سبەى
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان جەختدەکاتەوە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەوادەى خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دواناخرێت.
جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆن لە لێدوانێکیدا بۆ "سبەى" رایگەیاند، "بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دواناخرێت و لە وادەى خۆى لە 11ى مانگى داهاتوودا بەڕێوەدەچێت".
بڕیارە کەمتر لە مانگێکى دیکە پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت و 10 رۆژە بانگەشەى هەڵبژاردن دەستیپێکردووە.
کۆمسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکانى بۆ بەرێوەچوونى هەڵبژاردن تەواوکردووەو لە ئێستادا سەرقاڵى دابەشکردنى کارتى نوێی دەنگدانە بە ئامانجى بەشداریکردنى زۆرترین دەنگدەر لە هەڵبژاردندا.
بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆن کە دەست “سبەى” کەوتووە، لە نێوان 23ى ئەیلول بۆ 12ى تشرینى یەکەم، ملیۆنێک و 265 هەزار کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە، لەکۆى 3 ملیۆن و 583 هەزار و 751 کارت.
بەپێی ئامارەکان رێژەى دابەشکردنى کارتە نوێیەکان گەیشتووەتە 35.3%.
ئامارەکان دەریدەخەن لە پارێزگاى دهۆک زۆرترین کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە بە رێژەى 56.7%، پاشان نەینەوا بەرێژەى 47.2%، دواتر ئەنبار بە رێژەى 42.8%.
بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، پێویستە دەنگدەران ببنە خاوەنى کارتى بایۆمەترى.
نەبراس ئەبو سودە جێگرى وتەبێژى کۆمسیۆن بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، "کۆمسیۆن ڕێوشوێنی توندی خۆپارێزی دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی کارتی دەنگدەران. کارتەکە بە شێوەیەک دروستکراوە کە تەنها لەلایەن خاوەنەکەیەوە بەکاربهێنرێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پەنجەمۆرى سێ رەهەندى، و دوای بەکارهێنانی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لەکار دەخرێت. جگە لەوەش، کارتەکە تەنها بە دەنگدەر یان ئەندامێکی خێزانەکە دەدرێت دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانیان لەسەر فۆرمى بەشەخۆراک".
رونیشیکردەوە، "تاوانەکانی پەیوەست بە کارتی دەنگدەر دەکەونە ژێر بڕگەکانی یاسای سزادانی عێراقی و یاسای هەڵبژاردن ژمارە (12)ی ساڵی 2018 و هەموارکردنەوەی ژمارە (4)ی ساڵی 2023. ئەوانیش تاوانەکانی وەک: دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی کارتی دەنگدەر، کڕین یان فرۆشتنی کارتی دەنگدەر، بەکارهێنانی کارتەکە بۆ دانانى کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان".
ئەبو سودە ئاماژەی بەوەشکرد "سزای یاسایی لەم حاڵەتانەدا ڕەنگە زیندانیکردن یان غەرامەکردن لەخۆبگرێت، ئەمەش بەپێی قورسی تاوانەکە، ئەمە جگە لەوەی کاندیدەکە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان بێبەش دەکات".
داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد "پابەندی یاسا بن و خۆیان بەدوور بگرن لە هەر هەنگاوێک کە زیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن بگەیەنێت".
کۆمسیۆن لە ٢٢ی ئەیلولەوە دەستیکرد بە دابەشکردنی کارتی نوێی دەنگدان و تا نزیکەى مانگێکى دیکە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.
بڕیارە رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و دوو رۆژ پێشتریش دەنگدانی تایبەت بە هێزە سەربازی و ئەمنی و نەخۆشخانە و گرتوخانەکان بەڕێوەبچێت.
کۆی گشتی دەنگدەرانی گشتی 20.063.773 دەنگدەرە، دابەش دەکرێن بەسەر 8703 ناوەندی دەنگدان کە لە 39285 وێستگە پێکهاتوون، بەوەش هەر وێستگەیەکی دەنگدان 550 دەنگدەر لە خۆی دەگرێت.