توركیا: سیاسەتە فراوانخوازیەكانی ئیسرائیل "مەترسیدارترین هەڕِەشە"یە بۆ سوریا و ناوچەكە

#تورکیا#ئیسرائیل#سوریا
2 مانگ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • هاكان فیدان، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "ئێم بی سی میسری" رایگەیاند:"ئیدارەی نوێی سوریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع، پەیامێكی ئەرێنی نیشانداوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەكانی ناوچەكە".
  • لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە كۆتایی ساڵی رابردوو، نێوانی توركیا و ئیسرائیل گرژی تێكەوتووە، چەند جارێك ئیسرائیل پێگەی رادار و بنكەی توركیای لە سوریا بۆردومان كردووە، جگە لەوەی چەندین جار كۆگای چەك و چەكدارانی سەر بە ئیدارەی نوێی سوریای بۆردومان كردووە كە هاوپەیمانی توركیان.
Primary Asset

هاکان فیدان

سبەی

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، رایدەگەیەنێت، "سیاسەتە فراوانخوازیەكانی ئیسرائیل مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆسەر سوریا و ناوچەكە".

هاكان فیدان، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "ئێم بی سی میسری" رایگەیاند:"ئیدارەی نوێی سوریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع، پەیامێكی ئەرێنی نیشانداوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەكانی ناوچەكە".

وەزیری دەرەوەی توركیا رونیدەكاتەوە "ئەنقەرە پەیوەندی لەگەڵ چەند دەوڵەتێكی ناوچەكە ئەنجامداوە، لەوانەش میسر، سعودیە، ئوردن، عێراق، قەتەر و ئیمارات".

فیدان دەشڵێت "لەو پەیوەندییەدا گەیشتوونەتە دیدگایەكی هاوبەش سەبارەت بەوەی لە ئیدارەی نوێی سوریا چاوەڕێی دەكەن".

وەزیری دەرەوەی توركیا باس لەوەشدەكات "قەیرانی سوریا تەنها پرسێكی ناوخۆیی توركیا نییە، بەڵكو پرسێكی هەرێمییە بەوپێیەی سنوری هاوبەشی لەگەڵ عێراق و ئوردن و لوبنان هەیە".

لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە كۆتایی ساڵی رابردوو، نێوانی توركیا و ئیسرائیل گرژی تێكەوتووە، چەند جارێك ئیسرائیل پێگەی رادار و بنكەی توركیای لە سوریا بۆردومان كردووە، جگە لەوەی چەندین جار كۆگای چەك و چەكدارانی سەر بە ئیدارەی نوێی سوریای بۆردومان كردووە كە هاوپەیمانی توركیان.

سوریا؛ خاڵێكی پێكدادان

لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێكانی نێوان ئیسرائیل و توركیا لە سوریا، تەلئەبیب مووشەك و كەرەستەی بەرگریی ئاسمانیی توركیای كردۆتە ئامانج، بە بەتایبەتی لە حومس.

بەرپرسێكی ئیسرائیلی لە 11ی ئەیلولی 2025 بە كەناڵی ئەلحەدەسی سعودی راگەیاندووە، ئەم چەكانە كە بەم دواییە گواستراونەتەوە بۆ سوریا، كەرەستەی سەربازیی توركیای تێدایە. بەو پلانانەشی توركیا هەوڵ دەدات ئیسرائیل بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی رابكێشێت.

راشیگەیاندووە "ئەگەر پێویست بكات بەرەو ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەرفراوان لە سوریا هەنگاو دەنێین". بەڵام وتوشیەتی: "ئێمە لە توركیا ناترسین، بەڵام بەدوای ململانێدا ناگەڕێین".

هاوكات بە پێی زانیارییەكانی ئاژانسی رۆیتەرز كە  لە 11ی ئەیلولدا بڵاوكراوەتەوە، هیچ گۆڕانكارییەك لە كارمەندان و كەرەستەی توركیا لە باكوری سوریا رووینەداوە.

بەڵام رۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەكانەوە رایگەیاندووە، "لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكانی سوریادا، ئیسرائیل ئامێرەكانی گوێگرتنیان هەڵوەشاندەوە"، كە توركیا زیاتر لە ١٠ ساڵە لە پێگەكانی سوریادا دەیانچێنێت.

لە راپۆرتە تایبەتەكەی رۆژنامە ئیسرائیلیەكەدا هاتووە: ئیسرائیل رژێمی سوریای لە هاوكاریكردن لەگەڵ توركیا ئاگادار كردۆتەوە و پەیامێكی روونی بۆ ناردووە: "سەبر و سنووری كارەكانمان تاقیمەكەنەوە".

دیوە شاراوەكانی ناكۆكی نێوانیشیان، لە كاتێكدایە كە توركیا سەرنجەكانی لەسەر كۆتایی هێنان بە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هێزە كوردییەكان) كۆكردۆتەوە. لە بەرانبەردا وەكو سەرچاوەكان ئاماژەیان پێكردووە، ئیسرائیل لەگەڵ ئەمەریكادا گرنگی بە پاراستنی هێزە كوردییەكان دەدەن. ئەمەش دەبێتە هۆی پێكدادانی پڕۆژەی توركیای گەورە لەگەڵ پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورە.

ئیسرائیل و توركیا لە رێرەوی پێكداداندان

زۆرێك لە شرۆڤەكارانی رۆژئاوایی و ئیسرائیلی، رووبەڕووبوونەوەی نزیكی توركیا و ئیسرائیلیان لە سوریا خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی پێشووی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریكی، ئیسرائیل ترسی هەیە لە "بەرزبوونەوەی ململانێی دەسەڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ توركیا"، بەتایبەتی دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و گۆڕینی سوریا بۆ ناوچەیەكی راستەوخۆی كێشەی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە توركیا و ئیسرائیل "لە رێڕەوی پێكداداندان"، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی توركیا و ئیسرائیل لەسەر خاكی سوریا حەتمییە، لەگەڵ سەرهەڵدانی میحوەرێكی سوننەی مەترسیدارتر بە سەركردایەتی توركیا.

درۆر زێوی، مامۆستا لە بەشی لێكۆڵینەوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی بن گوریون دەڵێت: خواستەكانی ئەردۆغان هەمیشە ئازادكردنی قودس و سەرهەڵدانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ژێر سەركردایەتی توركیادا دەگرێتەوە. ئەڤی بارێلی ئەكادیمیستی ئیسرائیلی لە رۆژنامەی راستڕەوی ئیسرائیل هیۆمدا نووسیویەتی، ئەوەی كە تەلئەبیب زۆر نیگەران دەكات، "هەنگاوەكانی ئەردۆغان و گەڕاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامییە، بەتایبەتی كە هەڕەشەی كردەی سەربازی كردووە و سیاسەتی دوژمنكارانەی بەرانبەر دەوڵەتی ئیسرائیل نیشانداوە".

ئیسرائیل بەچی توركیای توڕەكردووە؟

لە 14ی ئەیلولی 2025، لە هەنگاوێكدا كە توركیای تووشی سەرسوڕمان كرد، میدیاكانی یۆنان رایانگەیاند، كە قوبرسی یۆنانی لە چوارچێوەی رێكەوتنێكدا كە وردەكارییەكانی بە نهێنی هێڵدراونەتەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێشكەوتووی باراك ئێم ئێكسی لە ئیسرائیل وەرگرتووە.

ئەم رێكەوتنە ئامانجی بەرزكردنەوەی تواناكانی بەرگریی قوبرسە بەرانبەر بە توركیا، دوای ئەوەی پێشتر سیستمی قوبە ئاسنینی بەدەستهێنابوو. ئەمەش نیگەرانییەكانی ئەنقەرە سەبارەت بە گۆڕانكاری لە هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە ژێر رۆشنایی بەهێزبوونی هاوكارییەكانی نێوان ئیسرائیل و یۆنان بەرز دەكاتەوە.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی