شەرع و نەتەنیاهۆ
سبەی
بە گوێرەی ماڵپەرێكی ئەمەریكی، ئیسرائیل پێشنیازی ڕێككەوتنێكی ئەمنیی لەگەڵ سوریا كردووە و یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی ڕێكەوتنەكە بریتییە لە پاراستنی ڕێڕەوی ئاسمانی بۆ ئێران لە ڕێگەی سوریاوە، ئەم پلانە ڕێگە بە ئەگەری هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەدات لە داهاتوودا.
ئاكسیۆس بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی ئاگادار لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە: ئیسرائیل بەر لە چەند هەفتەیەك ڕێككەوتنێكی نوێی ئەمنی پێشكەش بە سوریا كردووە، بە گوێرەی راپۆرتەكە پلانەكە نەخشەی ناوچەیەكی پارێزراو لەخۆدەگرێت لە باشوری ڕۆژئاوای دیمەشقەوە تا سنوری ئیسرائیل.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە یەكێك لە توخمە سەرەكییەكانی ڕێككەوتنەكە پاراستنی ڕێڕەوی ئاسمانی بەرەو ئێرانە لە ئاسمانی سوریا، ئەمەش ڕێگە بە ئەگەری هێرشەكانی ئەو وڵاتە دەدات لە داهاتوودا دژی ئێران.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، ئیسرائیل توانی بە لەكارخستنی بەرگرییە ئاسمانییەكانی ئێران و كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی ئاسمانی وڵاتەكە، هێرش بكاتە سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەكانی ئێران.
گرینگترین بەشەكانی ڕێككەوتننامەی پێشنیازكراوی ئیسرائیل
ڕێككەوتنە پێشنیازكراوەكە لە مۆدێلی ڕێككەوتنی ئاشتی ئیسرائیل لەگەڵ میسر لە ساڵی 1979 داڕێژراوە، مەبەست لێی جێگرتنەوەی ڕێككەوتنی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵاتە لە ساڵی 1974 كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و داگیركردنی ناوچەی پارێزراوی ئیسرائیل لە دیوی سوریا چیدیكە كاریگەری نەماوە.
بەگوێرەی پلانەكە، ناوچەكانی باشوری ڕۆژئاوای دیمەشق بەسەر سێ ناوچەی جیاوازدا دابەشدەكرێن و سوریاش دەتوانێت هێز و جۆری چەكی جیاوازی هەبێت بەپێی ناوچەكە، بە گوێرەی پێسنیازەكە ناوچەی پاراستن دوو كیلۆمەتر لە دیوی سوریا درێژدەبێتەوە و بە درێژایی ناوچەی پاراستن و نزیك لە سنوری ئیسرائیل، هێزی سەربازی و چەكی قورس قەدەغە دەكرێت، بەڵام بوونی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ڕێگەپێدراو دەبێت، تەواوی ناوچەكە لە باشووری ڕۆژئاوای دیمەشقەوە تا سنوری ئیسرائیل بە ناوچەی قەدەغەكردنی فڕین بۆ فڕۆكە سورییەكان دیاری دەكرێت.
لەبەرانبەردا ئیسرائیل پێشنیازی كردووە وردە وردە لە هەموو ئەو ناوچانە بكشێتەوە كە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە سوریا داگیری كردووە، جگە لە بنكەیەك لەسەر لوتكەی ستراتیجی جەبەل ئەلشێخ، كە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن لە هەر ڕێككەوتنێكی داهاتوودا دەبێت بۆ هێزەكانیان پارێزراو بێت و بمێنێتەوە، سوریا تا ئێستا وەڵامی ئەو پێشنیازە نەداوەتەوە و لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سەرقاڵی تاوتوێی پێشنیازەكەیە.
بڕیارە ڕۆن دێرمر، وەزیری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیل، تۆم باراك نوێنەری ئەمەریكا بۆ سوریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ئەیلول لە لەندەن كۆببنەوە. سەرچاوە ئاگادارەكان لەم بابەتە بە ئاكسیۆسیان ڕاگەیاندووە، گفتوگۆكان پێشكەوتنیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێشتا هیچ پێشكەوتنێكی بەرچاویان بەدەست نەهێناوە.
نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ترەمپ كۆدەبێتەوە
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەنیازە لە كۆتایی مانگی ئەیلولدا لە پەراوێزی كۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا كۆببێتەوە، بەڵام بە وتەی بەرپرسێكی ئیسرائیلی، ئەگەری كۆبوونەوەیەكی لەو شێوەیە لە ئێستادا كەمە، نەتەنیاهۆ هەروەها ڕایگەیاندووە، ترەمپ بانگهێشتی كۆشكی سپی كردووە بۆ كۆبوونەوەی ڕۆژی 29ی ئەیلول.
پەیوەندییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ حكومەتی نوێی سوریا ئاڵۆزە، ئیسرائیل چەندین جار هێرشی كردووەتە سەر بنكە سەربازییەكان و ناوچە هەستیارەكانی سوریا.
لە مانگی تەمموزدا، تەنانەت دیمەشقی پایتەختی سوریاش لەلایەن ئیسرائیلەوە كرایە ئامانج، بەڵام پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ ڕێبازێكی دۆستانەتر لە گەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی نوێی سوریا بگرێتەبەر و بە نهێنی كارئاسانی بۆ دیپلۆماسی نێوان ئیسرائیل و سوریا دەكات.