بازنەی ئازایەتی وڵاتانی عەرەبی؛ هەڕەشەیەكی زۆر و دەسەڵاتێكی كەم

#ئیسرائیل#قەتەر#وڵاتانی عەرەبی#ئەمەریکا
3 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • رۆژنامەی "ئیبتكار"ی ئێرانی لە راپۆرتێكدا كە جەلال خۆش چیهرە مامۆستای زانستە سیاسییەكانی زانكۆی تاران نوسیویەتی، تیشكی خستوەتە سەر دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەلەبەرچاوگرتنی دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتێكی عەرەبی ئیسلامی و كاردانەوەی ئەو وڵاتەنە سەبارەت بە هێرشەكەی ئیسرائیل.
  • ئایا بۆ نموونە دەوڵەتە عەرەبییەكانی باشووری كەنداو دەبێ هێندەی ئەوروپییەكان بێهیوا بن لە پشتیوانی واشنتۆن، وەك چۆن لە پرۆسەی شەڕی ئۆكراینادا ئەزموونیان كرد؟ ئایا ئەو كردەوە سەربازییەی ئیسرائیل لەناو قەتەر و تەنیشت گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمەریكا لەو وڵاتەدا بەو مانایە نییە كە واشنتۆن هێندە دەستی بنیامین نەتەنیاهۆی ئاواڵا كردووە كە وەك ئەو وتە بەناوبانگەی لەناو سیاسەتمەداراندا دەوترێ، "ئازادكردنی ئاژەڵێكی هار لە دارستانی سیاسەتدا" وایە؟. ئەمەش پرسیاری راپۆرتەكەی رۆژنامەی ئیبتیكاری ئێرانییە.
Primary Asset

سبەی

دەوڵەتە عەرەبییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی باشوری كەنداو پێویستیان بەوەیە لەخۆیان بپرسن " ئەگەر واشنتن سەرەڕای بوونی هێزی سەربازی بەرفراوان لە ناوچەكەدا، بڕیار نییە هاوكارییان بكات، قازانجی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریكا چییە؟ 

رۆژنامەی "ئیبتكار"ی ئێرانی لە راپۆرتێكدا كە جەلال خۆش چیهرە مامۆستای زانستە سیاسییەكانی زانكۆی تاران نوسیویەتی، تیشكی خستوەتە سەر دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەلەبەرچاوگرتنی دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتێكی عەرەبی ئیسلامی و كاردانەوەی ئەو وڵاتەنە سەبارەت بە هێرشەكەی ئیسرائیل.

ڕەنگە وا بیر بكرێتەوە كە ئێستا كاتی ئەوەیە سەركردەكانی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی توانای خۆیان نیشان بدەن؟

لەبەشێكی راپۆرتەكەدا هاتووە: دوابەدوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر كە تێیدا سەركردەكانی حەماس كرانە ئامانج، ڕەنگە وا بیر بكرێتەوە كە ئێستا كاتی ئەوەیە سەركردەكانی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی توانای خۆیان نیشان بدەن و كاردانەوەیەكی بەرچاویان بێت، سەرەڕای ئەوەی كۆبوونەوەی خێرای لوتكەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە قەتەر بەڕێوەچوو، بەڵام جگە لە راگەیەندراوێكی ڕواڵەتی نەتوانرا هیچ جۆرە بڕیارێك بۆ تۆڵەسەندنەوەیەكی كردەوەیی بدرێت، ئەوەش پرسیارێكی لەناو میدیاكان و شارەزایانی سیاسی ورووژاندوە ئایا لە داهاتوودا كاردانەوەیەكی رژد لەلایەن ئەو وڵاتانەوە دەبینرێت یان هێڵی نێوان "بانگەشە و هەڕەشە" و "بەكردەوەیی كردنی دەسەڵات و هێز" هەر وەك رابردوو بە بەهێزی ماوەتەوە؟

لە درێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە: هێرشی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە و بەئامانجگرتنی بەشێك لە سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماس لە پایتەختی یەكێك لە هاوپەیمانە نزیكەكانی واشنتۆن، جیهانی تووشی سەرسوڕمان كرد، ئەم هێرشە گومانی زیاتری خستتوەتە سەر سروشتی هاوپەیمانێتی و یەكگرتوویی و رێككەوتنە ئەمنییەكانی نێوان واشنتن و هاوپەیمانەكانی نەك تەنها لە وڵاتانی عەرەبی كەنداو، بەڵكو لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا، پرسیارەكە گرنگەكە لێردەدا ئەوەیە، ئاستی پشتیوانی ئەمەریكا لەو وڵاتانە لە ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانەكان چەندە؟ 

دەوڵەتە عەرەبییەكانی باشووری كەنداو دەبێ هێندەی ئەوروپییەكان بێهیوا بن لە پشتیوانی واشنتۆن؟

ئایا بۆ نموونە دەوڵەتە عەرەبییەكانی باشووری كەنداو دەبێ هێندەی ئەوروپییەكان بێهیوا بن لە پشتیوانی واشنتۆن، وەك چۆن لە پرۆسەی شەڕی ئۆكراینادا ئەزموونیان كرد؟ ئایا ئەو كردەوە سەربازییەی ئیسرائیل لەناو قەتەر و تەنیشت گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمەریكا لەو وڵاتەدا بەو مانایە نییە كە واشنتۆن هێندە دەستی بنیامین نەتەنیاهۆی ئاواڵا كردووە كە وەك ئەو وتە بەناوبانگەی لەناو سیاسەتمەداراندا دەوترێ، "ئازادكردنی ئاژەڵێكی هار لە دارستانی سیاسەتدا" وایە؟. ئەمەش پرسیاری راپۆرتەكەی رۆژنامەی ئیبتیكاری ئێرانییە.

پرسیارێكی دیكەی ئەو رۆژنامە ئێرانییە ئەوەیە، ئایا سەردانەكەی مارك ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل و پاڵپشتییە ئاشكراكانی بۆ ڕێبازی سیاسی-سەربازی تەلئەڤیڤ بۆ پاراستنی هاوبەشەكەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو مانایە نییە كە بەرژەوەندی واشنتۆن- تەلئەڤیڤ لە تێكدانی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە؟

درێژەی راپۆرتەكە نوسیویەتی: لەو حاڵەتەدا ئایا كاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی بە دەڕبڕینی هەڕەشە و تووڕەییە گشتییەكان كە هەمیشە لەم جۆرە كۆبوونەوانەدا چاوەڕوان دەكرێت، ڕازی دەبن؟ یان ئیرادەیەك بۆ گۆڕینی ئەو پرۆسەیە دەردەبڕن كە هەوڵدەدات ئیسرائیل بكاتە هێزێكی باڵادەست و هەژموونگەر لە ناوچەكەدا. 

ئایا بەرژەوەندی ستراتیژی و ئەمنی و ئابووری و تەنانەت یەكپارچەیی خاكی وڵاتانی عەرەبی و حكومەتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەنجامدا وڵاتانی ئیسلامیش دەتوانێت لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانی واشنتۆن و تەلئەڤیڤ بەدوایدا دەگەڕێت بگونجێت؟

"ستراتیژی ئیسرائیل بە تایبەت لە دوای (7ـی ئۆكتۆبەری 2023) لە هەموو شتێك زیاتر پشت بەو پشتیوانییە دەبەستێت كە ئەمەریکا پێشكەشی دەكات، لەم حاڵەتەدا حكومەتە عەرەبییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی باشووری كەنداو پێویستیان بەوەیە لەخۆیان بپرسن: ئەگەر ئەمەریكا سەرەڕای بوونی ئامادەیی سەربازی بەرفراوان لە ناوچەكەدا، بڕیار نییە لە قەیرانە ئەمنییەكان یارمەتیان بدات، بەپێچەوانەوە ئەو هاوپەیمانیە چ قازانجێكی هەیە؟" ئەمەش بەپێی راپۆرتەكەی رۆژنامەی "ئیبتكار" ی ئێرانی.

"كێشەكە بازنەی ئازایەتی دەوڵەتانی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامییە"

راپۆرتەكە هەروەها نوسیویەتی: بە گوێرەی شارەزایانی سیاسی، كێشەكە بازنەی ئازایەتی دەوڵەتانی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامییە، ماوەیەكی زۆر دۆزی فەلەستین و ناسنامەی عەرەبی- ئیسلامی، چرای ئەوان بوو لە دژی دەستدرێژیەكانی تەلئەڤیڤ، ئێستا زۆرێك لەو وڵاتانەی كە پێشتر باس كرا لە هاوبەشە بازرگانییەكان یان هاوپەیمانە سەربازییەكانی واشنتۆن- تەلئەڤیڤ خۆیان دەبیننەوە.

"شانازی و شكۆی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی دەیان ساڵە لەژێر لێدانی ئەم دوو هاوپەیمانەدایە، زیادبوونی كاولكاری غەززە و ئاوارەبوونی ملیۆنان عەرەبی فەلەستینی جگە لە كاردانەوەی رواڵەتی هیچی دیكەی لێنەكەوتووەتەوە و تەنها بە دەركردنی چەندین بەیاننامە و نكۆڵیكردن سنووردا بووە و لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل هەرگیز ناچار نەبووە پاشەكشە لە بەرژەوەندییە سەربازی و سیاسییەكانی بكات".

لە كۆتایی راپۆرتی ئەو رۆژنامە ئێرانییەدا هاتووە:خستنەڕووی زنجیرەیەك چارەسەری ناڕوون و بەیاننامە  تەنیا ئاماژە بەوە دەكات كە كۆبوونەوەكانی وەك دۆحە تەنیا دەتوانن ئەوە نیشان بدەن كە هێشتا هیچ ئیرادەیەك بۆ "تاقیكردنەوەی هێز" لە بەرانبەر دەستدرێژی ئیسرائیلدا نییە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی