ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سبەی
پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەست قەیرانە دووبارەبوەوەکانی پەیوەست بە دەستەبەرکردنی نیسابی یاسایی کۆبوونەوەکان دەناڵێنێت.
لە کۆتا دانیشتنی پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن، جارێکی دیکە پەرلەمان شکستی هێنا لە کۆبوونەوە، ئەمەش وایکرد مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان هۆڵەکە بەجێبهێڵێت و هەوڵی رازیکردنی پەرلەمانتاران بدات بۆ گەڕانەوە، بەڵام دواتر لە کافتریای پەرلەمان پەرلەمانتارانی کردە دەرەوە، کە سەرقاڵی قاوە خواردنەوە بوون. ئەمەش رەنگدانەوەی دابەزینی ئەدای یاسادانان و زیادبوونی نیگەرانییەکانە سەبارەت بە توانای دامەزراوەکە بۆ دەرکردنی یاسای گرنگ لە خولی ئێستادا.
عالەم جەدید بڵاویکردەوە: "مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان زیاتر لە جارێک چووە کافتریای پەرلەمان بۆ بانگهێشتکردنی پەرلەمانتاران، بۆ ئەوەی بچنە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بەڵام بێ سوود بوو". هەروەها موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان داوای لە ئەندامانی پەرلەمان کرد ئامادەبن و نیسابی یاسایی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە بەدەست بهێنن، بەڵام ئەویش شکستی هێنا.
لە بەیاننامەیەکی کورتدا کە بە پێگەی عالەم جەدید گەیشتووە، مەندەلاوی وتی: “کارنامەی ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان کە ئەنجام نەدرا، بریتی بوو لە دەنگدان لەسەر زیاتر لە دە یاسای گرنگ کە کاریگەرییان لەسەر چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی عێراق هەیە”. جەختی لەوە کردەوە کە یاساکان “پێویستی بە بەشداری چالاکانەی نوێنەران هەیە، بەو پێیەی یاسای گرنگن و هاوڵاتیان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکەن”.
رۆژی 17ی مانگی رابردوو، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ جاری سێیەم لەسەریەک لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادەنەبوون، ئەمەش سەرەڕای بانگهێشتەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئامادەبوون و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی یاسایی.
رۆژی 26ی ئابیش، لە کاتێکدا پەرلەمان سەرقاڵی پەسەندکردنی لیستی باڵیۆزی نوێیەکان بوو، بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بەشێک لە پەرلەمانتاران ، کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت، ئەمەش زریانێکی لێکدانەوەی جیاواز و تۆمەتی چەسپاندنی سیستمی پشک پشکێنەی لێکەوتەوە.
هەرچەندە خولی ئێستای پەرلەمان کەمتر لە دوو مانگی ماوە، بەڵام پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەدای پەرلەمان بووەتە جێی مشتومڕێکی بەرفراوان لەنێو بازنەی سیاسیدا. بەجۆرێک رۆڵی بژاردەی سیاسی لە "شکستی بە ئەنقەست"ی دامەزراوەی یاسادانانی وڵاتدا زیاتر بووە.
لەکاتێکیشدا هێزەکان یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەوەی رێگری لە کارەکانی پەرلەمان دەکەن، بە رێگریکردن لە گەیشتن بە نیسابی یاسایی، بەڵام هەموو لایەنەکان هاوبەشن لەو رێگرییەدا، بە بەڵگەی گرتە ڤیدیۆییەکانی دانیشتنەکان کە میدیای فەرمی عێراق بڵاویکردۆتەوە.
جێگای سەرنجیشە 150 یاسای هەڵپەسێردراو و 23 لێپرسینەوە و پرسیار چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی پەرلەمانن لە ماوەی خولی یاسادانانی ئێستادا.
هۆکاری سەرەکی بەردەوامبوونی قەیرانە دووبارەبووەکانی پەیوەست بە نیسابی یاسایی لە خولی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ دابەشبوونی سیاسی توند و هەڵوێستی ناکۆک سەبارەت بە کارەلەپێشینەکانی یاسادانان دەگەڕێتەوە. بەو پێیەی زۆرێک لە رەشنووسی یاساکانی پەیوەست بە پرسە هەستیارەکان، وەک حەشدی شەعبی و چاکسازی لە وەزارەتی پەروەردە، بەبێ یەکلاکردنەوە و بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
کارنامەکان دواخراوە گرنگەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بریتییە لە هەموارکردنی سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەو قوربانیانەی کە بەهۆی رژێمی پێشووەوە ئەندامەکانی جەستەیان لەدەستداوە، هەموارکردنی یەکەمی یاسای دەسەڵاتی نیشتمانیی رێکخستنی ئەتۆمی، تیشک، کیمیایی و بایۆلۆجی، رەشنووسی یاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە و رەشنووسی یاسای تەندروستی دەروونی.
هەروەها لە کارنامەکەدا دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای پەسەندکردنی رێککەوتننامەی سەرمایەگوزارییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی سعودیە و رەشنووسی یاسای پەیوەستبوونی عێراق بە رێککەوتننامەی پێشانگە نێودەوڵەتییەکان و رەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ تایبەت و تێکەڵاوەکان و چەندان یاسای گرنگی تر لەخۆگرتبوو.