هەشت وتاری مشتومڕاوی لە نەتەوە یەکگرتووەکان .. لە پێڵاوەکانی خرۆشۆڤەوە تا قەزافی و ئەنجومەنی تیرۆر

#نەتەوەیەکگرتووەکان#کۆمەڵەی گشتی#وتار
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • بۆ ماوەی 80 ساڵە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بەڕێوەدەچێت و لەو ماوەیەدا هەندێک لە وتاری سەرکردەکانی جیهان مشتومڕی لێکەوتووەتەوە و بووەتە مانشێتی میدیاکانی جیهان.
Primary Asset

سبەی

بۆ ماوەی 80 ساڵە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بەڕێوەدەچێت و لەو ماوەیەدا هەندێک لە وتاری سەرکردەکانی جیهان مشتومڕی لێکەوتووەتەوە و بووەتە مانشێتی میدیاکانی جیهان. 

هەرچەندە ساڵانە بە تێکڕا زیاتر لە 100 سەرۆک و سەرکردەی جیهان بەشداری تێدا دەکەن، لەگەڵ دەیان وەزیری دەرەوە و بەرپرسی دیپلۆمات و بەرپرسانی دیکە، بەڵام تەنها وتاری ژمارەیەک سەرکردە توانیویەتی سنوورەکان ببڕن و بە ڕادەیەکی بەرچاو کاردانەوەی لێبکەوێتەوە.

تۆڕی (بی.بی.سی) جیهانی لە راپۆرتێکدا بۆ یادی 80 ساڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئاوڕێکی لە هەندێک لە کاریگەرترین وتارەکانی ڕێبەرانی جیهان دەداتەوە کە لە کۆبوونەوەی گشتیدا پێشکەشکراون.

ڕیکۆردی جیهانی گینس بۆ فیدڵ کاسترۆ

لە 26ـی ئەیلولی 1960، تەنها 19 مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کوبا، فیدڵ کاسترۆ لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکەوت و ناوی خۆی لە کتێبی گینس تۆمارکرد.

وتارەکەی فیدڵ کاسترۆ 4 کاتژمێر و 29 خولەکی خایاند، بەمەش درێژترین وتار بوو لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە لایەن سەرکردەیەکی جیهانەوە پێشکەشکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدابوو کە فیدڵ کاسترۆ سەرەتای وتارەکەی بەم شێوەیە دەستپێکرد" هەرچەندە ئێمە بە وتارە درێژخایەنەکانمان ناسراوین، بەڵام خەمتان نەبێت، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی وتارەکەم کورت بێت".

پێڵاوەکانی خرۆشۆف ڕێبەری یەکێتی سۆڤییەت

لە 13ـی تشرینی یەکەمی 1960 نیکیتا خرۆشۆف سەرۆکی سۆڤیەت کاردانەوەی توڕەیی بەرامبەر بە وتارێکی نوێنەری فلیپین نیشاندا کە یەکێتی سۆڤیەتی بە "قوتدانی" وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و زەوتکردنی مافەکانیان تۆمەتبار کرد، خرۆشۆف سەرەتا بە مشت و پاشان بە پیڵاوەکانی بە مێزەکەیدا کێشا.

عەرەفات بە دەستێک چەک و بە دەستێکی دیکەی لقێکی زەیتون

لە 13ـی تشرینی دووەمی 1974، یاسر عەرەفات، وەک سەرۆکی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین، لەسەر داوای وڵاتە بێلایەنەکان بۆ وتاردان لە کۆبوونەوەی گشتی بانگهێشت کرا.

ئامادەبوونی یاسر عەرەفات لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەکاتێکدا بوو کە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دژی توندوتیژی ئەندامانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین دروست ببوو وەک کوشتن و بارمتەگرتنی وەرزشوانان لە ئۆڵۆمپیادی میونشنی ساڵی 1972 کە بووە هۆی گرژی و نیگەرانی ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە.

عەرەفات لە وتارەکەیدا بەرگری لە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین کرد و کردەوەکانی بە بەشێک لە خەباتی چەکداری ناوبرد. ناوبراو خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان بوو.

وتارەکەی عەرەفات بەم قسانە کۆتایی هات: "من بە دەستێک لقێکی زەیتون و بە دەستێکی دیکە چەکی ئازادیخوازیەکەم هەڵگرتوە، با لقە زەیتونەکە لە دەستم نەکەوێت".

دوای ئەم وتارە، ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێگەی چاودێری بەدەست هێنا و کۆمەڵەی گشتی مافی چارەی خۆنووسینی بۆ فەلەستینییەکان بەفەرمی ناساند.

ئەیدی ئەمین ئامادە نەبوو بە ئینگلیزی قسە بکات

ئیدی ئەمین لە ساڵی 1975دا وتارێکی پێشکەش بە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، تەنها چوار ساڵ دوای ئەوەی لە رێگەی کودەتایەکی سەربازی دەسەڵاتی لە وڵاتەکەی بەدەستەوە گرت.

لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە بە زمانی ئینگلیزی (کە شارەزایی هەبووە) قسە ناکات، چونکە بە زمانێکی ئیمپریالیستی و کۆلۆنیالیزمی دەزانێت، هەر بەو هۆیەوە داوای لە نوێنەری هەمیشەیی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە دەقی وتارەکەی بە زمانی ئینگلیزی بخوێنێتەوە، لەو وتارەکەیدا ئەمین ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی تۆمەتبار کرد بە ناوزڕاندنی  100 وڵات بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی خەمڵاندنەکان لە ماوەی دەسەڵاتی ئەودا نزیکەی 300 هەزار کەس کوژراون یان بێسەروشوێن بوون.

چاڤێز و دیدار لەگەڵ شەیتان

هوگۆ چافێز سەرۆکی ئەوکاتی ڤەنزوێلا لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵی 2006 لە کاردانەوەی وتارەکەی جۆرج بووش سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: دوێنێ شەیتان لێرە بوو، هەر لەم شوێنە، ئێرە هێشتا ئەم مێزە بۆنی گۆگردی لێدێت". 

هەر لەو وتارەدا سەرۆکی ڤەنزوێلا پێشنیازی خوێندنەوەی کتێبی "هەژموون یان مانەوە"ی ڕۆشنبیری ئەمەریکی نوام چۆمسکی کرد، ئەو ئاماژەیە یارمەتی کتێبەکەی چۆمسکی دا بۆ ئەوەی بگاتە لوتکەی لیستی زۆرترین کتێبە فرۆشراوەکانی ئەمازۆن.

قەزافی و ئەنجومەنی تیرۆر

موعەمەر قەزافی لە ساڵی 1969 لە لیبیا گەیشتە دەسەڵات، بەڵام یەکەم دەرکەوتنی لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2009 بوو.

لە وتارێکی 100 خولەکیدا لیستێکی درێژی داواکارییەکانی خستەڕوو، کە زۆربەیان ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایش بوون کە ڕژێمەکەیان بە قاعیدە بەراورد کردبوو، لە کۆبوونەوەکەدا وتی: نابێت ناوی ئێرە بنرێت ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵکو ناوی ئەنجومەنی تیرۆر بێت.

قەزافی چەندین تۆمەتی ئاراستەی ئەمەریکا کرد، لەوانە کە بەرپرسیارە لە دروستکردنی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای بەراز و گومان خستنە سەر حسابی فەرمی تیرۆرکردنی جۆن ئێف کێنێدی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا.

جگە لە وتارەکەی بەشداری قەزافی لە نیویۆرک بۆ بابەتێکی دیکەش بووە جێگەی سەرنج دوای ئەوەی ڕێبەری لیبیا توانی مۆڵەتی هەڵدانی چادرە گەورەکەی لە سەر زەوییەکی دۆناڵد وەربگرێت لە گەڕەکێکی شاری نیویۆرک.

ئەحمەدی نەژاد لێدوانە جیاوازەکەی سەبارەت بە 11ـی سێپتەمبەر 

مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی ئەوکاتەی ئێران لە میانی وتارێکدا لە نەتەوە یەکگرتوەکان هەوڵی دا لە گۆشە نیگای خۆیەوە شرۆڤەی روداوەکانی 11ـی سێپتەمبەری 2001 بکات.

ئەحمەدی نەژاد لە وتارەکەیدا وتی: "بەشەکانی ناو حکومەتی ئەمەریکا سەرپەرەشتی هێرشەکانیان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی ئابوری خۆیان و باشترکردنی پێگەکەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕزگارکردنی ڕژێمی ئیسرائیل."

لە کاردانەوەشدا وەک ناڕەزایەتییەک، نوێنەرانی 33 وڵات لەوانەش هەموو ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، کەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا و کۆستاریکا کۆبوونەوەکەیان جێهێشت.

ترەمپ سوێندی خوارد کۆریای باکوور لەناو بەرێت

لە 19ـی ئەیلولی 2017، دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم وتاریدا وەک سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە توندی ڕەخنەی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور گرت و هەڕەشەی "لەناوبردنی تەواو"ی لەو وڵاتە کرد.

وتیشی: "لێبوردەیی ئەمەریکا سنووردارە و ئەگەر ناچار بکرێت بەرگری لە خۆی یان هاوپەیمانەکانی بکات، هیچ بژاردەیەکی تر نامێنێت جگە لە لەناوبردنی تەواوەتی کۆریای باکوور".

وتارەکەی دۆناڵد ترەمپ نەک هەر لە بنەڕەتدا جیاواز بوو لەوەی کە حەوت دەیە پێشتر سەرکردەکانی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویانە، بەڵکو توندتر بوو لە وتارەکانی توندڕەوترین سەرکردەکانی ئەمەریکا لە مێژوودا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی