سبەى
کاردانەوەی بەرپرسانی ئێران بەرانبەر ئاگربەستى غەززە تێکەڵەیەکە لە نیگەرانی و توڕەیی و هەڵبژاردنی بێدەنگی، لەکاتێکدا بەدرێژایی دوو ساڵى دواى رووداوەکانى حەوتى ئۆکتۆبەر پشتیوانى خۆى بۆ بزوتنەوەى حەماس و حیزبوڵڵا و "بەرەی مقاوەمە" دەربڕیبوو، بە جەختکردنەوە لەوەى ئەو گروپانە سەرکەوتن بەرامبەر ئیسرائیل بەدەستدەهێنن.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری سیاسی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە کەڵک وەرگرتن لە هاشتاگی "عێراق، یەمەن و لوبنان"، لە کاردانەوە بە ڕێککەوتنی ئاشتی غەززە، نووسیویەتی: "ڕەنگە سەرەتای ئاگربەست لە غەززە لە پشت پەردەی کۆتایی هاتنی ئاگربەست لە شوێنێکی دیکەدا بێت".
لە کاتێکدا کەسایەتییە کاریگەرەکانی دیکەی نزیک لە خامنەیی، وەک عەلی لاریجانی، مەسعوود پزیشکیان و فەرماندە سەربازییەکان لە بەرامبەر ڕێککەوتنی ئاشتی غەززە بێدەنگن، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان ڕۆژی هەینی لە وتارێکدا بەبێ هیچ ئاماژەیەک بەو ڕێککەوتنە بانگەشەی ئەوەی کرد کە "حەماس نەک هەر لەناونەچووە، بەڵکو داواکارییەکانی خۆی بەسەر ئیسرائیلدا دەسەپێنێت".
قالیباف بەئاماژەدان بە ئۆپراسیۆنی حەوتی ئۆکتۆبەر وتیشی" گەردەلولی ئەقسا نەک هەر هەژموونی ئیسرائیلی شکاند، بەڵکو جیهانی بەرەو پشتیوانی لە ستەملێکراوان و شکستی تەواوەتی پڕۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی برد. بەرەی خۆڕاگری لە فەلەستین، لوبنان، یەمەن و بەرگری لە گەلی ئێران، بە سەبر و کۆڵنەدان بارودۆخی ناوچەکەیان گەیاندووەتە ئاستێک کە ئیسرائیل بووەتە قیزەونترین ڕژێمی جیهان".
ئەم بانگەشانە لە کاتێکدایە کە حەماس لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی هەموو ناوبژیوانانی کرد، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ و حکومەتەکانی میسر، قەتەر و تورکیا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بەرز دەنرخێنین کە هەوڵدەدات کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاشتی پێشنیارکراوی دۆناڵد ترەمپ کرد بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و رایگەیاند تاران پشتیوانی لە هەر کردار و دەستپێشخەرییەک دەکات کە ببێتە هۆی وەستانی شەڕ و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران وەک لایەنگرێکی خۆڕاگری ڕەوای گەلی فەلەستین، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەموو توانا دیپلۆماسییەکانی خۆی لە ئاستی ناوچەیی، ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتایی هێنان بە تاوانەکان و کشانەوەی داگیرکەران لە غەززە کەڵک وەرگرتووە.
سەرەڕای ئەمەش، ئەمیر حسێن سابێتی، نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند "لە هەر حاڵەتێکدا ئەم ئاگربەستە درەنگ یان زوو کۆتایی دێت و خولێکی نوێی شەڕ لە فەلەستین دەست پێدەکات، بەڵام دوو ساڵ و دوو ڕۆژ لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەززە هێشتا ئیسرائیلی نەگەیاندووەتە ئەو ئامانجە سەرەتاییانەی کە ڕایگەیاندبوو و لە کۆتاییدا پرۆسەی داڕمانی ئیسرائیل خێراتر دەبێت".
هاوکات محەمەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، شەڕی ١٢ ڕۆژەی حەماس و ئیسرائیل "بۆ ئێمە پاڵپشتییەکی کۆمەلایەتی گەورەیە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە یەکێک لەو وڵاتانە لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەتەوە و گۆتێرێس ڕایگەیاندووە کە شەڕی ١٢ ڕۆژە کۆتایی بە هەوڵەکان بۆ ڕووخاندنی حکومەتی ئێران هێناوە.
لەبەرانبەردا ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی سەبارەت بە وتەکانی محەمەد ڕەزا عارف، ڕایگەیاند کە ناتوانێت ئەو جۆرە لێدوانانە پشتڕاست بکاتەوە.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە 8ی ئۆکتۆبەر سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاشتی غەززە ڕایگەیاند، ئێران پشتڕاستی کردەووەتەوە کە پشتیوانی ئەم ڕێککەوتنە دەکات، ترەمپ بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە "ئەوان پێیان وایە ئەم ڕێککەوتنە شتێکی گەورەیە"، وتی" ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کار دەکەین و وەک دەزانن سزای گەورەمان لەسەر ئێران هەیە و لە هەمان کاتدا پێمان خۆشە ئێران ئاوەدان بێتەوە."
ئێستا زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە سوپای پاسداران و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بە پێچەوانەی هەڵوێستی فەرمیی وەزارەتی دەرەوە، بە جۆرێک لە نیگەرانی و توڕەیی شاراوە باس لە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکەن.
خۆپێشاندانەکانی سەرشەقامەکانی ڕۆژی هەینی و دروشمە توندەکانیش لە دووەمین ساڵیادى حەوتى ئۆکتۆبەر دەریدەخەن بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانی حکومەت لە تاران ئەم ڕێککەوتنە وەک پاشەکشەیەک لە دروشمی "لەناوبردنی ئیسرائیل" و "بەرخۆدان تا سەرکەوتنی کۆتایی" سەیر دەکەن.
هەروەها میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران هەوڵیاندا وێنەیەکى هاوتەریب لەگەڵ هەڵوێستە فەرمی و قبوڵکراوەکانی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە پێکهاتەی لایەنگری وەک "شکستی ئیسرائیل" و "سەپاندنی مەرجی بەرخۆدان" لەبری ئاماژەدان بە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە یان ڕۆڵی ناوبژیوانان، بخەنەڕوو.
هاوکات بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی لە تاران پێیان وایە ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێ ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە هاوسەنگی هێزی ناوچەیی و گوشار بخاتە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران. بێدەنگیی خامنەیی لە بەرامبەر ڕووداوێکی لەو شێوەیە ئاماژەیە بۆ سەختی هەڵوێستی تاران، چونکە لە لایەک ناچارە پێشوازی لە ڕێککەوتنێک بکات کە بە پشتیوانی هاوپەیمانانی ناوچەیی و ئەمریکا کراوە و لە لایەکی دیکەشەوە نایەوێت بە ئاشکرا دان بە پاشەکشەی گوتاری "خۆڕاگری"دا بنێت.
بەوتەى ئەو شرۆڤەکارانە، ئاگربەستی غەززە لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەکانی لوبنان، یەمەن، سوریا و عێراق، دەتوانێت لە بنەڕەتدا نەخشەی بەرەی مقاوەمەی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت.