تیلی نۆروود؛ ئەکتەرەکەى زیرەکی دەستکرد هۆڵیۆد توڕە دەکات

#زیرەکی دەستکرد
2 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • دروستکردنی تیلی نۆروود کە بە زیرەکی دەستکرد پەرەی پێدراوە، توڕەیی ئەکتەرەکانی هۆڵیۆدی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڕەشە بۆ سەر کارەکانیان دروستدەکات. ئەم کچە ئەکتەرەی زیرەکی دەستکرد کە ناوی لێنراوە تیلی نۆروود، لەلایەن کۆمپانیای شیکۆیا دروستکراوە، بەو ئاواتە کە بیکاتە "سکارلێت جۆهانسۆن یان ناتالی پۆرتمانی داهاتوو".
Primary Asset

سبەى

زیرەکی دەستکرد خۆی خزاندووەتە کایەیەکی هونەری، کە پێشتر وابیردەکرایەوە کە هیچ ئامرازێک ناتوانێت شوێنی بگرێتەوە، بەڵام تیلی نۆروود کە ئەکتەرێکی زیرەکى دەستکردە، هاوکێشەکانی پێچەوانە کردووەتەوە و لە ئێستادا ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنانی فیلم لە هۆڵیۆد پێشبڕکێی دەکەن بۆ واژۆکردن لەگەڵیدا.

دروستکردنی تیلی نۆروود کە بە زیرەکی دەستکرد پەرەی پێدراوە، توڕەیی ئەکتەرەکانی هۆڵیۆدی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڕەشە بۆ سەر کارەکانیان دروستدەکات. ئەم کچە ئەکتەرەی زیرەکی دەستکرد کە ناوی لێنراوە تیلی نۆروود، لەلایەن کۆمپانیای شیکۆیا دروستکراوە، بەو ئاواتە کە بیکاتە "سکارلێت جۆهانسۆن یان ناتالی پۆرتمانی داهاتوو".

ئیلین ڤان دێر ڤێلدن دامەزرێنەری کۆمپانیاکە ئاشکرایکرد، کە ژمارەیەکی زۆر لە ستۆدیۆکانی بەرهەمێنانی فیلم، پێشبڕکێ دەکەن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو خانمە ئەکتەرەدا. ئەمەش ئەو مەترسییەی زیندوو کردووەتەوە، کە زیرەکی دەستکرد لە داهاتوویەکی نزیکدا جێگەی هونەرمەندان بگرێتەوە.

ئەکتەرەکان چی دەڵێن؟

مێلیسا بارێرا کە ئەکتەرێکی فیلمە ترسناکەکانە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی، " چەند ترسناکە، هەموو ئەو ئەکتەرانەی لەگەڵ دەزگا و ستۆدیۆکانی بەرهەمێنانی فیلمدا کاردەکەن، گرێبەستەکانیان هەڵبوەشێنرێتەوە".

مارا ویڵسن دەڵێت "شەرمەزارییە، ئەم کەسانە رووخساری سەدان ژنی گەنجیان دزیوە بۆ دروستکردنی ئەم ئەکتەرە. ئەوان دروستکەر نین، دزی ناسنامەن". بەڵام لۆکاس گەیچ بە تۆنێکی نەرمتر قسەکردووە و کارکردنی لە فیلمێک لەگەڵ ئەکتەرەکەی زیرەکی دەستکرد بە کابوس وەسفکرد .

لە وەڵامی نیگەرانی ئەکتەرە راستەقینەکان، ڤان دێر ڤێلدن لە ئینستاگرام روونیکردەوە کە "تیلی نۆروود جێگرەوەی مرۆڤ نییە، بەڵکو دروستکراوێکی داهێنەرانەیە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەروەک چۆن ئەنیمەیشن ئاسۆی نوێی کردووەتەوە، بەبێ ئەوەی لە گرنگی ئەدای راستەوخۆ کەمبکاتەوە،AI  رێگەیەکی دیکە پێشکەش دەکات، بۆ بنیاتنانی چیرۆکەکان". ئاماژەشی بەوەدا کە ئەکتەرە دروستکراوەکەی AI  نابێت بەراورد بکرێت بە ئەکتەرە مرۆییەکان".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی