززە دەستی بە كێوماڵكردنی شارەكە كردووە. لەگەڵ گەیشتنی سوپای ئیسرائیل بۆ شارەكە، هەزاران كەس لە دانیشتوانی غەززە لە هەوڵدان شارەكە بەجێبهێڵن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەوە دەرچوون لە شارەكە ئەستەم بووە.

دوێنێ سێشەممە (16ـی ئەیلوولی 2025)، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی رۆشتنە ناو شاری غەززە راگەیاند.

لە دوێنێوە هەزاران هاوڵاتیی شاری غەززە لە هەوڵدان شارەكە چۆڵ بكەن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەوە رێگاكانی دەرچوون لە شارەكە گیراون.

هەرچەندە لە 9ـی ئەیلوولی 2025ـەوە ئیسرائیل ئاگاداری دانیشتوانی شاری غەززەی كردەوە شارەكە بەجێبهێڵن، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی شاری غەززە بە دەم بانگەوازەكەی ئیسرائیلەوە نەڕۆشتوون، ئێستا بە شێوەیەكی ئەستەم و بە پارەیەكی زۆر شارەكەیان بەجێدەهێڵن.

هەرچەندە هێشتا سەدان هەزار ‌‌هاوڵاتیی لە شارەكە گیریان خواردووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی باڵەخانە و تونێلەكانی حەماس.

بەپێی راگەیەندراوی ئەمڕۆ چوارشەممە (17ـی ئەیلوولی 2025)ـی سوپای ئیسرائیل، لە دوێنێ شەوە، هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل 50 ئامانجیان لە شارەكە پێكاوە، لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا كۆی گشتی 140 ئامانج لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانجگیراون.

بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی بی بی سی بەریتانی، بەهۆی گران كرێی گواستنەوەوە ژمارەیەك لە دانیشتوانی غەززە ناتوانن شارەكە بەجێبهێڵن.

وەك لە راپۆرتەكەی بی بی سی-دا هاتووە، كرێی بارهەڵگرێكی بچووك بۆ گواستنەوەی كەلوپەل و ماڵی كەسێك لە شاری غەززەوە بۆ دەرەوەی شارەكە نزیكەی 900 دۆلارە، هەروەها خێمەیەك بۆ چوار كەس بە زیاتر لە 1000 دۆلار دەفرۆشرێت.

بەپێی راپۆرتی دوێنێ سێشەممەی سوپای ئیسرائیل، تا ئیستا لە كۆی یەك ملیۆن لە دانیشتوانی غەززە، 350 هەزار كەس شارەكەیان جێهێشتووە و نزیكەی 650 هەزار كەس تا ئێستا لە شارەكەدا ماون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی