سبەى
رووداوی گیانلەدەستدانی ژنێکی هیندی بەهۆی هێرشی تیمساحەوە لە رووبارێکی هیندستاندا، ترس و دڵەڕاوکی لە گوندێکی دوورەدەستی ئەو وڵاتە دروستدەکات.
لە ویلایەتی ئۆدیشای هیندستان، تیمساحێک هێرشی کردە سەر ژنێکی تەمەن 55 ساڵ و رایکێشا بۆ ناو رووباری خەراسروتا، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵکی گوندەکە دروستکرد.
بەپێی هەواڵێکی پێگەی ئیندیا تودەی، رووداوەکە لە کاتێکدا روویداوە قوربانییەکە، کە ناوی سەودامینی مەهالایە لە رووبارەکەدا خۆی دەشۆرد.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە سۆشیال میدیادا بە بەرفراوانی لە هیندستان بڵاوبووەتەوە، دەردەکەوێت کە تیمساحەکە ژنەکە رادەکێشێتە بەشی خوارەوەی رووبارەکە، هاوکات خەڵکی گوندەکە لە پردێکی نزیکەوە هاوار دەکەن.
ئەوانەی لە نزیک شوێنی رووداوەکە بوون، بەو شێوەیە باسیان کردووە، کە تیمساحەکە لەناکاو هێرشی کردووەتە سەر سەودامینی. سەرەڕای هەوڵەکانی دانیشتوانی ناوچەکەش، بەڵام نەیانتوانی لە دەمی تیمساحەکە رزگاری بکەن.