سبەى
سێرجیۆ رامۆس کە مێژوویەکی رکابەری گەورەی لەگەڵ لیۆنێل مێسی هەیە، بەهۆی یاریکردنیان لە ریزەکانی دوو گەورەترین یانەی ئیسپانیا و جیهان، نهێنییەکی نێوانیان ئاشکرادەکات، لەو کاتەی بەیەکەوە لە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان یاریان کردووە.
سێرجیۆ رامۆس بەرگریکاری ئیسپانی کە ئێستا یاری بۆ یانەی مۆنتێری مەکسیکی دەکات، چیرۆکێکی کۆمیدی لە یەکەم راهێنانەکانی لەگەڵ لیۆنێل مێسی لە پاریس سانجێرمان گێڕایەوە. رامۆس دەڵێت: کاتێک بۆ یەکەمجار لەگەڵ مێسی راهێنانم کرد، پێی وتم لەبیرت بێت ئێستا لە یەک تیمداین، لێم مەدە. بە گاڵتەجاڕیەوە وەڵامم دایەوە: ئارام بگرە، ئێستا هەرکەسێک لێت نزیک بێتەوە لێی دەدەم.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک رکابەربوون لە کلاسیکۆی ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا، دەبوو لەگەڵیدا زبر بێت، "بەڵام یاریکردن شانبەشانی ئەو سەرسوڕهێنەر بوو، هەستم بە ئاسوودەیییەکی زۆر دەکرد، چونکە سەختترین رکابەر کە هەمبوو، لە سانجێرمان هاوڕێی تیمەکەم بوو".
رامۆس لە ساڵی 2021 پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە کرد و بەدرێسی ئەو یانە فەرەنسیەوە 58 یاری ئەنجامدا و چیرۆکی شەش گۆڵی نووسیوە. لەگەڵیشیاندا دوو نازناوی خول و یەک جامی سوپەری فەرەنسای بەدەستهێنا.