سبەی
لە ماوەی شەش هەفتەی داهاتوودا، روسیا بە کرداری دەستدەکات بە بەکارهێنانی نوێترین چارەسەری شێرپەنجە، سەرەتا لەسەر نەخۆشانی شێرپەنجەی پێست تاقیدەکرێتەوە.
ئەلێکساندەر گینزبۆرگ، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی نیشتمانی بە ئاژانسی نۆڤۆستی راگەیاندووە، زانایانی روسیا لە ماوەی شەش هەفتەی داهاتوودا ئامادەن بە ڤاکسینی شێرپەنجەی MRNA روسی، دەست بە چارەسەرکردنی نەخۆشەکان بکەن.
ئەلێکساندەر گینزبۆرگ راشیگەیاند، تیمی توێژینەوەکە پێشتر کۆمەڵێک نەخۆشیان هەڵبژاردووە، کە ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیدەکرێتەوە.
روونیشی کردەوە، چارەسەری تاقیکارییەکە بە بەکارهێنانی ڤاکسینێک، کە لە سەنتەری گامالێیا پەرەی پێدراوە لەسەر بنەمای دژە گرێی داهێنەرانە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیرەکی دەستکرد رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پرۆسەکەدا، بەو پێیەی شیکردنەوە بۆ گرێکان دەکات و دروستکردنی "نەخشە"ی دەرمانەکانی داهاتوو دەخاتەڕوو.
لە بەرامبەردا پزیشکێکى چارەسەرى شێرپەنجە رایگەیاند، ڤاکسینی نوێی شێرپەنجە توانای بچووککردنەوەی گرێکانی هەیە و تەمەنی نەخۆشەکان درێژ دەکاتەوە.
ئەلێکساندەر سێریاکۆڤ پزیشکى روسى پسپۆڕ لە چارەسەرى شێرپەنجە ئاماژەى بەوەکرد، ئەم ڤاکسینە لە قۆناغە پێشکەوتووەکانی شێرپەنجەدا بەکاردەهێنرێت، کاتێک نەخۆشییەکە بە جەستەدا بڵاودەبێتەوە.
وتیشى، سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لەم بوارەدا، هیچ پزیشکێکی شێرپەنجە لە جیهاندا ناتوانێت بانگەشەی چارەسەری تەواوەتی بۆ شێرپەنجە بکات، بەڵام ئەم ڤاکسینە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو باشترکردنی دەرئەنجامی چارەسەرکردن.
پزیشکە روسییەکە روونیشی کردەوە، کە ڤاکسینەکە دەتوانێت جیاوازییەکی راستەقینە دروست بکات بەم شێوەیە: درێژکردنەوەی تەمەنی نەخۆشەکان، باشترکردنی کوالیتی ژیانیان، کەمکردنەوەی قەبارەی گرێکان.
ڤاکسینەکە هێشتا لە قۆناغی پەرەپێدانیدایە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 3 بۆ 6 ساڵدا لە ئاستی جیهاندا بەردەست بێت بەمەبەستی بەکارهێنانی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە.