سیناریۆ تاریکەکان؛ ئەمەریکا چوار مەرجی تاڵی بۆ ئێران دیاریکردووە

#ئەمەریکا#ئێران#ئیسرائیل
8 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا چوار مەرجی توندی وەکو بنەمایەک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ ئێران دیاریکردووە. بەرپرسەکە دەڵێت لە کاتی رەتکردنەوەی مەرجەکاندا، ئەوا واشنتۆن پەرە بەهەڵکشانە سەربازییەکان تاکو دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی جەنگ دەدات.
  • ئەمەریکا چوار مەرجی تاڵی بۆ ئێران دیاریکردووە، تاوەکو بە دووربێت لە جەنگێکی نوێ، بە پێچەوانەشەوە رەتکردنەوەی مەرجەکان، ئێران بەرەو سیناریۆ تاریکەکان دەبات. گرنگترین مەرجەکان راگرتنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەتی، کە تاران لە ئێستادا بە بیانوی جیاجیا رەتیدەکاتەوە.
Primary Asset

سبەی

ئەمەریکا چوار مەرجی تاڵی بۆ ئێران دیاریکردووە، تاوەکو بە دووربێت لە جەنگێکی نوێ، بە پێچەوانەشەوە رەتکردنەوەی مەرجەکان، ئێران بەرەو سیناریۆ تاریکەکان دەبات. گرنگترین مەرجەکان راگرتنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەتی، کە تاران لە ئێستادا بە بیانوی جیاجیا رەتیدەکاتەوە.

بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا چوار مەرجی توندی وەکو بنەمایەک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ ئێران دیاریکردووە. بەرپرسەکە دەڵێت لە کاتی رەتکردنەوەی مەرجەکاندا، ئەوا واشنتۆن پەرە بەهەڵکشانە سەربازییەکان تاکو دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی جەنگ دەدات.

سەرچاوەیەک بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست چوار مەرجەکەی روون کردەوە، بریتین لە دانوستانی راستەوخۆ، راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، سنووردارکردنی پرۆگرامی مووشەکی و راگرتنی هاوکاری دارایی بۆ بریکارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم مەرجانە کە بەربەستە هەرە دیارەکانی خولەکانی پێشووی دانوستان بوون، پێدەچێت رووبەڕووی نەخێر و رەتکردنەوەی تاران ببنەوە. سەرچاوەکە دەڵێت، ئیدارەی ئەمەریکا پێیوایە کاتی ئەوە هاتووە فشارەکان لەسەر ئێران توندتر بکرێنەوە. هەروەها بڕوایان وایە، کە سزاکان "ژینگە" بۆ "چارەسەری دیپلۆماسی" دروست دەکەن.

مەرجەکانی ئەمەریکا هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی میکانیزمی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان کە بە "سناپباک" ناسراوە، کە بەهۆی ملنەدانی ئێران بۆ راگرتنی پرۆگرامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی، بەتایبەتی لەلایەن ئەوروپییەکانەوە بەسەریدا سەپێندراوە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت، سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاران، سەرلێشێواوی لە سیاسەتی ئێراندا دروستکردووە و فشارەکانی لەسەر ئابووری وڵاتەکە زیاتر کردووە، کە لە بنەڕەتدا بەدەست کاردانەوەی گەمارۆکانی پێشووەوە دەناڵێنێت.

هاوکات شارەزایان هۆشدارییان داوە کە بەردەوامی چەقبەستوویی دانوستانەکان، دەکرێت دەرگا بەڕووی نوێبوونەوەی ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل بکاتەوە، کە ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی گەڕێکی درێژخایەنی توندوتیژی.

ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی نوێ

والی نەسر، مامۆستای توێژینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز، بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی راگەیاندووە، "نەگەڕانەوە بۆ دانوستانەکان ئەگەری دووبارە رووبەڕووبوونەوە زیاد دەکات". ئاماژەی بەوەشکرد، "دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەبێتە وەستاندنی کاتیی دوژمنایەتییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران".

لە بەرەی دیپلۆماسیدا، بەرپرسێکی ئەوروپی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان، باشترین بژاردە نییە، ئاماژەی بەوەشکرد "دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە. ئێمە باوەڕمان بە چارەسەری سەربازی نییە بۆ قەیرانی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی".

پێشتریش بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، ئیسرائیل مافی خۆیەتی رێوشوێنی سەربازیی زیاتر لە دژی ئێران بگرێتەبەر و جەختی لەوە کردەوە "رێگریکردن لە بنیاتنانەوەی توانا ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران زۆر گرنگە".

دانوستانی سەخت بەبێ پێشکەوتن

دانوستانکارانی ئێران و ئەمەریکا لەماوەی هاویندا پێنج جار کۆبوونەوه ، بەڵام بەوتەی بەرپرسێکی ئەمەریکا بەهۆی "جددی نەبوونی ئێران" شکستیان هێنا. هاوکات تاران، واشنتۆن بە تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان تۆمەتبار دەکات.

دانوستانەکان دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران، کە بە جەنگی 12 رۆژ ناسراوە لە مانگی حوزەیران و هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سێ پێگەی ئەتۆمی ئێران وەستان. دواتر جەنگەکە بە ئاگربەستێکی لەرزۆک و بەبێ رێککەوتنێکی روون و رێڕەوی دیپلۆماسی کۆتایی هات.

سزاکان و وەڵامەکانی ئێران

ئەو سزایانەی کە بەپێی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە سەپێنراونەتەوە، بریتین لە گەمارۆی ئاسایی چەک، قەدەغەکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، سنووردارکردنی پرۆگرامی مووشەکی بالیستیکی ئێران، هەروەها قەدەغەکردنی گەشت و سڕکردنی سەروەت و سامان.

ئەم سنووردارکردنانە پێشتر لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کە لە نێوان تاران و ئیدارەی ئۆباما و وڵاتانی دیکەدا دانوستانیان لەسەر کرابوو، هەڵگیرا. دووبارە سەپاندنەوەیان، دوا شوێنەوارەکانی ئەو رێککەوتنە لادەبات کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمیدا لێی کشایەوە.

سەرەڕای ئەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، توانای بەرگەگرتنی ئەو گوشارانەی هەیە، بەڵام مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەی بەوەدا "دیواری بێمتمانەیی لەگەڵ ئەمەریکا زۆر بەرزە". هاوکات نرخی تمەن بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەڵاوسان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی