سبەی
زۆرجار دەوترێت خواردنی ژەمە بچووك و بەردەوامەكان بە درێژایی رۆژ، سوودی بۆ تەندروستی هەیە و یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی كێش. بەڵام توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە كوالیتی خۆراك و كۆی گشتی وەرگرتنی كالۆری كاریگەری زیاتریان لەسەر تەندروستی گشتی هەیە، لە چاو ژمارەی ئەو ژەمە خۆراكانەی كە رۆژانە دەخورێت، ئەویش بەپێی راپۆرتێك كە لە پێگەیverywellhealth بڵاوكراوەتەوە.
بەگشتی زۆربەی پسپۆڕانی بواری خۆراك هاوڕان لەسەر ئەوەی خواردنی سێ ژەمی سەرەكی لە رۆژێكدا، لەگەڵ ئەگەری زیادكردنی خواردنی كەم و تەندروست، بۆ زۆربەی خەڵك گونجاوە.
1- سێ ژەمی سەرەكی:
ئەم خشتەیە پێكدێت لە نانی بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە. نانی بەیانی یارمەتی زیندووكردنەوەی جەستە دەدات دوای چەند كاتژمێرێكی زۆر خەوتن، وزە بۆ دەستپێكردنی رۆژەكە دابین دەكات. نانی نیوەڕۆ سووتەمەنی پێویست بۆ بەردەوامبوون لە چالاكییەكان دابین دەكات. ژەمی ئێوارەش ماددە خۆراكییە پێویستەكان بۆ جەستە دابین دەكات پێش پشوودانی شەوێك. بە پابەندبوون بە دابەشكردنی هاوسەنگی كالۆری لە نێوان ئەم ژەمانەدا، دەتوانرێت كێشێكی تەندروست و ئاستی وزەی جێگیر بە درێژایی رۆژ بپارێزرێت.
2- خواردنی كەم و تەندروست:
هەندێك كەس پێیان باشە لە نێوان ژەمە سەرەكییەكاندا یەك یان دوو ژەمی كەم زیاد بكەن، بەتایبەتی ئەگەر ماوەی نێوان ژەمە سەرەكییەكان زۆر بێت. ئامانجی خواردنە كەمەكە رێگریكردنە لە برسێتییەكی زۆر، كە دەبێتە هۆی زیادەڕۆیی لە خواردن لە ژەمی داهاتوودا.
3- تەنها دوو ژەم لە رۆژێكدا:
هەندێك كەس پەنا بۆ رێجیمی دوو ژەم لە رۆژێكدا دەبەن. ئەم شێوازە رەنگە لەگەڵ هەندێك كەسدا بگونجێت، بەڵام بۆ هەموو كەسێك گونجاو نییە، بەتایبەتی ئەوانەی پێویستیان بە وزەی بەردەوام هەیە، یان حاڵەتی تەندروستی وەك نەخۆشی شەكرەیان هەیە.
4- گرنگی كوالێتی خۆراك:
هەر ژەمێك تێكەڵەیەكی هاوسەنگ بێت لە پرۆتین و كاربۆهیدراتی ئاڵۆز و چەوری تەندروست و ریشاڵ. خۆراكە پرۆسێس كراوەكان و ئەو خۆراكانەی كە شەكریان زۆرە، زیان بە تەندروستی دەگەیەنن، تەنانەت ئەگەر ژمارەی ژەمەكانیش گونجاو بێت.
5-هاوسەنگی و گوێگرتن لە جەستە:
باشترین رێجیم ئەو رێجیمەیە كە لەگەڵ شێوازی ژیانی مرۆڤدا هاوتەریب بێت، بەجۆرێك هەست بە تێری و وزە بكات. هەندێك كەس بە سێ ژەم زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەكەن. هەندێكی تر پێنج ژەمی بچووكیان پێ باشترە. كلیلەكە بریتییە لە پاراستنی ئاستی شەكری خوێن بە جێگیری و دووركەوتنەوە لە زیادەڕۆیی لە خواردن، ئەویش بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی.