دیمەنێکی دوای بۆردومانی زیندانی ئەڤین
سبەی
تەنها رۆژێك پێش كۆتایی هاتنی شەری 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل بە فەرمانی وەزیری شەڕی ئیسرائیل هێرش كرایە سەر زیندانی ئێڤینی تاران، كە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەكان لە هێرشەكەدا نزیكەی 80كەس بوونە قوربانی، بیبی سی فارسی لە راپۆرتێكدا لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكان زانیاریی نهێنی لەبارەی ئەو هێرشە ئاشكرا دەكات.
"بۆ من دۆزەخ ئەو ساتە نەبوو كە ئیسرائیل هێرشی كردە سەرمان، بەڵكوو ئەو ساتە بوو كە دەرگای زیندانە تاكەكەسییەكەیان بۆ نەدەكردینەوە"
ئەمە گێڕانەوەی موتەهەرە گونەییەیە چالاكوانێكی سیاسی كە لە كاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین، لە زیندانی تاكەكەسی لە هۆبەی ٢٠٩ی ئێڤین زیندانی كرابوو.
موتەهەرەگونەیی بە بی بی سی فارسی ڕاگەیاندووە" كاتێك تاریكی زیندان تێكەڵ بە دەنگی تەقینەوە یەك لە دوای یەكەكان بوو، پێموابوو "ژیان كۆتایی هاتووە"، ئەو ساتانەی كە ئەو و زیندانییەكانی دیكە "لە دەرگا داخراوەكانی ژوورە تاكەكەسییە تاریك و پڕ لە دوكەڵەكانیان دەدا، بەڵام پاسەوانانی زیندان دەرگاكەیان بۆ نەدەكردنەوە".
لە 22ی حوزەیرانی ساڵی 2025 كە دوا ڕۆژی شەڕی ئیسرائیل و ئێران بوو، پایتەختی ئێران لە ژێر توندترین هێرشی ئاسمانیدا بوو و زیندانی ئەڤین لەو ئامانجانە بوو كە ئیسرائیل كاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە "هێمای سەركوتی حكومەت لە دڵی تاران" ناوی برد.
زیندانییەكی سیاسی پێشوو، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت و لە كاتی هێرشەكەدا لە نزیك زیندانی ئەڤین بووە، بە بی بی سی ڕاگەیاندووە: "هەر كەسێك تەنانەت یەك ڕۆژ لە زیندانی ئەڤین بووبێت، خەونی بە كردنەوەی دەرگا و ئازادی بینیوە، بەڵام هێرشكردنە سەر زیندانی ئەڤین ئەو خەونەی كردە كابوسێكی تەواو".
دوابەدوای هێرشەكەی ئیسرائیل بەبێ ئەوەی زیندانییەكان ئازاد بكرێن، نزیكەی دوو مانگ زیندانی ئەڤین چۆڵ كرا، بە هۆی ئەوەی هێرشەكە زیانێكی زۆری بە زیندانەكە گەیاندبوو و بە وتەی سەرۆكی ڕێكخراوی زیندانەكانی ئێران سەرجەم زیندانییەكان بۆ زیندانەكانی دیكە گواستراونەوە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا لە هەمان ڕۆژی هێرشەكەدا ڕایگەیاند كە هێرشی كردووەتە سەر زیندانی ئەڤین و هێرشەكەی بە وردبینیەوە ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی كەمترین زیان بە هاوڵاتیانی مەدەنی زیندانیكراوی ناو زیندانەكە بگات.
لەو كاتەی ئیسرائیل هێرشی كردە سەر زیندانی ئێڤین 100 ڕۆژ تێپەریوە و هێرشەكە ئەوەندە كوشندە بوو كە زیندانی ئێڤینی كردە تاكە شوێن كە زۆرترین زیانی گیانی لە خەڵكی مەدەنی لە ماوەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران كە ١٢ ڕۆژەی خایاند لێكەوتەوە، بەپێی وتەی بەرپرسانی دەزگای دادی ئێران، لەو هێرشەدا 80 هاوڵاتی مەدەنی كوژراون و تا ئێستاش ناسنامەی بەشێك لە كوژراوەكان نادیارە.
لای خۆیەوە بەشی ڕاستیدۆزی بی بی سی فارسی بە پشكنینی وێنەی مانگی دەستكرد و بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و چاوپێكەوتن لەگەڵ شایەتحاڵان و زیندانییەكان وردەكاری نوێی هێرشەكەی دەستكەوتووە و ناسنامەی سێ كەس لە كوژراوەكانی ئاشكراكردووە، لە نێوانیاندا دوو زیندانی ئەمەریكی بەرەگەز ئێرانی.
چ بەشێكی زیندانی ئەڤین كەوتە بەر هێرشی ئیسرائیل؟
بی بی سی فارسی لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە ئاشكرای دەكات، لە دەوروبەری كاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ بەلایەنی كەمەوە بە 6 موشەك زیندانی ئەڤین كرایە ئامانج.
لەم هێرشەدا دەرگای سەرەكی زیندانی ئەڤین لەگەڵ دادگای شەهید موقەدەس و دیواری تەنیشتی و هەروەها دەرگای دووەم یان ناوەوەی زیندانەكە كە لە نێوان بەشی كەرەنتینە و بینای ئیداری زیندانەكە وێران كران، لە دیوی باكووری ڕۆژهەڵات دیواری پشتەوەی بەشی 240 و 241 و هەروەها دەرگای چوونە ژوورەوەی هۆڵی كۆبوونەوە و دادگای شەهید كەچوویی بە شێوەیەك وێران كران كە بە جۆرێك گریمانە دەكرا كە سوپای ئیسرائیل بەنیازی ئەوە بووە لە هەردوو دیوی زیندانەكەوە ڕێگەی هەڵاتن دروست بكات.
بەپێی ئامارەكانی دەسەڵاتی دادوەری، لە ئەنجامی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەڤین، 75 زیندانی هەڵاتن، كە بەشێكیان دەستگیركراون یان بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە زیندان.
لە هێرشەكەدا چ كەسانێك كوژران؟
بەگوێرەی ئاماری دەزگای قەزایی ئێران، لە هێرشەكەی سەر بەندیخانەی ئێڤین، 80 كەس كوژراون لە نیێوانیاندا كارمەندانی زیندان، زیندانیەكان، كارمەندی پزیشكی، سەرباز، بنەماڵەی زیندانییەكان و دانیشتوانی گەڕەكەكانی دەوروبەری ئەڤین، ڕێكخراوی زیندانەكان ڕایگەیاند پێنج زیندانی لە نێو كوژراوەكاندا بوون، بەڵام ناوەكانیان ئاشكرا نەكردووە.
كوژراوانی هێرشەكەی ئیسرائیل تەنها لە نێو زیندانەكەدا سنووردار نەبوون، مێهرەنگز ئەمینپوور، هونەرمەند و نیگاركێش و دانیشتووی گەڕەكی ئەڤین، لە ناو ئەو كوژراوانەن كە بی بی سی توانیویەتی ناسنامەكەیان پشتڕاست بكاتەوە.
دەزگای دادوەری و ڕێكخراوی زیندانەكانی ئێران ریكلامێكی زۆریان لەسەر هێرشەكەی سەر زیندانی ئەڤین و كارمەندە كوژراوەكانی زیندان كرد و چەندین مەراسیمی یادكردنەوەیان بۆ ئەنجامدا، بەڵام هیچ ئاماژەیەكیان بە كوژراوەكانی دیكە نەكرد و تا ئێستاش ژمارە و ناوی وردیان بڵاونەكراوەتەوە.
بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكرێت زیندان ببێتە ئامانجێكی سەربازی؟
لە ڕۆژی هێرشی سەر زیندانی ئەڤین، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا بانگەشەی ئەوەی كرد، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری دژی ئیسرائیل، لەوانەش دژە سیخوڕی لە زیندانەكە هۆكاری هێرشە ئاسمانییەكەی سەر بەندیخانەی ئەڤین بووە، بەڵام پرسیارە گرنگەكان بێ وەڵام ماونەتەوە: لە زیندانی ئەڤین هێرش كرایە سەر چەند خاڵ و بە چ جۆرە چەكێك؟ مەبەست لە چالاكییە هەواڵگرییەكان لە دژی ئیسرائیل لە زیندانەكەدا چییە؟ و ئایا سوپای ئیسرائیل پێشبینی مردنی هاوڵاتیانی مەدەنی كردووە؟ ئەمانە پرسیارگەلێكن كە بی بی سی چەند جارێك لەگەڵ سوپای ئیسرائیل وروژاندووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەدایەوە.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و هیومان ڕایتس وۆچ، لە ڕاپۆرتی جیادا، هێرشی سەر ئەڤینیان بە نموونەی تاوانێكی جەنگی ڕوون ناوبرد و بە "نایاسایی"یان زانی.
هێرش بۆ سەر زیندانی ئەڤین كاردانەوەی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێكەوتەوە. سامین ئەلخەیتان، وتەبێژی فەرمانگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، زیندانی ئەڤین "ئامانجێكی سەربازیی نەبووە" و هێرشەكەی بە "پێشێلكارییەكی جددی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی" ناوبرد.
مەبەست لە ئامانجی "سەربازی و مەدەنی" لە شەڕە چەكدارییەكان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان چییە؟
تۆم دێننبام، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە زانكۆی ستانفۆرد، بە بی بی سی ڕاگەیاند" ئامانجی مەدەنی بە هەر ئامانجێك پێناسە دەكرێت كە پێوەرەكانی بۆ بوون بە ئامانجی سەربازی بەدی نەهێنێت و لەو شوێنانەی كە گومان هەبێت لەوەی ئامانجێكی دیاریكراو ئامانجێكی سەربازییە یان نا، پێویستە وا گریمانە بكرێت كە ئامانجێكی مەدەنییە".
دێننبام دەڵێت: "كاتێك بڕیارە بكۆڵینەوە لە چ بارودۆخێكدا ئامانجێك دەبێتە ئامانجێكی سەربازی، ئەو ڕێسایە لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا دەڵێت كە دەبێت بزانین ئایا ئامانجەكە، بە سروشت، شوێن یان بەكارهێنانی، بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری لە كردەوەی سەربازیدا دەكات، بە شێوەیەك كە لەم حاڵەتەدا لەناوبردنی قازانجێكی سەربازیی دیاریكراو بۆ لایەنی هێرشبەر دابین دەكات".
بەپێی وتەی تۆم دێننبام، بە پشتبەستن بە زانیارییە هەنووكەییەكان، هەموو كوژراوەكان هاووڵاتی مەدەنی بوون، چونكە پاسەوان و زیندانییەكان و سەردانكەران هەموویان لەم چوارچێوەیەدا بە مەدەنی دادەنرێن.