بارودۆخی دارایی هەڵسەنگێنرا؛ ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكات مووچەی هەرێم خەرج بكات

#عێراق#هەرێم#مووچە#ئەنجومەنی وەزیران
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئۆكتۆبەری 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك وەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
  • ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بارودۆخی دارایی هەڵسەنگاند، داواش لە حكومەتی فیدراڵ دەكات "مووچەی هەرێمی كوردستان خەرج بكات".
  • وەك لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە: "تەوەری سەرەكی كۆبوونەوە، تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان لە دوای جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و هەروەها بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەنگاوەكانی خەرجكردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەكانی دیكەی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".
Primary Asset

وێنەی کۆبوونەوەکە

سبەی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بارودۆخی دارایی هەڵسەنگاند، داواش لە حكومەتی فیدراڵ دەكات "مووچەی هەرێمی كوردستان خەرج بكات".

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئۆكتۆبەری 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك وەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە:" لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا و بە بۆنەی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، سەرۆك وەزیران داوای كرد هەڵمەتێكی شارستانی و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێنماییەكان بەڕێوە بچێت. سەرۆك وەزیران هیوای سەركەوتنیشی بۆ هەموو ئەو كەس و لایەنانە خواست كە دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان و داكۆكی لە مافە دەستووریی و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن".

وەك لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە: "تەوەری سەرەكی كۆبوونەوە، تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان لە دوای جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و هەروەها بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەنگاوەكانی خەرجكردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەكانی دیكەی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".

"لە سەرەتای كۆبوونەوەكە، لە دووتوێی ڕاپۆرتێكدا، وردەكاریی بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایەڕوو، كە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی ژمێركاریی هەرێمی كوردستان بە ژمارە و داتای پێویست، سەرجەم بوارەكانی داهاتەكان و خەرجییەكان و كورتهێنانی مانگانە ڕوون كرایەوە كە لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی لێ ئاگاداركراوەتەوە".راگەیەندراوەكە وا دەڵێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو "پاشان هەریەك لە وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەكاریی زیاتریان لەسەر ڕاپۆرتەكە خستەڕوو كە پێشتر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم ئامادە كرابوو، دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی بابەتەكە، ئەنجومەنی وەزیران لە پێناوی دابینكردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و زامنكردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری پەسەند كرد و وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بۆ دەركردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنیان، لە ناویشیاندا جێبەجێكردنی پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی و پێدانی پێشینە بەم بابەتە لە پێش هەموو خەرجییەكان، تاوەكوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ هیچ شتێك نەكاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەكانی دواتریش، كە ئێمە لە مانگی تشرینی یەكەمین و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆیان هێشتا وەرنەگرتووە ".

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەكەدا داوای لە حكومەتی فیدڕاڵ كرد، "وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ڕاسپێرێت بە خەرجكردنی مووچەی هەرێم بە تایبەتیش وەك وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت خستیەڕوو، ڕێككەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان زۆر بە باشی بە بێ كەموكووڕی جێبەجێكراوە و زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە بازاڕی جیهانی لە لایەن كۆمپانیای سۆمۆ فرۆشراوە و داهاتەكەشی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ".

رۆژی شەممە (27ـی ئەیلولی 2025)  هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ راگرتنی دەستیپێكردەوە، ئەوەش بەپێی رێككەوتنێكی سێ قۆڵی بەغداد و هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان.

نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان دوای لێدەكردنی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی رۆژانە، لە كێڵگەی نەوتی خورمەڵە كۆدەكرێتەوە و لەوێوە دەنێردرێتە پیشخاپوور و لە كۆتا خاڵی سنوری نێوان توركیا و هەرێم بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی نەوتی عێراق تا دەگاتە بەندەری جەیهان.

لە قۆناغی یەكەمی رێككەوتنی سێ قۆڵیدا، لە كۆی 10 كۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت 8 كۆمپانیایان بەشدارن، چاوەڕوان دەكرێت لە گەڕی دووەمی دانوستانەكاندا بۆ بەردەوامییدان بە رێككەوتنە سێ مانگییەكە و درێژكردنەوەی بۆ ساڵی داهاتوو ئەو كۆمپانیایانەی دیكەش بچنە چوارچێوەی رێككەوتنەكەوە. بەوەش بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش راگرتنی هەناردەی نەوت كە رۆژانە تێكڕا 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە دەكرا.

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی