مانگ
سبەی
ماددەی ژەنگ لەسەر رووی مانگ بەدیکراوە، ئەویش بەهۆی ئەو شەپۆلانەی لە زەوییەوە بەرە و مانگ هەڵدەکەن و ئایۆنەکانی ئۆکسجینیان هەڵگرتووە. ئەم دۆزینەوەیە تێڕوانینێکی نوێ پێشکەش دەکەن، سەبارەت بە پەیوەندی قووڵ و بەیەکەوە گرێدراوی نێوان زەوی و مانگە سروشتییەکەی.
ژەنگ کە بە هیماتیت ناسراوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2020 لە ئەرکێکی بۆشایی ئاسمانی هیندستان لەسەر مانگ دۆزرایەوە. بوونی ئەم کانزایە کە دەوڵەمەندە بە ئاسن، تەنها پەیوەست نییە بە ژینگەی کیمیایی مانگ، چونکە کاتێک دروست دەبێت، کە بەردەکان کارلێک لەگەڵ ئاو و ئۆکسجین بکەن.
شوای لی، زانای هەسارەکان کە سەرکردایەتی ئەو تیمەی ساڵی 2020ی کرد، دۆزینەوەکەی بە "زۆر سەرسوڕهێنەر" وەسف کرد.
نەبوونی ئۆکسجین بەشێوەیەکی سروشتی لەسەر مانگ، وایکردووە لی و زانایانی دیکە گریمانە بکەن، کە لە دیاردەیەکەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە "بای زەوی" ناسراوە. ئەمەش کاتێک روودەدات، کە زەوی لە نێوان خۆر و مانگدا تێدەپەڕێت و رێگری لە رۆیشتنی تەنۆلکەکانی خۆر دەکات بۆ ماوەی نزیکەی پێنج رۆژ لە مانگێکدا.
لەم ماوەیەدا مانگ بەر نایترۆجین و هایدرۆجین و ئۆکسجین دەکەوێت، کە لە بەرگەهەوای زەویەوە دەردەچێت. ئەم تەنۆلکە بارگاوییانە دەتوانن بچنە ناو خاکی مانگەوە و کارلێکە کیمیاییەکانی پێویست بۆ دروستبوونی ژەنگ دەستپێبکەن.
تیمێکی زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای ماکاو توانیان بە ھاوشێوەکردنی ئەم سیناریۆیە لە تاقیگەدا بیسەلمێنن، کە بای زەوی هۆکاری ژەنگاویبوونی مانگە. دوای ئازادکردنی ئایۆنەکانی هایدرۆجین و ئۆکسجین بۆ کانزای دەوڵەمەند بە ئاسن، کە ناسراون و لەسەر رووی مانگ هەن، زاناکان تێبینیان کرد کە ژەنگیان دروست کردووە.
ئەم دۆزینەوانە لە گۆڤاری توێژینەوەی زەوی و بۆشایی ئاسمان بڵاوکراونەتەوە. توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئەم دۆزینەوانە تێڕوانینێکی گرنگ لەبارەی بڵابوونەوەی ژەنگ لەسەر مانگ دەدەن و بەڵگەی ئاڵوگۆڕی درێژخایەنی مادەکان لە نێوان زەوی و مانگدا دەخەنەڕوو".