سبەى
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى خەرجکردنى مووچەى مانگى تەمموزى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیدا، سەرچاوەیەک لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندى دەڵێت پارەى پێویست لەبەردەستیاندایە.
بڕیارەکە لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقدا دا کە تا ئێستا بەردەوامە، ئەوەش بەتەى سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیران بۆ میدیا عێراقییەکان.
بەوتەى سەرچاوەکە، رێوشوێنەکانى ناردنى پارەکە رۆژى چوارشەممە دەستپێدەکات.
هاوکات سەرچاوەیەک لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندى عێراق رایگەیاند، پارەى پێویست لەبەردەستدایە بۆ ئەوەى رادەستى هەرێم بکرێت.
بریارى ناردنى مووچە هاوکاتە لەگەڵ رێککەوتنى تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتى هەرێمى کوردستان.
عەلی نزار بەڕێوەبەری كۆمپانیای "سۆمۆ" بە ئاژانسی هەواڵی عێراق "واع"ی راگەیاند:"لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هەوڵی زۆر دراوە بۆ رێككەوتنی نێوان بەغداد و هەولێر، بەرپرسیارێتی گەورەش كەوتە سەرشانی وەزارەتی نەوت بە هەموو فەرمانگە و كۆمپانیاكانیەوە، لەوانەش سۆمۆ، لایەنێكی دیكە و گرنگ كۆمپانیا جیهانیەكانی بەرهەمهێنی نەوتن لە هەرێم".
بەوتەی بەڕێوەبەری "سۆمۆ" رێككەوتنەكە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، لەگەڵ گەیشتن بە ئامرازێكی جێگیر بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە و بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم".
عەلی نزار دەشڵێت "چاوەڕێی رێوشوێنەكانی بەرهەمهێنانی نەوتین، دوای كۆتایی هاتنی وردەكاری رێككەوتنەكە، هەندێك كاروباریش بە بەڵگەنامە دەكرێن، چونكە كۆمپانیا جیهانیەكان پێویستیان بە دڵنیاییە بۆ وەرگرتنی شایستەكانیان دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، سۆمۆش كار بۆ دڵنیایی پێدان بەو كۆمپانیایانە دەكات و حكومەتیش بەمزوانە كاتی رێككەوتنەكە رادەگەیەنێت".
راگەیەندراوەكەی سۆمۆ لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ سێشەممە (23ـی ئەیلوولی 2025) كۆمپانیای دی ئێن ئۆ-ی نەرویجی بڵاویكردەوە كە پێشوازی لە رێككەوتنی نێوان عێراق، هەرێمی كوردستان و گروپی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دەكات بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی جەیهانی توركیاوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دی ئێن ئۆ بەردەوام رایگەیاندووە كە ئەمادەن بۆ هەناردەكردنی نەوت، بەڵام بە مەرجی رێككەوتنێك گەرەنتی پارەداركردنیان لە رابردوو و لە داهاتوو بكرێت ئەوەش لەسەر بنەمای یاسایی، ئابووری و مەرجە بازرگانی و گرێبەستە هاوبەشەكان كە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیەتی.