سبەى
کاتێک داوایان لێکردم لەبەردەم لیژنەیەکی سێ کەسی نامۆدا، وتارێکی پێنج خولەکی بێ ئامادەکاری پێشکەش بکەم، گرژی دەموچاوم هەستی پێکرا. دەروونناسەکانی زانکۆی ساسێکس ئەم ئەزموونەیان بۆ پڕۆژەیەکی توێژینەوە بوو، کە لێکۆڵینەوەیان لە فشاری دەروونی دەکرد، بە بەکارهێنانی کامێرای وێنەگرتنی گەرمی.
زاناکان بۆیان دەرکەوتووە، فشاری دەروونی کاریگەری لەسەر سوڕی خوێن لە دەموچاودا هەیە، بەجۆرێک دابەزینی پلەی گەرمی لووت، دەتوانرێت وەک نیشاندەرێک بۆ ئاستی فشارى دەروونى بەکاربهێنرێت. توێژەرانی زانکۆی ساسێکس هەمان تاقیکردنەوەیان لەسەر 29 خۆبەخش ئەنجامدا. لە هەر کەسێکیاندا تێبینیان کردووە، کە پلەی گەرمی لووت لە نێوان سێ بۆ شەش پلەی سەدی دابەزیوە، ئەوەش بەپێی بی بی سی.
سترێس بەشێکە لە ژیان
جیلیان فۆرێستەر توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت، سترێس بەشێکە لە ژیان. بەڵام زانایان دەڵێن ئەم دۆزینەوەیە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ یارمەتیدانی بەڕێوەبردنی ئاستی فشاری زیانبەخش.
ئەگەر بە شێوەیەکی نائاسایی گەرمی لوت بەرزببێتەوە، ئایا دەکرێت نیشانەی دڵەڕاوکێ یان خەمۆکی بێت؟ ئایا دەتوانین هیچ لەو بارەیەوە بکەین؟
تەکنیکەکە، وەڵامدانەوەی جەستەیی دەپێوێت، هەروەها دەتوانێت بەسوود بێت بۆ چاودێریکردنی فشار لە کۆرپەلە لە سکی دایکدا، یان ئەو کەسانەی، کە ناتوانن پەیوەندی بکەن وەکو منداڵ و ئاژەڵ.
دڵەڕاوکێی مەیموونەکان
لە ئێستادا توێژەران پەرە بە توێژینەوەکەیان دەدەن لە باخچەی ئاژەڵان و لەسەر گیانلەبەرەکان، لەوانەش شامپانزی و گۆرێلا. هەوڵدەدەن تێبگەن چۆن فشاری دەروونی ئەو ئاژەڵانە کەم بکەنەوە.
تیمەکە بۆیان دەرکەوتووە، کە پیشاندانی گرتە ڤیدیۆییەکانی شامپانزی، کە یاری دەکەن کاریگەرییەکی هێورکەرەوەی لەسەر شامپانزییەکان هەبووە. کاتێک توێژەران شاشەیەکی ڤیدیۆیییان لە نزیک شامپانزییەکان دانا، تێبینیان کرد کە لوتی ئەو ئاژەڵانەی سەیری گرتە ڤیدیۆییەکان دەکەن، گەرم بووەتەوە.
بەکارهێنانی کامێرای وێنەگرتنی گەرمی لە ناوچە پارێزراوەکانی مەیمونەکاندا، رەنگە بەسوود بێت بۆ یارمەتیدانی ئاژەڵە رزگارکراوەکان، بۆ خۆگونجاندن و تێکەڵبوون لەگەڵ گروپێکی نوێ و ژینگەیەکی نامۆدا.
ماریان پایسلی توێژەر لە زانکۆی ساسێکس، کە لێکۆڵینەوە لە خۆشگوزەرانی گۆرێلاکان دەکات دەڵێت "ئێمە لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا یان زیاتر لێکۆڵینەوەمان لە سەر مەیمونەکان کردووە، بۆ ئەوەی لە خۆمان تێبگەین، ئێستاش کە زۆر شت لەبارەی تەندروستی دەروونی مرۆڤەوە دەزانین، دەبێت ئێمە قەرەبویان بکەینەوە".