سۆمۆ: بەمنزیكانە رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغداد دەكرێت

#سۆمۆ#بەغداد#هەرێم#نەوت
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • عەلی نەزار بەڕێوەبەری كۆمپانیای "سۆمۆ" بە ئاژانسی هەواڵی عێراق "واع"ی راگەیاند:"لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هەوڵی زۆر دراوە بۆ رێككەوتنی نێوان بەغداد و هەولێر، بەرپرسیارێتی گەورەش كەوتە سەرشانی وەزارەتی نەوت بە هەموو فەرمانگە و كۆمپانیاكانیەوە، لەوانەش سۆمۆ، لایەنێكی دیكە و گرنگ كۆمپانیا جیهانیەكانی بەرهەمهێنی نەوتن لە هەرێم".
Primary Asset

کۆمپانیای سۆمۆ

سبەی

كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاند بەمزووانە رێككەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوت لەنێوان بەغداد و هەولێر واژۆ دەكرێت، جەختیشیكردەوە رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی ئامرازێكی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی بڕی بەرهەمهێنراوی نەوتی هەرێم.

عەلی نەزار بەڕێوەبەری كۆمپانیای "سۆمۆ" بە ئاژانسی هەواڵی عێراق "واع"ی راگەیاند:"لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هەوڵی زۆر دراوە بۆ رێككەوتنی نێوان بەغداد و هەولێر، بەرپرسیارێتی گەورەش كەوتە سەرشانی وەزارەتی نەوت بە هەموو فەرمانگە و كۆمپانیاكانیەوە، لەوانەش سۆمۆ، لایەنێكی دیكە و گرنگ كۆمپانیا جیهانیەكانی بەرهەمهێنی نەوتن لە هەرێم".

بەوتەی بەڕێوەبەری "سۆمۆ" رێككەوتنەكە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی،  لەگەڵ گەیشتن بە ئامرازێكی جێگیر بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە و بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم".

عەلی نەزار دەشڵێت "چاوەڕێی رێوشوێنەكانی بەرهەمهێنانی نەوتین، دوای كۆتایی هاتنی وردەكاری رێككەوتنەكە، هەندێك كاروباریش بە بەڵگەنامە دەكرێن، چونكە كۆمپانیا جیهانیەكان پێویستیان بە دڵنیاییە بۆ وەرگرتنی شایستەكانیان دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، سۆمۆش كار بۆ دڵنیایی پێدان بەو كۆمپانیایانە دەكات و حكومەتیش بەمزوانە كاتی رێككەوتنەكە رادەگەیەنێت".

راگەیەندراوەكەی سۆمۆ لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ سێشەممە (23ـی ئەیلوولی 2025) كۆمپانیای دی ئێن ئۆ-ی نەرویجی بڵاویكردەوە كە پێشوازی لە رێككەوتنی نێوان عێراق، هەرێمی كوردستان و گروپی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دەكات بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی جەیهانی توركیاوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دی ئێن ئۆ بەردەوام رایگەیاندووە كە ئەمادەن بۆ هەناردەكردنی نەوت، بەڵام بە مەرجی رێككەوتنێك گەرەنتی پارەداركردنیان لە رابردوو و لە داهاتوو بكرێت ئەوەش لەسەر بنەمای یاسایی، ئابووری و مەرجە بازرگانی و گرێبەستە هاوبەشەكان كە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیەتی.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بیژان رەحمانی، سەرۆكی جێبەجێكاری دی ئین ئۆ دەڵێت: "دی ئێن ئۆ جیاوازە لە كۆمپانیا نەوتییەكانی دیكە، چونكە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە و زۆرترین بڕی پارەی لای هەرێمی كوردستانە، ئەوەش واتە لە داهاتوودا گەورەترین مەترسی لەسەر پارەداركردنمان دەبێت."

بەپێی راگەیەندراوەكەی دی ئێن ئۆ، لەگەڵ كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی هاوبەشی، بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە زیانیان بەركەوتووە و پارەیەكی زۆریان بۆ نۆژەنكردنەوەی كێڵگەی تاوكێ و پێشخاپوور خەرج كردووە. هەروەها پلانیان هەیە تا 2026، وەبەرهێنانی زیاتر بكەن و هەشت بیری نوێ لە تاوكێ هەڵبكەنن، ئەوەش لە پێناو بەرزكردنەوەی وەبەرهێنانی نەوت بۆ 100 هەزار نەوتی رۆژانە.

راگەیەنداوەكەی دی ئێن ئۆ دوای ئەوە دێت، دوێنی دووشەممە (22ـی ئەیلوولی 2025)، ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند كە دی ئێن ئۆ رازی نەبووە بە هەناردەكردنەوەی نەوت.

ناوەڕۆكی رێككەوتنی سێ قۆڵی

رێككەوتنی سێ قۆڵی لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی نەوت، كۆمپانیای نەوتی باكوری سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق واژۆكرا بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، نەوتەكە لەسنوری زاخۆ رادەستی بەغداد دەكرێت و بازرگانێكی سەربەخۆ لە بەندەری جەیهان سەرپەرشتی فرۆشتنی دەكات.

سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور رایگەیاند، رۆژی دووشەممە (22ـی ئەیلولی 2025) رێككەوتنی سێ قۆڵی واژۆكرا، بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

دوای ئەوەی شاندێكی كۆمپانیای نەوتی باكور بەسەرۆكایەتی بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە، كە نوێنەرایەتی وەزارەتی نەوتی دەكرد گەیشتە هەولێر بۆ واژۆكردنی رێككەوتنەكە.

پێشتر پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، رۆژی دووشەممە رێككەوتنەكە واژۆ دەكرێت. دوای واژۆكردنی رێككەوتنەكە هیچ بەربەستێك نامێنێت بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدادەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ "سبەی" ئاماژەی بەوەكردبوو، پڕۆسەكە ئاڵۆزە و رێككەوتنی لەو شێوەیە، تەنها تا كۆتایی ئەمساڵ دەڕوات و پێویستە دواتر رێككەوتنی نوێ بكرێت.

كۆمپانیای نەوتی باكور هەموو ئامادەكارییەكانی بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم تەواو كردووە و لە سنوری زاخۆ تیمی تایبەتی هەیە بۆ وەرگرتنی نەوت و رەوانەكردنی بۆ بەندەری جەیهان.

دوای تەواوكردنی پێداچوونەوە بەگرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ و ئەو رێككەوتنە سێ قۆڵییەی پێشنیازكراوە لەو بارەیەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەكۆبوونەوەی رۆژی 16ـی ئەیلول پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی تاوتوێكرد و بەشێوەیەكی سەرەتایی رێككەوتنی سێ قۆڵی لەو بارەیەوە پەسەندكرد.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 20ـی ئەیلول لە رێورەسمی كردنەوەی جووتسایدی شێخان-لالش لە پارێزگای دهۆك لە وتارێكدا رایگەیاند: لەنێوان كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی تێگەیشتن و ڕێككەوتنێك هەیە، ئەمە دەبێتە دەستپێكێكی زۆر باش بۆ نەهێشتنی ئەو ئاڵنگاری و ئاستەنگەی تا ئێستا ماوەتەوە.

وتیشی "هیوای من ئەوەیە كە لە ڕۆژانی داهاتوو ئەم ڕێككەوتنە ببێتە واقیع و ببێتە جێی ڕەزامەندیی هەموو لایەك و حكومەتی عێراقیش پابەندییەكانی خۆی بەرانبەر بە ماف و هەقی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات و چیدی بابەتی مووچە نەبێتە سەردێڕی هەواڵی ڕۆژانە. بۆیە هیوادارم لە ماوەیەكی نزیكدا، بگەینە ئەنجامێكی ئەرێنی".

رێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت دەتوانێت لانیكەم 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بۆ هەناردەی نەوت زیاد بكات، لە كاتێكدا بەرهەمهێنەرانی ئۆپێك ئاستی بەرهەمهێنان بەرز دەكەنەوە بۆ ئەوەی پشكی بازاڕ بەدەستبهێننەوە.

سۆمۆ پرۆسەكە لە بەندەری جەیهان بەڕێوەدەبات

بەپێی رێككەوتنەكە، حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە رادەستكردنی لانیكەم 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بە كۆمپانیای سۆمۆی نەوتی عێراق، لە هەمان كاتدا 50 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی دەهێڵێتەوە.

بازرگانێكی سەربەخۆ بە نرخی فەرمی سۆمۆ پرۆسەكە لە بەندەری جەیهان بەڕێوەدەبات. بۆ هەر بەرمیلێك كە دەفرۆشرێت، 16 دۆلار دەگوازرێتەوە بۆ سەر هەژمارێك و بەسەر بەرهەمهێنەراندا دابەشدەكرێت. داهاتەكەی دیكە سەرجەمی بۆ سۆمۆ دەبێت، ئەوەش بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز.

بەڵام لە رێككەوتنەكەدا دیارینەكراوە كە چۆن یان كەی بەرهەمهێنەران نزیكەی یەك ملیار دۆلاری شایستەی داراییان وەردەگرن، كە لە نێوان ئەیلوولی 2022 و ئازاری 2023 كەڵەكە بووە.

عێراق لە ئێستادا ڕۆژانە نزیكەی سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت لە بەندەرەكانی باشوورەوە هەناردە دەكات، بەڵام بۆری كەركوك-جەیهان لە مانگی ئازاری 2023ـەوە داخراوە، دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس سكاڵایەكی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەبەرژەوەندی عێراق یەكلاكردەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی