
سبەى
لەکاتێکدا روسیا تۆمەتباردەکرێت بە خۆ ئامادەکردن بۆ جەنگێکی دیکە، لەگەڵ هەڵکشانى گرژییەکانى لەگەڵ ئەوروپا، لە گەورەترین هەڵمەتی بە سەربازگرتنی زۆرەملێدا لە دوای ساڵی 2016ەوە، 300 هەزار سەرباز بۆ سوپا ملیۆنیەکەى زیاددەکات.
روسیا هەڵمەتی یەکەمی پرۆسەکەی جێبەجێکردووە، بەجۆرێک 160 هەزار گەنجی مۆسکۆی خستە خزمەتی سوپاکەیەوە. بەشی دووەمی هەڵمەتەکەش، 135 هەزار هاووڵاتی لە تەمەنی نێوان 18 بۆ 30 ساڵی دەکاتە ئامانج.
ئاژانسی تاسی روسی بڵاویکردووەتەوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە دەزگاکانی حکومەت و دەزگا فیدراڵییەکان کردووە، هەڵمەتێکی گەورە بۆ بەسەربازگرتن لە ناو فەرمانبەرانی حکومەت و کارمەندانی فیدراڵی ئەنجام بدەن.
رۆنی ریێس پەیامنێری رۆژنامەی نیویۆرک پۆست لە ئەوروپای رۆژهەڵات، لە زاری ڤلادیمێر تسیملیانسکی سەرۆکی بەشی کۆکردنەوەی ئەرکانی گشتیی روسیا، پشتڕاستی کردەوە کە ئەو سەربازانە لە ئۆکراینا جێگیر ناکرێن. بە پێچەوانەوە بەرپرسانی ئۆکراینا چەندینجار بانگەشەی ئەوەیان کردووە، کە دامەزراوانی نوێ لە نێو کوژراوەکانی روسیادان، یان بەدرێژایی هێڵەکانی پێشەوە دەستگیرکراون.
فراوانکردنی سوپا
پێشتر روسیا ساڵانە دوو جار هەڵمەتی وەرگرتنی سەربازی ئەنجامداوە، واتە لە بەهار و پایزدا. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ەوە، سوپای روسیا بە تێکڕا لە هەر پایزێکدا نزیکەی 127 هەزار کەسی وەرگرتووە.
ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە بڕیارەکەی پوتین بۆ فراوانکردنی سوپای روسیا بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار سەربازی چالاک تا ساڵی 2026. لە بەشێکی راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە، پلانی روسیا ئەوەیە لە ماوەی داهاتوودا بەسەربازگرتنی فەرمانبەران چڕتر بکاتەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.راپۆرتێکی رۆژنامەی زە تێلێگرافی بەریتانیش پشتڕاستی کردووەتەوە، کە لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیاوە، رێژەی وەرگرتنی سەربازی لە رووسیا ساڵانە بە رێژەی 5% زیادی کردووە.
شاردنەوەی زیانەکان
هەڵمەتە بەرفراوانەکانی بەسەربازگرتن لە روسیا بە مانایەک رەنگدانەوەی کەمیی کارمەندانی هێزەکانی روسیایە، جا چ بەهۆی زیانەکانی لە ئەنجامی جەنگی ئۆکرانیا، یان پێویستی رووماڵکردنی هەڵمەتە سەربازییە نوێیەکان بێت.
داتاکانی وەزارەتی کار لە روسیا دەریدەخەن، دەوڵەت پشتیوانی لە دابینکردنی 152 هەزار و 500 ئەندامی دەستکرد بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ساڵی 2024دا کردووە، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە رێژەی 53% زیادی کردووە.
راپۆرتەکە لە زاری ئاژانسی هەواڵی سەربەخۆی رووسیی میدیازۆنا بڵاویکردۆتەوە، کە بە سود وەرگرتن لە تۆمارە فەرمییەکان، ناوی زیاتر لە 111هەزار سەربازی رووسی کوژراویان دەستنیشانکردووە. بەڵام ئاژانسەکە پێی وایە ژمارەی راستەقینەی کوژراوان زۆر زیاترە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە زیانەکانی روسیا لە جەنگی ئۆکراینادا نزیکەی 15 هێندەی ئەو زیانانە زیاترە، کە لە کاتی جەنگی ئەفغانستان تووشی بووە، هەروەها 10 هێندە زیاترە لە زیانەکانی لە جەنگی 13 ساڵەی رووسیا لە چیچان.
هاوکات حکومەتی رووسیا لە ساڵی 2024دا نزیکەی 15.3 ملیار دۆلاری بۆ قەرەبووکردنەوەی خێزانی کوژراو و بریندارەکان تەرخانکردووە.
درێژەدان بە جەنگ
زۆرێک لە شرۆڤەکاران هەڵمەتە بەرفراوانەکانی بەسەربازگرتن لە روسیا، بە بەڵگەیەک دەزانن بۆ نیازی بەردەوامبوونی جەنگەکە و رەنگە تەنانەت فراوانکردنی جەنگەکەش.
لێدوانەکانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکى روسیا لە کۆبوونەوەی پلینۆمی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ڤاڵدای، بەردەوامی جەنگی روسیا لەگەڵ رۆژئاوا پشتڕاستدەکەنەوە. تاس لە زاری پوتینەوە نووسیویەتی "ئێمە لە دۆخێکی جەنگداین، هەموو وڵاتانی ناتۆش لە حاڵەتی جەنگدان لەگەڵ رووسیادا ".
هەر لە هەمان چوارچێوەدا تۆڕی ئار تی رووسی لە زاری دیمیتری پۆلیانسکی جێگری نوێنەری روسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاندووە، ئەوروپییەکان بەردەوامن لە وێناکردنی رووسیا وەک دوژمن، ئەمەش رێگایەکی مەترسیدارە.
هێزی دەریایی
رۆژنامەی نەزاڤیسیمایا گازێتای روسی بابەتێکی بەناونیشانی "زەوی باڵتیک دەگاتە کوڵانێکی مەترسیدار" بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا کە پەرەسەندنی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان رووسیا و ناتۆ لە ناوچەی باڵتیک ،هەڕەشەی پەرەسەندنی ناسەقامگیری سەربازی و نوقمکردنی ناوچەکە زیاتردەکات.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی فینلاند و سوید پەیوەندییان بە ناتۆوە کردووە، دەریای باڵتیک بە شێوەیەکی کاریگەر بووەتە "دەریایەکی ناتۆ". نۆ وڵاتی ناتۆ راستەوخۆ لە رێگەی دەریای باکورەوە دەگەنە دەریای باڵتیک، لەکاتێکدا رووسیا لە رێگایەکی تەسکی کەنداوی فینلاند و کەنارەکانی ناوچەی کالینینگرادەوە دەگاتە دەریای باڵتیک.
بەپێی رۆژنامەکە، مانگی حوزەیرانی رابردوو کەشتی USS Paul Ignatius ئەمەریکی چووەتە دەریای باڵتیکەوە. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رووسیا هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پێشهاتە مەترسیدارە دەدات و لە رێگادایە هێزێکی دەریایی لە دەریای نابەستوودا دابمەزرێنێت. هاوکات رووسیا لە هەوڵی دامەزراندنی سیتسمی بەرگری ئاسمانی دڤینایە لە قووڵی دەریای سپیدا.
جەنگی جیهانی
روسیا چەندینجار هۆشداری داوەتە رۆژئاوا لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی. پوتین هەڵوێستی رۆژئاوای بەرامبەر روسیای بە شەڕانگێزانە وەسف کردووە.
لەم دواییانەدا هۆشدارییەکان لە بازنەکانی رۆژئاوادا سەبارەت بە ئەگەری داگیرکاریی روسیا بۆ ناوچەکانی دیکەی ئەوروپا پەرەی سەندووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی فڕۆکەکانی ناتۆ رێگرییان لە فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا کرد کە دەچوونە ناو ئیستۆنیا، هەروەها دوای ئەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی روسیا دزەیان کردە ناو ئاسمانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا.
ئەم دزەکردنانە دۆخێکی ئامادەباشی دروستکرد، کە وایکرد یەکێتیی ئەوروپا لوتکەی ئەم دواییەی کۆپنهاگن، بۆ راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی دیواری درۆنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی روسیا تەرخان بکات.
