سبەى
لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززەی فەلەستین، وا دیارە کە ئاڕاستەی ئیسرائیل دەچێتە قۆناغێکی نوێ؛ پێشهاتەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و بەردەوامی هەڕەشەکانی حوسییەکان ئاڵنگاری گەورەی بۆ دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دروست کردووە.
دەستپێکردنی ئاگربەست لە غەززە وەک خاڵی وەرچەرخانێک بۆ دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل سەیر دەکرێت. ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لەگەڵ کەمبوونەوەی شەڕەکان لە خاکی فەلەستین، ئێستا سەرنجی بەرپرسانی بەرگری ئیسرائیل گۆڕاوە بۆ ئێران و یەمەن: "ئەو ناوچانەی کە پێشبینی دەکرێت مەترسییە گەشەسەندووەکان لێیەوە جێگەی سەرنجی سەرەکی کارنامەی ئەمنی ئیسرائیل بن لە هەفتەکانی داهاتوودا."
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم، هەرچەندە دۆخی غەززە وەک نیگەرانییەکی جددی بۆ تەلئەبیب ماوەتەوە، بەتایبەتی کە ئەگەری جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی "رێکەوتنی ترەمپ" هەیە، بەڵام پێدەچێت گەڕانەوە بۆ ململانێی بەربڵاو لە ناوچەکەدا لەم خاڵەدا دوور بێت. ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەڵێنانەی کە دەوترێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە قەتەر و تورکیای داوە، کە گەرەنتی بەردەوامبوونی ئاگربەستەکە دەکات.
بێمتمانەیی ئێران بە ئاگربەستی غەززە
تاران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە متمانەی بە ئیسرائیل نییە کە پابەندی مەرجەکانی ئاگربەستی غەززە بێت. عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: "هیچ متمانەیەک بە ڕژێمی زایۆنیستی [ئیسڕائیل] نییە. لە ڕابردوودا حاڵەتی ئاگربەستی دووبارە هەبووە؛ لە شوێنە جیاوازەکان، بە تایبەت لە لوبنان کە دوایین حاڵەتە، و شایەتحاڵی ئەوە بووین کە ئەوان لەلایەن ئەم ڕژێمەوە شکێنراون و ئیسرائیل درێژەی بە تاوانەکانی خۆی داوە، بۆیە سروشتییە کە ئێمە لەو بارەوە هۆشداریی پێویستمان داوە و دووبارە دەیدەین."
عەراقچی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە ئێستادا قۆناغی یەکەم جێبەجێ کراوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕاگیراون، کشانەوەی سەرەتایی کە دەبوو ڕووبدات ڕوویداوە، بێگومان زیاتر لە سەدا ٥٠ی غەززە هێشتا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە داگیرکراوە و گومانی جددیش هەیە کە ئایا ئەم کشانەوەیە لە داهاتوودا تەواو دەبێت یان نا".
بەپێی ڕۆژنامەکە، وا دیارە ئیسرائیل و ئێران لەسەر ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێن. بەردەوامی کۆکردنەوەی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن تارانەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی گومانەکان سەبارەت بە نیازی ئێران بۆ گەڕاندنەوەی توانا ئەتۆمییەکانی، نیگەرانیی جیددی لە ئیسرائیل دروستکردووە.
ئەم پێشهاتانە، لەگەڵ وەستانی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، گرژییەکان لەگەڵ ئەوروپا سەبارەت بە گەڕاندنەوەی سزاکان لە ڕێگەی میکانیزمی "سناپباک" و نیگەرانییەکانی تاران سەبارەت بە هێرشی نوێی ئیسرائیل، مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکانی زیاتر کردووە.
لە ئەنجامدا ئێستا کە ئۆپەراسیۆنی غەززە کۆتایی هاتووە، کاربەدەستانی ئیسرائیل دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە کە سەرنجی تەواوی خۆیان ئاراستەی ئێران بکەن.
ئێستا بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل لەبەردەم هەڵبژاردەیەکی قورسدان، ئەویش ئەوەیە کە ئایا جارێکی دیکە پەنا بۆ کردەوەی سەربازی ببەن، کە پێدەچێت دەستیان هاوشێوەی شەڕی 12 ڕۆژە کراوە نەبێت یان ئیسرائیل بژاردەی کۆنتڕۆڵکردنی ئێران هەڵدەبژێرێت کە بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگە بە ئێران دەدات تواناکانی خۆی بنیات بنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا سەرهەڵدەدات کە گومانێکی بەرفراوان هەیە کە ئایا واشنتۆن و تاران دەگەنە هیچ ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی یان نا.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە ناتانیاهۆ بە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیای ڕاگەیاندووە کە بەنیازی ئەوە نییە لە ململانێیەکی دیکەدا لەگەڵ ئێران دەستپێبکات و ڕووسیاش باڵیۆزی ئێرانی لەوە ئاگادار کردووەتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەدا کە “هێزەکانمان ئامادەن و ئەگەری فریودان لە لایەن زایۆنیستەکانەوە هەیە، بێگومان لە ڕووی لۆژیکییەوە دەبێ قبووڵی بکەین کە ڕژێمی زایۆنیستی (ئیسرائیل) توانای ئەوەی نییە کە جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر ئێران”.
هەڕەشەی حوسییەکان بەردەوامە
یەمەن هێشتا وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی نیگەرانی ئیسرائیل ماوەتەوە. بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی حوسی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، ئێستا حوسییەکان خۆیان وەک "بەرگریکارێک" نەک تەنیا لە فەلەستینییەکان لە غەززە، بەڵکوو لە تەواوی بەرەی "مقاوەمە" بە سەرکردایەتی ئێران دەبینن.
سەرکردەکانی حوسییەکان هۆشدارییان داوە لە ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست و ئەگەر هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان بەردەوام بن، ئیسرائیل دەکەنە ئامانج و تەنانەت.
سەرەڕای ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر تۆڕەکانی ژێرخانی ئابووری، کارەبا و دەریایی یەمەن، هەروەها کوشتنی زۆربەی ئەندامانی حکومەتی حوسییەکان، هێشتا ئیسرائیل نەیتوانیوە ڕێگری بکات لە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل یان ئەو کەشتیانەی کە بە گەرووی باب ئەلمەندەبدا تێدەپەڕن، بەڵام پێشکەوتن لە بواری دیپلۆماسیدا دەتوانێت یارمەتی ئیسرائیل بدات بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئالەنگارییانە.
پێشکەوتن لە پرۆسەی سیاسی ئیسرائیل و فەلەستین، باشترکردنی پێگەی نێودەوڵەتی و قووڵکردنەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، رەنگە بتوانێت پێگەی ئیسرائیل بەهێزتر بکات، چ لەڕێگەی فشارخستنە سەر ئێران و چ لەڕێگەی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بە سەرۆکایەتی دەوڵەتانی کەنداو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی حوسییەکانی یەمەن، بەڵام ئەگەر ناسەقامگیری بەردەوامی لوبنان و سوریاش لەبەرچاو نەگیرێن، ئیسرائیل ئاڵنگاری زۆری لە داهاتوودا لەبەردەمدایە.