بەڵگەنامەکە رۆژى دووشەممە لەلایەن ئەمەریکا، تورکیا و قەتەر و میسرەوە واژۆکرا
سبەى
بەڵگەنامەى تایبەت بە رێککەوتنى لوتکەى شەرم شێخ لەبارەى کۆتایی هێنان بە جەنگى غەززە جەخت لەسەر ئاشتى بەردەوام و چارەنووسى هاوبەشى وڵاتان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکاتەوە.
بەڵگەنامەکە رۆژى دووشەممە لەلایەن ئەمەریکا، تورکیا و قەتەر و میسرەوە واژۆکرا، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنى قۆناغى یەکەمى رێککەوتنى کۆتایی هێنان بە شەڕى غەززە و ئاڵوگۆڕى بارمتە و زیندانییەکان.
لە بەڵگەنامەکەدا کە ترەمپ بە داخستنى لاپەڕەیەکى ئازاراوى مرۆڤایەتى وەسفیکرد، جەخت کراوەتەوە لەسەر پابەندبوونى وڵاتان بە کارکردن بەیەکەوە بۆ بنیاتنانی بناغەیەک کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن پێکەوە لە ئاشتیدا بژین، ئەوەش بەپێی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمەریکى.
هەر لە بەڵگەنامەکەدا پێشوازی لە پەیوەندییە دۆستانە و بەرهەمدارەکانی نێوان ئیسرائیل و دراوسێ هەرێمایەتییەکانى کراوە، لەگەڵ پێشوازی لەو پێشکەوتنانەى بەدیهاتوون بۆ بەردەوامی ئاشتی لە کەرتی غەززە.
هەروەها لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە وڵاتان بەدوای دیدێکی گشتگیردا دەگەڕێن بۆ ئاشتی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و چارەنووسی هاوبەش، هەوڵدان بۆ ئەوەى هەموو کەسێک لە ناوچەکەدا بتوانێت خواستەکانی بۆ ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بەدیبهێنێت.
ترەمپ دواى واژۆکردنى رێککەوتنەکە جەختیکردەوە، سەرجەم وڵاتان ئاسودەن و پێشبینییەکانى پێشوو بەو ئاڕاستەیە بوون کە جەنگى جیهانى سێیەم لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە دەستپێدەکات، بەڵام ئەوە رووینەدا.
لوتکەى شەرم شێخ
میسر رۆژى دووشەممە میوانداری لوتکەی نێودەوڵەتی کرد لە شەرم شێخ بە بەشداری سەرکردەکانی جیهان، بۆ ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە.
لوتکەکە لەسەر بانگهێشتی میسر و ئەمریکا بەڕێوەدەچوو، کە هەوڵدەدات قۆناغی داهاتووی پلانی ئاشتی دەستپێبکات، لەوانە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی ئاگربەست و حوکمڕانی و ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەى غەززە، ئەوەش بۆ جێبەجێکردنى تەواوەتى رێککەوتنى غەززە کە رۆژى دووشەممە قۆناغى یەکەمى جێبەجێکرا.
لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە 20 بارمتەی ئیسرائیلی دوای دوو ساڵ دەستبەسەربوون لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران و لەبەرانبەریشدا نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی لە نێوانیاندا 250 زیندانی کە زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندرابوو ئازادکران.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە حەماس هەموو ئەو بارمتە زیندووانەی کە لە غەززە دەستبەسەر کرابوون لە بەرامبەر ئازادکردنی دیل و دەستبەسەرکراوانی فەلەستینی ئازاد کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە.
بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە ئاگربەست لە کاتژمێر 12ی ڕۆژی هەینی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە کۆتایی هەفتەشدا بڕی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە زیادکرابوو، دوابەدوای کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست چاوەڕوان دەکرێت دانوستانەکان لەبارەی وردەکارییەکانی قۆناغەکانی دواتری ئاگربەست بەردەوام بێت.
ناکۆکییە سەرەکییەکان چین؟
پێدەچێت ناکۆکى جیاجیا بوونیان مابێت کە لە قۆناغەکانى دواترى رێککەوتنەکە بخرێنە بەرباس، ئەوەش بەپێی بی بی سی.
حەماس پێشتر چەکدانانى رەتکردبووەوە، تەنها دواى دامەزراندنى دەوڵەتى فەلەستینى نەبێت، هەروەها هیچ ئاماژەیەکى بە چەکدانان نەکردبوو لە وەڵامى یەکەمیدا بۆ پلانەکەى ترەمپ لە هەفتەى رابردوودا، ئەوەش مشتومڕى لەبارەى هەڵوێستى ئەو بزوتنەوەیە هێناوەتە ئاراوە.
سەرەڕاى رەزامەندى ئیسرائیل لەسەر پلانەکەى ترەمپ، بنیامین نەتەنیاهۆ رەتیکردووەتەوە دەسەڵاتى فەلەستینى بەشدارى بکات لە بەڕێوەبردنى غەززە لەدواى جەنگ.
هەروەها حەماس رایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکات رۆڵێکى لە داهاتووى غەززە هەبێت وەک بەشێک لە بزوتنەوەیەکى فەلەستینى یەکگرتوو.
خاڵە ناکۆکەکانى دیکە پەیوەستن بە کشانەوەى ئیسرائیل، بەو پێیەى ئەو وڵاتە دەڵێت لە قۆناغى یەکەمدا 53%ى کەرتەکە بەدەستیەوە دەمێنێت. پلانەکەى کۆشک سپیش ئاماژە بەوەدەکات کە کشانەوەکان دەگاتە نزیکەى 40% پاشان 15%.
جیبەجێکردنى کۆتایی پلانەکە هێشتا بە ناڕوونى ماوەتەوە، بەو پێیەى خشتەیەکى کاتى روون بۆ کشانەوەى تەواوەتى ئیسرائیل لە خۆ ناگرێت، کە پێدەچێت حەماس لە دانوستانەکاندا داواى رونکردنەوە بکات لەو بارەیەوە.