"کێشەى گەورە"؛ ترەمپ: عێراق نەوتێکى زۆرى هەیە و نازانێت چى لێبکات

#ترەمپ#عێراق
3 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ترەمپ: عێراق ئەوەندە نەوتی هەیە نازانێت چی لێ بکات
  • ترەمپ: ئەوە کێشەیەکی گەورەیە کاتێک ئەوەندە زۆرت هەیە هیچ بیرۆکەیەکت نییە چی لێ بکەیت
Primary Asset

ترەمپ پێش دەستپێکردنى لوتکەى شەرم شێخ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق وێنەى یادگارى گرت

سبەى

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا رایگەیاند، عێراق نەوتێکى زۆرى هەیە و نازانێت چى لێبکات، ئەوەشى بە کێشەیەکى گەورە دانا.

ترەمپ لە وتارێکدا لە لوتکەى شەرم شێخ لە میسر کە تێیدا رێککەوتنى کۆتایی هێنان بە جەنگى غەززە واژۆکرا وتى "عێراق ئەوەندە نەوتی هەیە نازانێت چی لێ بکات".

وتيشى "ئەوە کێشەیەکی گەورەیە کاتێک ئەوەندە زۆرت هەیە هیچ بیرۆکەیەکت نییە چی لێ بکەیت".

ترەمپ پێش دەستپێکردنى لوتکەى شەرم شێخ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق وێنەى یادگارى گرت و پێی وت کە عێراق نەوتى زۆرى هەیە.

لوتکەى میسر

لە لوتکەى شەرم شێخ کە هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنى قۆناغى یەکەمى رێککەوتنى کۆتایی هێنان بە شەڕى غەززە بەڕێوەچوو، رێککەوتنەکە لەلایەن ئەمەریکا، تورکیا و قەتەر و میسرەوە واژۆکرا.

ترەمپ دواى واژۆکردنى رێککەوتنەکە جەختیکردەوە، سەرجەم وڵاتان ئاسودەن و پێشبینییەکانى پێشوو بەو ئاڕاستەیە بوون کە جەنگى جیهانى سێیەم لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە دەستپێدەکات، بەڵام ئەوە رووینەدا.

لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە 20 بارمتەی ئیسرائیلی دوای دوو ساڵ دەستبەسەربوون لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران و لەبەرانبەریشدا نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی لە نێوانیاندا 250 زیندانی کە زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندرابوو ئازادکران.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە حەماس هەموو ئەو بارمتە زیندووانەی کە لە غەززە دەستبەسەر کرابوون لە بەرامبەر ئازادکردنی دیل و دەستبەسەرکراوانی فەلەستینی ئازاد کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە ئاگربەست لە کاتژمێر 12ی ڕۆژی هەینی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە کۆتایی هەفتەشدا بڕی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە زیادکرابوو، دوابەدوای کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست چاوەڕوان دەکرێت دانوستانەکان لەبارەی وردەکارییەکانی قۆناغەکانی دواتری ئاگربەست بەردەوام بێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی