سبەى
شاندى ئیدارەى خۆسەر و مەزڵوم عەبدى چوار تەوەرى سەرەکییان لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا تاوتوێکردووە، راوێژکارێکى شەرعیش دەڵێت تۆپەکە لە گۆڕەپانى هەسەدەدایە.
ئەمڕۆ شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە ئەندامێتی روهەڵات عەفرین فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی سەردانى دیمەشقیان کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندێکى ئیدارەی کاتی دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع.
میدیاکانى رۆژئاواى کوردستان لە زارى شاندى ئیدارەى خۆسەرەوە گواستییانەوە، لەکۆبوونەوەکەدا چوار تەوەر تاوتوێکراون و هیچ رێککەوتنى نوسراو واژۆ نەکراوە.
ئەو تەوەرانەى تاوتوێکراون پێکهاتوون لە، پێشنیازى تایبەت بە تێکەڵکردنى هەسەدە و هێزەکاى ئاسایشى ناوخۆ، پێکهێنانى سوپایەکى رێکخراو، ئاگربەستى دەستبەجێ و بەپەلە، گۆڕانکاریی دەستورى لە سوریا.
لاى خۆیەوە، راوێژکارێکى شەرع بە کەناڵى عەرەبییەى راگەیاند، تۆپەکە لە گۆڕەپانى هەسەدەدایە چاوەڕوانى هەنگاوى داهاتوویان دەکەن.
جەختیشیکردەوە، دواکەوتنى جێبەجێکردنى رێککەوتنى 10 ى ئازار سودى بۆ سوریا و هەسەدە نییە.
دواى کۆبوونەوەکە، وەزیری بەرگری سوریا رێککەوتنێکی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند.
کۆبوونەوەکە دواى پێکدادانەکانى شەوى شەشى تشرینى یەکەم هات لە دوو گەڕە کوردنشینەکەى حەلەب لەنێوان هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆى ئیدارەى خۆسەر و ئاسایشى سوریادا.
لەکۆبوونەوەکەدا مەزڵوم عەبدى داواى ئۆتۆنۆمى کردووە هاوشێوەى هەرێمى کوردستان، ئەوەش بەپێی کەناڵى سکاى نیوز.
عەبدی هەروەها یەکگرتنی تەواوەتی هەسەدەى لەگەڵ سوپای سوریا رەتکردەوە و جەختیکردەوە ئەو پڕۆسەیە دەبێت بەشێوەیەک بێت کە ئەو هێزانە وەک هێزێکى سەربەخۆ لەناو سوپادا بمێننەوە.
شاندى ئیدارەى خۆسەر هەروەها داوای کردنەوەى فڕۆکەخانەی قامیشلۆى کردووە، لەگەڵ رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی دەروازەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتی کۆماری سوریا رایگەیاند ئەحمەد شەرع لە دیمەشق لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی وەزیرانى دەرەوە و بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوریا بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر دوایین پێشهاتەکانی سوریا، پاڵپشتی لە پرۆسەی سیاسی و هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری، ئەوەش بەپێی سەرۆکایەتی کۆماری سوریا.
باراک دوێنێ دووشەممە (6ـی تشرینی یەکەمی 2025) بە یاوەریی برات کوپە فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا سەردانی رۆژئاوای کوردستانیان کرد و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی و شاندی یاوەری کۆبونەوە.
تۆم باراک لەبارەی سەردانەکەیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، سەردانی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریای کردووە و گفتوگۆیەکی جەوهەری لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامداوە.
ئەوەش یەکەم سەردانی تۆم باراکە بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە دوای دەستنیشانکردنی وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا، پێشتریش لە عەمانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کۆبوەتەوە.
تۆم باراک لە پەڕەی خۆی لە ئێکس نوسیویەتی: سەردانەکە بە یاوەریی ئەدمیراڵ براد کوپە بووە، بۆ رونکردنەوەی دیدگای سەرۆکی ئەمەریکا بۆ "دەرفەتدان بە سوریا" لەڕێگەی بەهێزکردنی سوریاییەکان بۆ یەکگرتن لەپێناو ئاشتی و خۆشگوزەرانی.