ناساندنى دەوڵەتى فەڵەستین؛ "قومارێکى" دیبلۆماسی و دابەشبوونى قوڵى ئەوروپا و ئەمەریکا

#بەریتانیا#فەڕەنسا#فەڵەستین#نەتەوە یەکگرتووەکان
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • کۆنفرانسی فەلەستین و کاردانەوەی ئیدارەی ترەمپ، قووڵترین دابەشبوونە لە نێوان واشنتۆن و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى بی بی سی.
Primary Asset

سبەى

دانپێدانانی بەریتانیا و فەڕەنسا بە دەوڵەتی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ساتێکی مێژووییە لە ململانێی سەد ساڵەی ئیسرائیل و فەڵەستین. بەڵام ئەو هەنگاوە "قومارێکی دیبلۆماسیشە" کە نیشانى دەدات چۆن زلهێزە گەورەکانی ئەوروپا پێیان وایە ململانێکان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە پێویستە هەنگاوێکی بێ پێشینە بگرنەبەر.

لە بەرامبەر کارەساتی ئێستای غەززە و ئیدانەکردنی هەردوو ئیسرائیل و حەماس، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا وتی "دەبێت ماف بەسەر هێزدا زاڵ بێت".

ئەم هەنگاوەى پاریس بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا و لە ژێر سپۆنسەری سعودیە، بە مەبەستی هێشتنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتە.

ئەوان پێیان وایە ئەم شێوازە نێودەوڵەتییە کە لە مێژە بۆ ئاشتی بەڕێوەدەچێت، تاکە ڕێگایە بۆ داهاتوویەکی دادپەروەرانە و هاوبەش بۆ ئەو دوو کۆمەڵگایە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕایگەیاند، چارەسەری "یەک دەوڵەت"، بە واتای هەژموونی ئیسرائیل و "ملکەچکردنی" فەلەستینییەکانە.

وتیشی هیچ شتێک ناتوانێت پاساو بۆ سزای بەکۆمەڵ و برسێتی یان هەر جۆرە پاکتاوی نەتەوەیی بهێنێتەوە.

ئیسرائیل تووڕەیە و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی دەکات. هەروەها کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان - لەگەڵ دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەلایەن بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ئوسترالیا و ئەوانی دیکە - وەک پاداشتێک بۆ حەماس دەزانێت دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣.

هەندێک لە وەزیرانی ئیسرائیل دەیانەوێت وەڵامەکە ڕاگەیاندنی لکاندنی بەشێک لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو بێت، تا بۆ هەمیشە بژاردەى دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر ئەو خاکە رەتبکاتەوە.

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکەی، هەنگاوەکەی ئەوروپییەکان ڕەتدەکاتەوە و سزای مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی دەدات و ڕێگری لێکرد لە بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نیویۆرک و لەبری ئەوە لە ڕێگەی تۆمارى  ڤیدیۆییەوە قسەی کرد.

کۆنفرانسی فەڵەستین و کاردانەوەی ئیدارەی ترەمپ، قووڵترین دابەشبوونە لە نێوان واشنتۆن و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى بی بی سی.

بەڵام ئەوروپییەکان پێیان وایە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سەر زەوی، بژاردەیەکی کەمیان بۆ ماوەتەوە.

ئێستا ئیسرائیل فیرقەی سێیەمی سوپا لە ناو شاری غەززە جێگیر دەکات و ڕۆژانە دەیان فەلەستینی دەکوژرێن؛ حەماس بەردەوامە لە گرتنی نزیکەی ٥٠ بارمتە کە بەشێکی زۆریان مردوون؛ لە کاتێکدا کەناری ڕۆژئاوا لەژێر چنگی فراوانبوونی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل و توندوتیژیدایە.

ستراتیژی ماکرۆن هەوڵێکە بۆ ئەوەی نیشانى بدات کە دیپلۆماسی بەدیلێکی گونجاو پێشکەش دەکات. سەرەتا بۆ بەدەستهێنانی کۆتایییەکی کارا بۆ شەڕی غەززە، دواتر چارەسەرێکی درێژخایەنتر لە شێوەی دوو دەوڵەتدا - ئیسرائیل و فەلەستین.

وڵاتانی ئەورووپی دەڵێن ستراتیژی ئیسرائیل شکستی هێناوە و تەنیا لە ئەنجامدا ئازاری زیاتری مەدەنی و بارمتە ماوەتەوە کە ژیانیان لە مەترسیدایە.

کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن سعودیەوە سەرپەرشتی کرا و لەلایەن کۆمکاری عەرەبیشەوە پاڵپشتی کرا.

فەرەنسییەکان دەڵێن ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە فۆڕمی دیبلۆماسیی دەتوانێت کاریگەری لەسەر حەماسیش هەبێت، چونکە وڵاتانی سەرەکی عەرەبی لە کۆنفرانسەکەدا ئێستا داوایان لە گروپەکە کرد چەکەکانیان دابنێن.

ماکرۆن پێی وایە بۆیە پرۆسەکە هاندەرێک بۆ ئیسرائیل دروست دەکات، لە هەمان کاتدا دەرگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە - ئامانجێکی خوازراو لەمێژە بۆ نەتانیاهۆ و ترەمپ.

بەڵام بڕیاری دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی بە پێچەوانەی خواستی واشنتۆن رەنگە قومارێکی دیپلۆماسی بێت. بەو پێیەى ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی ڕێبازی ئەوروپییەکان.

ترەمپ ڕۆژی سێشەممە دەچێتە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوێ قسە دەکات و دواتر بەپێی زانیارییەکان چاوی بە سەرکردە عەرەبییەکان دەکەوێت، ئەمەش بە تەواوی جیاوازە لە کارەکانی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان.

ئەم نەبوونی هەماهەنگییە لە نێوان وڵاتانی سەرەکیدا، هەستکردن بە ئاڵۆزى زیاتر دەکات، لە کاتێکدا قەتەر وەک ناوبژیوانی پێشووی ئیسرائیل و حەماس هێشتا دەستى بە هەوڵەکانى نەکردووەتەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم مانگەدا هێرشی کردە سەر سەرکردەکانی حەماس لەسەر خاکی خۆی.

هەردوو ماکرۆن و ستارمەر میراتی کۆلۆنیالیزمی وڵاتەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وروژاند. ئەوان بیریان هێنایەوە کە چۆن دوای ئەوەی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٤٨ لە فەلەستین کشایەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نا.

فەڵەستینییەکان پێشوازی لە دانپێدانانیان دەکەن لەلایەن ئەوروپییەکانەوە، بەڵام دەزانن ئەمانە زلهێزەکانی ڕابردوون. بڕیارەکانیان وەک جاران حسابى بۆ ناکرێت.

دەوڵەتبوونی فەڵەستین تەنیا لەو کاتەدا دەبێتە شتێکی جێبەجێکراو کە لەلایەن زلهێزی ئەمڕۆوە کە ئەمەریکایە، پشتگیری بکرێت. لەکاتێکدا ترەمپ تا ئێستا بیرۆکەی تری هەیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی