سبەی
ئاژانسێكی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات، ئێران دەستی كردووە بە دامەزراندنەوەی بنكە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی، هاوكات سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات لەوەی ئێران لەماوەی چەند هەفتەیەكدا دەتوانێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنەتە 90٪ و ئەوەش نزیكە لەو رادەیەی بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆم پێویستە.
ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس لە راپۆرتێكدا بە پشتبەستن بە ژمارەیەك وێنەی مانگی دەستكرد، ئاشكرای دەكات ئێران دەستیكردووە بە دووبارە بنیاتنانەوەی شوێنەكانی بەرهەمهێنانی موشەك كە لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا كرابوونە ئامانج.
بە گوێرەی ئاژانسەكە، دوبارە بنیاتنانەوەی توانای موشەكی بۆ كۆماری ئیسلامی گرنگە، چونكە تاران ترسی ئەوەی هەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا گەڕێكی نوێی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ڕووبدات.
توانای موشەكیی یەكێكە لەو توانا بەهێزانەی كە بۆ ئێران ماونەتەوە
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، توانای موشەكیی یەكێكە لەو توانا بەهێزانەی كە بۆ ئێران ماونەتەوە دوای لەناوچوونی بەرفراوانی سیستمی بەرگریی وڵاتەكەی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، تاران بەردەوام پێداگریی لەسەر ئەوە كردووە كە مامەڵە و دانوستان لەسەر بەرنامە موشەكییەكەی ناكات.
لای خۆشیانەوە شارەزایانی موشەكیی دەڵێن، كێشەی سەرەكی ئێران لە ئێستادا بەدەستهێنانی سووتەمەنی ڕەقە بۆ موشەكەكانی، بەتایبەتی لەگەڵ ئەگەری گەڕاندنەوەی سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆتایی ئەم مانگەدا، كە بەدەستهێنانی ماددەی پێویست بۆ موشەكەكانی هێندەی دیكە قورستر دەكات.
ئەوەش لە كاتێكدایە، ئێران بنكەی بەرهەمهێنانی موشەكی سووتەمەنی ڕەق لە پارچین، خوجیر و شەهرودی هەیە، كە تەنانەت پێش شەڕی ئەم دواییە (لە ئۆكتۆبەری ٢٠٢٤) لەلایەن ئیسرائیلەوە كرانە ئامانج و خێرایی بنیاتنانەوەی ئەم دامەزراوانە ئاماژەیە بۆ گرنگی بەرنامەی موشەكی بۆ تاران.
بەگوێرەی ئاماری دامەزراوەی ئاسایشی نەتەوەیی جوولەكەكان، ئێران لە ماوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا ٥٧٤ موشەكی بالیستیكی ئاراستەی ئیسرائیل كردووە، پێشتریش ٣٣٠ موشەكی بە ئاڵوگۆڕی تەقەی سنوردار كردبوو.
سوپای ئیسرائیل پێشتر توانای جبەخانەی ئێرانی بە نزیكەی 2500 موشەك خەمڵاندبوو، ئەمەش بەو مانایەیە كە زیاتر لە یەك لەسەر سێی ئەو كۆگایانە بەكارهێنراون.
لای خۆیەوە كارل پاركین، لێكۆڵەر لە سەنتەری جەیمس مارتن، بە ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێسی ڕاگەیاندووە، حكومەتی ئێران بەنیازە بگاتەوە بۆ پێش جەنگ كە ئاستی بەرهەمهێنانی زیاتر لە 200 مووشەكی سووتەمەنی ڕەقی هەبوو لە مانگێكدا.
ڕۆڵی چین و هاوكێشە ناوچەییەكان
بە گوێرەی میدیاكانی ئێران ڕەنگە تاران پشت بە چین ببەستێت، بۆ دابینكردنی سوتەمەنی موشەك، هەمان ئەو ماددە كیمیاییانەی كە پێدەچێت لە تەقینەوە گەورەكەی بەندەری ڕەجایی لە شاری بەندەرعەباس لەناوچووە، تەقینەوەیەك كە بووە هۆی كوژرانی لانیكەم ٧٠ كەس.
شارەزایان دەڵێن پەكین دەتوانێت جگە لە سووتەمەنی، سیستمی ڕێنمایی و مایكرۆپڕۆسێسەر بۆ موشەكەكانی ئێران دابین بكات، لای خۆیەوە شارەزایەكی ئینستیتیوتی هادسۆن پێیوایە، ئەگەر حكومەتی ئێران پەیوەندییەكانی لەگەڵ چین بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی سەربازی خۆی بەكاربهێنێت ئەوە شەڕی ١٢ ڕۆژە تەنها پچڕانێكی كورت دەبێت، نەك شكستێكی یەكلاكەرەوە بۆ ئێران.
دەشڵێت" ئێران بەڕوونی وەبەرهێنانی زۆری لە بەرنامە موشەكییەكەیدا كردووە و پێناچێت هەرگیز دانوستان بكات بۆ دەستبەرداربوون لە بەرنامە مووشەكییەكەی".
سەرۆكی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی: ئێران لە ماوەی چەند هەفتەیەك پیتاندنی یۆرانیۆم دەگەیەنەتە سەرووی 90٪
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایدەگەیەنێت، ئێران توانای دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی هەیە.
ڕافائیل گرۆسی، ڕۆژی سێشەممە 23ی ئەیلول هۆشداریدا لەوەی، ئێران هێشتا ئامرازی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ دروستكردنی سەنتەرفیوجی نوێ و زیادكردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستی %90 كە گونجاوە بۆ بەرهەم هێنانی چەكی ئەتۆمی، سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەرەكییە ئەتۆمییەكانی.
ئێران دەتوانێت بە خێرایی سەنتەرفیوژەكان دروستبكاتەوە
گڕۆسی جەختی لەوە كردەوە، پرۆسەكە تەنها چەند هەفتەیەك دەخایەنێت نەك چەند مانگ یا خود ساڵێك، هەڵسەنگاندنێك كە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەیە كە هەندێك لە بەرپرسانی ئەمەریكایە كە دەڵێن بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بۆ دوو ساڵ دواخراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، نزیكەی هەموو ئامێرە هەستیارەكانی شوێنی فۆردۆ لە هێرشەكاندا لەناوچوون، بەڵام ئێران دەتوانێت بە خێرایی سەنتەرفیوژەكان دروستبكاتەوە، چونكە ئامرازەكانی بەرهەمهێنانیان هێشتا هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی جەختی لەوە كردەوە، ئێران بە وردی پارێزگاری لە كۆگاكانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی %٦٠ دەكات و هۆشداریشیدا، "بەرزكردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ %٩٠ پرسی هەفتەیە نەك چەند مانگ و ساڵێك".
گرۆسی ڕوونیكردەوە: "ئێران دەتوانێت تواناكانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بنیات بنێتەوە، پرسیارەكە تەنها كاتە، ئاماژەی بەوەشكرد، ڕەنگە بەشێك لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بەهۆی هێرشەكانەوە زیانیان پێنەگەیشتبێت، چونكە ئەگەر هەیە ئێران یۆرانیۆمە پیتێندراوەكانی گواستبێتەوە وەك لە ڕاپۆرتەكانی پێشووی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا ئاماژەی پێكرا".