
دوزەن تەککال
سبەی
دوزەن تەككال كچە چالاكوان و رۆژنامەنوسێكی كوردی ئێزدییە، پێشتر چاوپێكەوتنی لەگەڵ چەندین سەركردەی دیار هەبووە، لەوانەش مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات.
لەپەراوێزی كۆبوونەوەی لوتكەی نەتەوە یەكگرتووەكان كچە رۆژنامەنوسێكی كورد دەردەكەوێت كە دەچێتە لای ئەحمەد شەرع و پرسیاری كەمینەكانی سوریای لێدەكات، ئەو گرتە ڤیدیۆیەش بووەتە جێی سەرنجی تەواوی میدیا جیهانی و عەرەبییەكان.
دوزەن تەككال ناوی ئەو رۆژنامەنوسە كچەیە و لەدایكبووی ساڵی 1978 ی ئامەدی باكوری كوردستانە، ئەو كوردی ئێزدییە، لەتەمەنێكی كەمی منداڵیدا لەگەڵ خانەوادەكەی روودەكاتە تاراوگە و لەوڵاتی ئەڵمانیا دەگیرسێنەوە، ساڵی 2007 زانكۆی لایبێنتس لە هانۆڤەر تەواودەكات و دواتر ماجستێر لە زانستە سیاسییەكان بەدەستدەهێنێت و نامەی ماستەرەكەی لەبارەی كوردانی ئێزدی لە بارودۆخە سیاسییەكاندا نوسیوە.
ئەو كچە كوردە رۆژنامەنوسێكی لێهاتووە و ساڵی 2018 لەلایەن دامەزراوەی ( بزووتنەوەی ئەوروپا- ئەڵمانیا ) وە نازناوی خانمی فەخری ئەوروپای پێبەخشرا، بەهۆی ئەو كارە رۆژنامەوانیانەی لەبارەی قوربانیانی ئێزدی و كەمینەكانەوە كردبووی.
دوزەن ئێستا بووەتە سەردێڕی میدیاكان، بەهۆی ئەوەی لە پەراوێزی كۆبوونەوە و وتارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەچێتە لای ئەحمەد شەرع سەرۆكی ئێستای سوریا و پێی دەڵێت دەمەوێت چەند پرسیارێكت لێبكەم، بەڵام راستەوخۆ لەو كاتەدا ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا بەپەلە خۆی دەگەیەنێتە لای و بە چاو ئاماژە بۆ سەرۆكی سوریا دەكات كە قسەی بۆ نەكات، ئیتر پاسەوانەكانی دووری دەخەنەوە و پێی دەڵین دواتر.
دوزەن تەككال لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی:" بۆ من ئاسان نەبوو كە بچمە بەردەم ئەحمەد شەرع، چونكە ئەو پیشتر سەرۆكایەتی بەرەی نوسرە و ئازادكردنی شامی كردووە و بووەتە هۆی مردنی كوردە ئێزدییەكان لە عێراق".
دەشڵێت " چومە بەردەمی و ویستم پرسیار لەبارەی كەمینەكانی سوریاوە بكەم، بەڵام هیچ وەڵامێكم دەستنەكەوت".
لەكاردانەوەی ڤیدیۆكە بەشێكی لە هاوڵاتییانی كوردیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسیویانە چواردەورەكەی سەرۆكی سوریا شارەزان لەوەی كە كچانی كورد ئازا و بوێرن، بۆیە رێگریان لە سەرۆكەكەیان كرد قسە بكات تا نەكەوێتە دۆخێكی شەرمەزاركەرەوە.
