
سبەی
لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی هەشت رۆژ سیستمی زانکۆلاین بۆ دەرچوانی 12ـی ئامادەیی کارادەکرێت بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ (57980) دەرچوى (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن. 400 کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراقیش بۆ خوێندکارانى دوانزەى ئامادەیی هەرێم دابینکراوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پڕۆسهی پێشکەشکردن بۆ وهرگرتنی دهرچوانی دوانزهی ئامادهیی له زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەکات و لە ئەمڕۆوە سێشەممەوە (23ـی ئەیلولی 2025) کاتژمێر یەکى دواى نیوەڕۆ، زانكۆلاین بۆ ماوەى هەشت ڕۆژ بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەبێت.
وەزارەتى خوێندنى باڵا رایگەیاند: لە ئەمڕۆوە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی، نێودەوڵەتییەکان)، تا ڕۆژى 30ـی ئەیلولی 2025، واتە بۆ ماوەى (هەشت) ڕۆژ کارا دەبێت، بهوهش دهرچوان لەو ماوەیەدا دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوە و پێشكهشی بكهن، ههروهك دهرچوان دهبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password.
بەپێی راگەیاندراوەکە، لە هەنگاوێکى نوێدا ئەمساڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەپێناو بەرژەوەندى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی لە ڕێگەى ڕێکارێکى تازەدا دەرچوان کاتێک دەیانەوێت فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە پێویستە یەک ژمارە مۆبایل داخل بکەن و پاشان کۆدى OTP لە ڕێگەى کورتە نامەوە بەدەست دەگات، زۆر گرنگە دەرچوان ژمارەى تەلەفۆنى خۆیان بەکاربهێنن و بە پێچەوانەوە ئەگەر هەر ژمارە تەلەفۆنێکى دیکە بەکاربهێنێت لە ڕووى یاساییەوە بەرپرسیار دەبن.
بۆ بهرچاوڕونی زیاترى دهرچوانی پۆلی دوانزهى ئامادەیی و ئاشنابونیان به سیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان.
هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكان، ئهمهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچوان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن، ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نیە لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایدەگەیەنێت؛ بۆ ئەمساڵ (57980) دەرچوى (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) لە یەک کاتدا داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن، بەشێوەیەک (42257) دەرچو لە بەشى زانستى، (13826) دەرچو لە بەشى وێژەیی، (1327) دەرچوى ئامادەییە پیشەیی، (570) دەرچوى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، داواکارى بۆ (680) بەش لە هەرسێ جۆر خوێندنى (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵى خوێندنى (2025-2026) لە (16) زانکۆى حکومى لە هەرێمى کوردستان پێشکەش دەکەن.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمساڵ لە ئەنجامى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى فیدرال، بریاردراوە بە دابینکردنى (400) کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بۆ خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان، بەپێچەوانەوەش دابینکردنى (400) کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیی ناوەراست و باشورى عێراق.
بۆ ئەم مەبەستە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان لە چەند رۆى داهاتوو لە ڕێگەى لینکێکى تایبەت لە وێبسایتى زانکۆلاین دەتوانن لە داواکارى بۆ زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەراست و باشورى عێراق پێشکەش بکەن.
لە کۆتایدا وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت: ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕێگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک.
