تیک تۆک؛ مەزادى کاڵا و بازاڕى بێ چاودێرى لە هەرێمى کوردستان

#تیک تۆک
6 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی بەدواداچوونى "سبەى"، لە ئێستادا ساغکردنەوەى کاڵا لە رێگەى تیک تۆکەوە بەشێوەیەکى فراوان لە هەرێمى کوردستان بڵاوبووەتەوە لەژمارەیەکى زۆر پەیجەوە بەتایبەتى لەشەواندا بەشێوازى لایڤ هەم کاڵا کەفرۆشرێت هەم دەخرێتە مەزادەوە
Primary Asset

سبەى-هانا مەحمود

تۆڕى کۆمەڵایەتى تیک تۆک لە هەرێمى کوردستان بووەتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەى کاڵاى جۆراوجۆر و مەزادى کاڵا بەبێ هیچ چاودێرییەکى لایەنە پەیوەندیدارەکان.

بەپێی بەدواداچوونى "سبەى"، لە ئێستادا ساغکردنەوەى کاڵا لە رێگەى تیک تۆکەوە بەشێوەیەکى فراوان لە هەرێمى کوردستان بڵاوبووەتەوە لەژمارەیەکى زۆر پەیجەوە بەتایبەتى لەشەواندا بەشێوازى لایڤ هەم کاڵا دەفرۆشرێت هەم دەخرێتە مەزادەوە.

فرۆشتنى کاڵا لە رێگەى لایڤەکانى تیک تۆکەوە بەدوو جۆرە، یەکەمیان فرۆشتنى کاڵاکەیە بە یەکەم کەس کە کۆمێنێت دەنوسێت، دووەمیشیان ئەوەیە کاڵاکە دەخرێتە مەزادەوە و کێ زۆرترین نرخ پێشکەش بکات کاڵاکە دەباتەوە.

ئارام محەمەد یەکێک لەو کەسانەى شەوانە لە رێگەى لایڤى تیک تۆکەوە کاڵا دەفرۆشێت بۆ "سبەى" ئاماژەى بەوەدا، بازاڕیان گەرمە و ژمارەیەکى زۆر هاوڵاتى بەردەوام چاودێری لایڤەکان دەکەن.

ئەو کەلوپەلانەى کە ئارام دەیفرۆشێت پێکهاتوون لە، جلوبەرگى خانمان و بابەتە جوانکارییەکان و کەلوپەلی ناو ماڵ.

ئارام دەڵێت، کەلوپەلەکان لە بەغداد و بەسرەوە دەهێنن و شەوانە لە پەیجەکەیان دەیفرۆشن و تەنها گەیاندنیان هەیە واتا ئەو هاوڵاتیانەی دەیکڕن نازانن کوالێتیان چۆنە و بۆیان دەبێت یاخود نا.

ئەو بازرگانییە لە تیک تۆک دواى ئەوە برەوى سەند کە ژمارەیەک تیک تۆکچى لەچەند مانگى رابردوودا لەلایەن هێزەکانى ئاسایشەوە لە سلێمانى دەستگیرکران، بەتۆمەتى ئەوەى ناوەڕۆکى دوور لە داب و نەریتى کۆمەڵگەیان لە لایڤەکانیان بڵاودەکردەوە.

خاوەنى پەیجێکى ترى تیک تۆک دەڵێت، زۆربەی ئەو کاڵایانەى داواکاریان لەسەرە جلی خانمان و جلی ماڵەوە و بابەتە جوانکارییەکانە.

هەروەها یەکێک لەو کەسانەى لە رێگەى ئەو پەیجانەوە کاڵا دەکڕێت بۆ "سبەى" باسى لەوەکرد، ئەو بابەتانەی دەیکڕێت زیاتر بابەتی جل و بەرگ و شتی ناو ماڵە و نرخیان هەرزانە کوالێتیان باشە.

لەگەڵ ئەوەى بەشێک لە خەڵکى دەڵێن سودیان لەو مامەڵەیە وەرگرتووە، بەشێکى دیکە روبەڕووى زیان بوونەتەوە، بەو پێیەى ناتوانن پێش کڕینیان لە وردەکاریی قەبارە و کوالێتیان دڵنیابنەوە.

گۆران قادر سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەتى سلێمانى بە "سبەى" راگەیاند، لایڤەکانی تیکتۆک بەتایبەت ئەو لایڤانەی بێ سانسۆر شتی تێدا دەفرۆشرێت پێویستە لە لایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە سەرپەرشتیاری بکرێت و چاودێری بکرێت و دەزگایەکی تایبەتی بۆ دابنرێت، چونکە ئەوانە مۆڵەتیان نییەو بابەتەکان نازانرێت لە کوێوە هاتوە و چۆن دەفرۆشرێت و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر.

وتیشى لایڤەکان لەلایەن کەسانی ئاساییەوە دەکرێنەوە و کەلوپەل و جلوبەرگی تێدا دەفرۆشرێت بە نرخی زۆر کەم، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک حەزی لێبکەن بە تایبەت لەم بارودۆخە خراپە داراییەدا.

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی