سێکوچکەی چاودێریی هەڵبژاردن: پەیڕەوەکانی کۆمسیۆن لە نێوان "ڕۆڵی نموونەیی" و "واقیعی سنووردار"دا

#کۆمسیۆن#هەڵبژاردن
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەرکردنی سێ پەیڕەوی نوێ بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، هەوڵیداوە ئەم سێکوچکەیە ڕێکبخات. بەڵام کەلێنەکانى ناو پەیرەوەکان و سنوردارکردنى رۆڵى هەریەک لە چاودێرانى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى و بریکارى قەوارە سیاسییەکان ئەوە دەردەخەن کە پرۆسەى چاودێریکردنەکە زیاتر بە ئاراستەى کۆنترۆلکردندا دەروات نەک رێکخستنى پرۆسەى چاودێرییکردنەکە.
Primary Asset

سبەى

هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی دیموکراتی، بۆ ئەوەی متمانەی گەل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، پێویستی بە سێکوچکەیەکی پتەوی چاودێری هەیە: چاودێری ناوخۆیی وەک ویژدانی زیندووی کۆمەڵگە، چاودێری نێودەوڵەتی وەک پێوەری ستانداردە جیهانییەکان، و بریکاری قەوارە سیاسییەکان وەک پارێزەری مافی کێبڕکێکاران. 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەرکردنی سێ پەیڕەوی نوێ بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، هەوڵیداوە ئەم سێکوچکەیە ڕێکبخات. بەڵام کەلێنەکانى ناو پەیرەوەکان و سنوردارکردنى رۆڵى هەریەک لە چاودێرانى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى و بریکارى قەوارە سیاسییەکان ئەوە دەردەخەن کە پرۆسەى چاودێریکردنەکە زیاتر بە ئاراستەى کۆنترۆلکردندا دەروات نەک رێکخستنى پرۆسەى چاودێرییکردنەکە.

 چاودێری ناوخۆیی: لە "پاسەوانی دیموکراسی"یەوە بۆ "تێبینی نووسێکی بێدەسەڵات"

لە سیستمێکی دیموکراتیدا، چاودێرانی ناوخۆیی (کۆمەڵگەی مەدەنی) ڕۆڵی "پاسەوانی دیموکراسی" دەگێڕن. ئەوان چاوی بێلایەنی هاوڵاتیانن کە بە وردی چاودێریی هەموو قۆناغەکان دەکەن، سەرپێچییەکان بە بەڵگەوە تۆمار دەکەن، و توانای جوڵاندنی سکاڵای یاساییان هەیە بۆ ڕاگرتنی هەر هەوڵێکی ساختەکاری. ئەوان دەبنە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆسەکە و بنیاتنانی متمانەی گشتی. بەڵام لە پەیڕەوی ژمارە (6)ی ساڵی 2025 ى کۆمسیۆنى هەڵژاردنەکانى عێراقدا تایبەت بە چاودێرانى ناوخۆیی، ئەم ڕۆڵە نموونەییە کورت کراوەتەوە. بەجۆرێک چاودێران تەنها دەتوانن تێبینییەکانیان بنوسن و مافى سکاڵا نوسینیان نییە، ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە  بە قەدەغەکردنی مافی تۆمارکردنی سکاڵا و سنووردارکردنی رۆڵى چاودێران تەنها لە "ئاگادارکردنەوەی فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن"، پەیڕەوەکە لە جیاتی "پاسەوان" بەسەر پرۆسەى هەڵبژاردنەکەوە کە وەک ویژدانى زیندوى گەل دەناسرێت، "تێبینی نووسێک"ی دروست دەکات. کە ناتوانێت بە فەرمی و یاسایی ڕێگری لە پێشێلکارییەک بکات کە بە چاوی خۆی دەیبینێت، کاریگەرییەکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە و  بەوهۆیەوە  دەنگی بێلایەنی کۆمەڵگە کپ دەکرێت و توانای لێپرسینەوەی خێرای لێ زەوت دەکرێت.

چاودێری نێودەوڵەتی: لە "دادوەری بێلایەن"ەوە بۆ “میوانێکی ڕێزدار”

چاودێرانی نێودەوڵەتی دەبنە پێوەرێک بۆ بەراوردکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی وڵاتێک لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکاندا. بوونیان شەرعییەت بە ئەنجامەکان دەبەخشێت و وەک "دادوەرێکی بێلایەن" ڕاپۆرتی خۆیان بڵاودەکەنەوە کە کاریگەریی دیپلۆماسی و سیاسیی گەورەی هەیە. ئەوان دەتوانن فشار دروست بکەن بۆ چاکسازی و ڕێگری لە پێشێلکارییە گەورەکان بکەن، بەڵام پەیڕەوی ژمارە (7)ی ساڵی 2025دا، ڕۆڵی چاودێری نێودەوڵەتی زیاتر وەک "میوانێکی ڕێزدار" پیشان دەدات نەک "دادوەرێکی کاریگەر". ئەوانیش، وەک چاودێرانی ناوخۆیی، لە مافی تۆمارکردنی سکاڵا بێبەش کراون. جگە لەوەش،  لە برگەى یەکەمى ماددەى دووەمى پەیرەوەکەدا هاتووە، کە کۆمیسیۆن تیمە نێودەوڵەتییەکان تۆمار دەکات بۆ چاودێریکردنی تەواوی قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەرمی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، ئەم لە کاتێکدا ئالیەتى وەرگرتنى رەزامەندى فەرمى لە لایەنە پەیوەندیدارەکان روون نەکراوەتەوە، هەروەها بەشێوەیەکى گشتگیر باس لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و  کە زاراوەیەکى گشتى و ناروونە و ئەمەیش دەکرێت وەک فلتەرێک بەکاربهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کە بە ڕەخنەگر و جددی ناسراون، ئەمەیش ئەو گومانە دروست دەکات کە تەنها رێگە بەو چاودێرە نێودەوڵەتییانە بدرێت کە حکومەت و دەسەڵاتدارانى عێراقى خوازیارییانن نەک پێویستى نەزاهەتى پرۆسەى هەڵبژاردنەکە. 

 بریکاری قەوارە سیاسییەکان: لە "پارێزەری ماف"ەوە بۆ "کێبڕکێکارێکی دەست بەستراو"

بریکاری قەوارە سیاسییەکان وەک پارێزەری ماف و دەنگەکانی قەوارەکەی دەناسرێت. دەبێت مافی تەواوی هەبێت بۆ چاودێریکردنی وردی هەموو جوڵەیەک لە بنکەی دەنگداندا، تێبینییەکانی بە فەرمی پێشکەش بکات، و لە کاتی هەر گومان و پێشێلکارییەکدا، بە خێرایی سکاڵای یاسایی بجوڵێنێت لەدۆخى قورسیشدا رێکارەکان بوەستێنێت تا کێشەکە یەکلایی دەبێتەوە. بەڵام لە پەیڕەوی ژمارە (5)ی ساڵی 2025 ى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقدا ، سەرەڕای ئەوەی مافی تۆمارکردنى سکاڵا بە بریکارەکان دراوە (کەئەمە خاڵێکی ئەرێنییە بە بەراورد بە چاودێران)، بەڵام لە هەمان کاتدا بە بڕگەیەکی دژبەیەک دەسەڵاتى بریکاری کیانە سیاسییەکان لاواز دەکات،  وەک لە خاڵى پێنجەمى مادەى سێیەمى پەیرەوەکەدا هاتووە  کە "فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن پابەند نین بە وەرگرتنی ڕاپۆرتەکانی بریکارە سیاسییەکان". ئەمەیش دەرگایەکی فراوان بۆ مشتومڕ و لێکدانەوەی جیاواز دەکاتەوە. بەجۆرێک کە بریکارێک کە نەتوانێت تێبینییەکی سادە و خێرا بگەیەنێت و ناچار بێت پەنا بۆ سکاڵا نوسین ببات، کاتێکی بەنرخ لەدەست دەدات ئەگەرى هەیە  لەو ماوەیەدا پێشێلکارییەکە ئەنجام درابێت، هەروەها لەلایەکى تریشەوە یەکسانیی دەرفەتەکان لە نێوان پارتە گەورەکان (کە توانای جوڵاندنی تیمێکی گەورەی یاساییان هەیە) و کاندیدە تاکەکەسی  و پارتە بچووکەکان (کە توانایان سنووردارە) تێکدەچێت.

چەند نمونەیەکى وڵاتان کە چاودێرانی ناوخۆیی مافی سکاڵایان هەیە یان ڕۆڵی کاریگەریان هەیە:

1- فیلیپین:

 فیلیپین یەکێکە لە دیارترین نموونەکان لە جیهاندا کە کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵێکی زۆر چالاکی هەیە. ڕێکخراوەکانی وەک NAMFREL (National Citizens' Movement for Free Elections) و PPCRV (Parish Pastoral Council for Responsible Voting)  نەک تەنها چاودێری دەکەن، بەڵکو مافی یاساییان هەیە کە سکاڵای فەرمی پێشکەش بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن (COMELEC) بکەن. ڕاپۆرت و بەڵگەکانیان زۆرجار وەک بەڵگەی سەرەکی لە دادگاکانی هەڵبژاردندا بەکاردەهێنرێن و دەتوانن ببنە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەندێک ناوەندى دەنگدان.

2- غانا:

هاوپەیمانیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناسراو بە CODEO (Coalition of Domestic Election  Observers)  ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت. ئەوان نەک تەنها سکاڵا پێشکەش دەکەن، بەڵکو بە سیستەمی PVT (Parallel Vote Tabulation) ئەنجامەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ کۆدەکەنەوە و بەراوردی دەکەن لەگەڵ ئەنجامە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن. ئەمە فشارێکی گەورە لەسەر کۆمیسیۆن دروست دەکات بۆ ئەوەی شەفاف بێت، و هەر جیاوازییەک دەبێتە بنەمایەک بۆ لێکۆڵینەوەی یاسایی.

3- مەکسیک:

لە مەکسیک، دوای چاکسازییە گەورەکانی هەڵبژاردن لە دەیەی ١٩٩٠دەکاندا، یاسا مافی بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوە کە وەک چاودێر متمانە وەربگرن. ڕێکخراوی Alianza Cívica  یەکێکە لە نموونە هەرە ناسراوەکان. چاودێران دەتوانن ڕاپۆرتی فەرمی و سکاڵا پێشکەش بە دادگای هەڵبژاردنی فیدراڵی (TEPJF) بکەن. ڕاپۆرتەکانیان زۆرجار لەلایەن دادوەرەکانەوە وەک بەڵگەی پشتیوانیکار بەکاردەهێنرێن بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵای پارتە سیاسییەکان.

4- ئیندۆنیزیا:

دوای ڕووخانی ڕژێمی سۆهارتۆ، ئیندۆنیزیا سیستمێکی هەڵبژاردنی زۆر کراوەی دامەزراند. ڕێکخراوەکانی چاودێریی ناوخۆیی وەک  JPPR (Jaringan Pendidikan Pemilih untuk Rakyat)  نەک تەنها چاودێری دەکەن، بەڵکو سکاڵای فەرمی پێشکەش بە Bawaslu (Election Supervisory Agency)  دەکەن، کە دەزگایەکی تایبەتە بە چاودێریکردن و وەرگرتنی سکاڵاکان. ، ئەم دەزگایە  دەسەڵاتی هەیە ڕاستەوخۆ لێکۆڵینەوە بکات و تەنانەت پێشنیاری سزای کارگێڕی یان ناردنی دۆسیەکە بۆ داواکاری گشتی بکات. 

 

نمونەى چەند وڵاتێک کە ڕاپۆرتی چاودێرانی نێودەوڵەتی کاریگەریی یاسایی یان نیمچە یاسایی هەیە:

بەشێوەیەکى گشتى مافی سکاڵای ڕاستەوخۆ بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی کەمتر باوە، چونکە ئەمە وەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتێک سەیر دەکرێت. بەڵام لە چەندین وڵاتدا، ڕاپۆرت و تێبینییەکانیان بەهایەکی زۆر بەرزیان هەیە و دەبنە بنەمایەکی گرنگ بۆ پرۆسەی سکاڵا:

1- وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا (OSCE):

 لەم وڵاتانەدا، ڕاپۆرتەکانی OSCE/ODIHR (Office for Democratic Institutions and Human Rights)  بەهایەکی یاسایی و سیاسیی زۆر بەرزیان هەیە. هەرچەندە ئەوان خۆیان ڕاستەوخۆ سکاڵا تۆمار ناکەن، بەڵام ڕاپۆرتە سەرەتایی و کۆتاییەکانیان دەبنە بەڵگەیەکی سەرەکی بۆ پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان تا سکاڵاکانیان لە دادگا نیشتمانییەکان و دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ (ECHR) بجوڵێنن. زۆرجار دادگاکان ئاماژە بە راسپاردەکانیان دەکەن لە بڕیارەکانیاندا.

2- وڵاتانی ئەمریکای لاتین:

 ڕێکخراوی وڵاتانی ئەمریکی (OAS)  یەکێکە لە چالاکترین ڕێکخراوەکان لە چاودێریی هەڵبژاردندا. ڕاپۆرتەکانی شاندەکانی چاودێریی OAS  کاریگەرییەکی زۆر گەورەیان لەسەر ڕای گشتی و دامەزراوەکانی دادوەری هەیە. بۆ نموونە، لە هەڵبژاردنەکانی بۆلیڤیا لە ساڵی 2019، ڕاپۆرتی OAS کە باسی لە "پێشێلکاریی جددی" دەکرد، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ. هەرچەندە خۆیان سکاڵایان نەکرد، بەڵام ڕاپۆرتەکەیان بووە بنەمای جوڵەی سیاسی و یاسایی لەناو وڵاتەکەدا.

3- کینیا:

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2017دا، دادگای باڵای کینیا بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەفریقادا ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەڵوەشاندەوە. یەکێک لەو بنەمایانەی کە دادگا پشتی پێبەست، بریتی بوو لە ڕاپۆرتی چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی (وەک ELOG - Elections Observation Group)  کە ئاماژەیان بە کێشەی جددی لە شەفافیەت و پرۆسەی دەستکارییکردنى ئەنجامەکان کردبوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی