تایبەت بە كۆكردنەوەی سەگی بێلانە؛ ئاگادارییەك لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە

#کوردستان#سلێمانی#سەگی بێلانە#شارەوانیی
6 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 مانگ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە: بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام و كۆڵانەكان و گەڕەكەكان و نزیك بوونەوەمان لە كردنەوەی خوێندنگەكان، سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییانی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەكات، كە سەرۆكایەتیمان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی چڕتری كۆكردنەوەی سەگە بێلانەكان بۆ (ماوەی هەفتەیەك).
Primary Asset

سەگی بێلانە

سبەی 

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە ئاگادارییەكدا دوو نرخ بۆ كۆكردنەوەی سەگی بێلانە دیاری دەكات، ماوەی هەفتەیەكیشی بۆ هەڵمەتەكە دیاری كردووە.

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە: بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام و كۆڵانەكان و گەڕەكەكان و نزیك بوونەوەمان لە كردنەوەی خوێندنگەكان، سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری هاوڵاتییانی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەكات، كە سەرۆكایەتیمان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی چڕتری كۆكردنەوەی سەگە بێلانەكان بۆ (ماوەی هەفتەیەك).

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەشڵێت، كارەكانی تیمەكانی كۆكردنەوەی سەگ و رادەستكردنەوەی بە شەڵتەرەكە چڕتر كردۆتەوە تا بتوانرێت بە كەمترین ماوە زۆرترین سەگ كۆبكرێتەوە لە شەقام و كۆڵانەكان لە لایەن ئەو كەسانەی كە شارەزاییان لە گرتنی سەگ هەیە.

"هاوڵاتییانی خۆشەویست ئاگاداردەكەینەوە كە لە سبەینی، رێكەوتی ٢٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، هەڵمەتەكە دەستپێدەكات و مەرجەكانی گرتنی سەگەكانیش بریتین لەوەی كە هەر سەگێك بەچكەی هەبێت بەبێ بەچكەكە نەبێت وە لە كاتی رادەستكردنەوەیان بە شەڵتەرەكە بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەكرێت وە ئەگەر رادەستی تیمەكانی كۆكردنەوەی سەگ بكرێت بڕی (دوو هەزار دینار) پاداشت دەكرێت واتە (لەشوێنێك كۆبكرێتەوە و تیمەكانمان بێنە شوێنی مەبەست بۆ بردنیان) بەمەرجێك تەنها ئەوانەی سنووری شارەوانیی سلێمانی بن". سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی وا دەڵێت.

ئەوەشی خستۆتەڕوو:"هەروەها داواكارین لە ئاژەڵ دۆستان و رێكخراوەكانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان كە پشتیوان و هاوكارمان بن بۆ ئەم هەڵمەتە كە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاوڵاتیان دەبێت، دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارەیەوە بكەن 07719914460 شوێنی شەلتەرەكە: ڕازیانە، نزیك بازگەی عەربەتە.

لە مانگی ئابی ئەمساڵ، هەڵمەتێكی هاوشێوە لە سنوری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر دەستیپێكرد، بەوتەی بەرپرسانی هەولێر لەو هەڵمەتەدا زیاتر لە 15 هەزار سەگی بێلانە كۆكراوەتەوە.

بەپێی ئاماری پارتی سەوزی کوردستان، نزیکەی ملیۆنێک سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستان هەن.

 

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی