هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانان؛ سەنتەری میترۆ: كاری وتەبێژ نییە پۆستەكەی بۆ هەڕەشەو جیاكاری بەكاربهێنێت

#وتەبێژی حکومەت#سەنتەری میترۆ#رووداو
9 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەمڕۆ 24ی ئەیلولی 2025 سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بڵاویكردەوە: لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی رووداو و كەناڵ8، دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادی رۆژنامەگەری زانیاریی و بازدان بەسەر یاسا رۆژنامەگەری و ئاكارەكانی میواندری میدیاكاران.
Primary Asset

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

سبەی

سەنتەری میترۆ راگەیەندراوێكی لەبارەی لێدوانی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەت بڵاوكردەوە، دەڵێت "وتەبێژی حكومەت هەڕەشە لە هەموو میدیاكان دەكات".

ئەمڕۆ 24ی ئەیلولی 2025 سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بڵاویكردەوە: لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی رووداو و كەناڵ8، دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادی رۆژنامەگەری زانیاریی و بازدان بەسەر یاسا رۆژنامەگەری و ئاكارەكانی میواندری میدیاكاران.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەی رۆنامەگەری وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی پرسیارێكی ئەیوب وەرتێی، پەیامنێری كەناڵ8 دا لەبارەی هۆكاری ئامادەنەبوونی پەیامنێری كەناڵی رووداو، پێشەوا هەورامانی وتی" كاتێك ئامادە دەبن كە هەست بكەم ئیلتزاماتی پیشەییانە هەیە، لەوانەیە رۆژێك رووبدات تۆش لەناو كۆنگرەكانی ئێمەدا نەبیت".

سەنتەری میترۆ دەڵێت وەڵامەكەی وتەبێژی حكومەت، هەڕەشەیە بۆ هەموو ئەو كەناڵانەی تر  گەر بەپێی پێوەرە پیشەییەكانی وتەبێژ روماڵی هەواڵەكانی حكومەت نەكەن لە پێشەوایاندا كەناڵ8، هەروەك جەختكردنەوەیشە لەسەر بێ نرخكردنی یاسای رۆژنامەگەری كە رێگەی داوە رۆژنامەنووس لە كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا ئامادە بێت.

"كاری وتەبێژ نییە لە كۆنگرەكانیدا پۆستەكەی بۆ هەڕەشەو جیاكاری بەكاربهێنێت، ئەو رۆڵی كارئاسانییە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان بە شێوەیەكی شەفاف و دوور لە جیاكاری و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای رق و وجیاوازی بیروڕا." سەنتەری میترۆ وا دەڵێت.

بە پێی زانیارییەكانی میترۆ، كەناڵی رووداو بانگهێشتی ئەو كۆنگرەیە كراوە، كە گەیشتونەتە شوینی كۆنگرەكە پێیان وتراوە مایكەكەیان دانەنێن.

سەنتەری میترۆ دەڵێت "ئەم رەفتارە نەك بازدانە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری، بەڵكو پێچەوانەی ئەتەكێتی میوانداری میدیاكارانە، ئەو پرسیارەیش دەوروژێنێت كە رووداو بەپێی پێوەری پیشەیی وتەبێژی حكومەت روماڵ ناكات، بۆ بانگهێشتیان دەكەن؟ كە بانگهێشتیان دەكەن بۆ ناهێڵن مایكەكەی بخاتە بەردەمتان؟

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی رووداو و هەڕەشەكردن لەكەناڵ8 دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادی رۆژنامەگەری و زانیاریی، بازدانیشە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری و پێچەوانەی لانی كەمی ئاكارەكانی میواندری میدیاكارانە بۆ چالاكی رەسمی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی