سەفا مەشهەدانی
سبەی
درەنگانی شەوی رابردوو، لە ناوچەی تارمیەی بەغداد و لە رێگەی بۆمبی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە، سەفا مەشهەدانی- حیجازی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد و بەربژێری هاوپەیمانی سەروەری کرایە ئامانج و کوژرا.
روداوەکە لەکاتی ئەنجامدانی گەڕانێک بووە بەناوچەی تارمیەی باکوری بەغداد و لەوکاتەدا بۆمبە لکێنراوەکە بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
سەفا حسێن عەبدوڵڵا مەشهەدانی حیجازی بەربژێری ژمارە 26 بووە لەسەر لیستی هاوپەیمانی سەروەری سوننەکان (سیادە) بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە رۆژی 11ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ئەوەش یەکەم حاڵەتی کوشتنی بەربژێرانی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانە، پێشتریش دوو بەربژێر بەهۆی نەخۆشی کتوپڕەوە گیانیان لەدەستدابوو.
لەیەکەم کاردانەوەشدا، مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئیدانەی تیرۆرکردنی بەربژێرەکەی کرد و رایگەیاند: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەی سەفا مەشهەدانی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد و بەربژێری هاوپەیمانی نیشتیمانی سەروەری پێکدەهێنین.
مەشهەدانی رایگەیاند: کوژرانی سەفا مەشهەدانی و دووان لە پاسەوانەکانی کردەوەیەکی تیرۆریستی ترسنۆکانەیە، پێویستە لایەنە حکومی و ئەمنییە تایبەتمەندەکان لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام بدەن بۆ دەرخستنی بکەرانی ئەو کردەوەیە و روبەڕوی دادپەروەری و یاسایان بکەنەوە و سزای خۆیان وەربگرن.
لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمانتاری عائیشە غەزال مەساری لە بەیاننامەیەکدا کوژرانی سەفا مەشهەدانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: گەڕانەوەی زنجیرەی تیرۆرکردنەکان ئاماژەیەکی مەترسیدارە لەسەر ئاسایشی بەغدادی پایتەخت، دوای ئەوەی ماوەیەکی کەم ئاسایش و ئارامی بەرقەرار بوو.
هەر لەوبارەیەوە، هۆزی ئەلبوحیجازی کوژرانی ئەندامێکی بنەماڵەکەیان راگەیاند و داوای کرد بکوژانی بدۆزرێنەوە و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.