لە حەلەب چی دەگوزەرێت؟؛ حکومەتی سوریا گەمارۆی دوو گەڕەکە کوردییەکە دەدات

#سوریا#حەلەب#کورد
8 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • هێزەکانی حکومەتی سوریا دوو رێگای گرنگیان داخست کە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بە شارەکان و لادێکانی باکورەوە دەبەستێتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی چەندان قەیران و پرسیاری زۆری وروژاندووە.
  • حەوت رێگای سەرەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بە ناوچەکانی تر دەبەستێتەوە، ئەوانیش رێگاکانی لیرەموون، جەندول، شەقامی حەدیقە، شەیحان، تەڵعە ئەشرەفییە، عەوارز و جەزیرە، کە پەیوەندی نێوان گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و گەڕەکەکانی شاری حەلەب پێکدەهێنن.
Primary Asset

دیمەنی شەرڤانێکی کورد یەکێک لە گەڕەکە کوردیەکان دەپارێزێت

سبەی

هێزەکانی حکومەتی سوریا دوو رێگای گرنگیان داخست کە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بە شارەکان و لادێکانی باکورەوە دەبەستێتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی چەندان قەیران و پرسیاری زۆری وروژاندووە.

دۆخی مەیدانی چۆنە؟

حەوت رێگای سەرەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بە ناوچەکانی تر دەبەستێتەوە، ئەوانیش رێگاکانی لیرەموون، جەندول، شەقامی حەدیقە، شەیحان، تەڵعە ئەشرەفییە، عەوارز و جەزیرە، کە پەیوەندی نێوان گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و گەڕەکەکانی شاری حەلەب پێکدەهێنن.

بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە یەکی نیسانی ئەمساڵ لە نێوان ئەنجومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و نوێنەرانی حکومەتی راگوزەر لە شاری حەلەب واژۆکرا، حەوت خاڵی پشکنینی هاوبەش لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی گشتی و ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکە لەسەر ئەم رێگا سەرەکییانە دانرا.

بەڵام پێشێلکارییەکانی ئەم دواییەی حکومەتی راگوزەر کە 77 پێشێلکاری بووە بەشداربووە لە گرژییەکان، لە گەشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، تا دەگاتە رفاندنی خەڵکی مەدەنی لەسەر رێگاکان و گۆڕینی دامەزراوە مەدەنییەکانی دەوروبەری ئەو دوو گەڕەکە بۆ بنکەو پێگەی سەربازی، بەتایبەتی نەخۆشخانەکان.

هێزەکانی حکومەتی راگوزەر دەستیان کرد بە دروستکردنی بەربەست لە دیوی رێگاکەیان

دوو رۆژ لەمەوبەر هێزەکانی حکومەتی راگوزەر دەستیان کرد بە دروستکردنی بەربەست لە دیوی رێگاکەیان، ئەمەش بووە هۆکاری داخستنی ئەو دوو رێگا گرنگە. یەکەمیان شەقامی بازنەیی لیرەمون، کە دەکەوێتە رۆژئاوای گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. دووەمیان داخستنی رێگای بازنەیی جەندولە، کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو دوو گەڕەکە. هەروەها بازگە هاوبەشەکانی سەر ئەم دوو رێگایە کارەکانیان راگرتووە.

داخستنی ئەو دوو رێگایە گرفتی بۆ ئۆتۆمبێل و پیادە دروستکردووە، کە ناچارن رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو دوو رێگایە ناوچەی کارگەکان لە جەرگەی گەڕەکی ئەشرەفیە و ناوچەی پیشەسازی شەقیف لە گەڕەکی شێخ مەقسوود، بە پلەی یەکەم بە ناوچەکانی دیکە دەبەستێتەوە.

بەم پێیە پێنج رێگای سەرەکی گرنگ هەن کە بۆ جووڵە لە نێوان هەردوو گەڕەک و ناوچەکانی تر حەلەبدا بە کارا دەمێننەوە. بازگە هاوبەشەکانی سەر ئەو رێگایانە بەردەوامن لە کارکردن. بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دواییە پرسیار لەبارەی ئەگەری داخستنی ئەو رێگایانە لە ماوەی داهاتوودا دروستدەکەن.

هەروەها ئەنجومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە، قەدەغەکردنی پێدانی سووتەمەنی بۆ ئەو دوو گەڕەکە بەردەوامە. ئەم قەدەغەکردنە دوای داخستنی رێگای دێرحافر کە حەلەب بە ناوچەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەبەستێتەوە چڕتر بووەتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی