تاران لە چاوەڕوانیدا؛ ئاگربەست لە غەززە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران بەرز دەكاتەوە؟

#ئێران#ئیسرائیل#ئەمەریکا
3 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • دوابەدوای ڕێكەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس پرسیارێكی سەرەكی لەناو میدیاكان و شرۆڤەكارانی جیهانەوە ورووژێندراوە، ئایا ئیسرائیل لە ئێستادا بیر لە هێرش بۆ سەر ئێران دەكاتەوە؟ یا خود ئێران چۆن دەتوانێت لەو دۆخەی كە رووبەرووی بووەتەوە دەرباز بێت، لەم راپۆرتەدا هەوڵ دراوە لە روانگەی ژمارەیەك میدیای ناوچەكە و جیهانی دوایین پەرەسەندنەكان لە ئێران بخرێتەروو.
  • بە گوێرەی ماڵپەرەكە پێشنیازی ئاگربەستی ئەم دواییە بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، دەستی بنیامین نەتەنیاهۆی بۆ بەردەوامی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بەستەوە و لە وەها هەلومەرجێكدا ڕەنگە تەلئەبیب ململانێ لەگەڵ ئێران وەك جێگرەوەیەك بە تێچوویەكی كەمتر بەراورد بە درێژەدان بە شەڕی غەززە ببینێت، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە كە بەشێك لە حكومەتەكانی ئەوروپا هەڵوێستێكی هاوتەریب لەگەڵ ئیسرائیل لە دژی ئێران بگرنەبەر.
Primary Asset

سبەی

دوابەدوای ڕێكەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس پرسیارێكی سەرەكی لەناو میدیاكان و شرۆڤەكارانی جیهانەوە ورووژێندراوە، ئایا ئیسرائیل لە ئێستادا بیر لە هێرش بۆ سەر ئێران دەكاتەوە؟ یا خود ئێران چۆن دەتوانێت لەو دۆخەی كە رووبەرووی بووەتەوە دەرباز بێت، لەم راپۆرتەدا هەوڵ دراوە لە روانگەی ژمارەیەك میدیای ناوچەكە و جیهانی دوایین پەرەسەندنەكان لە ئێران بخرێتەروو.

لەدایك بوون و لاوازی و مردنی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران

ماڵپەڕی سیاسەتی ئەمڕۆی توركی لە راپۆرتێكدا بڵاوكردەوە، بەپێی زۆرێك لە چاودێران، ڕەنگە ئیسرائیل بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش (بۆ دەستپێكردنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان دژی ئێران) وەك بیانوویەك بۆ دەستپێكردنی شەڕێكی نوێ لەگەڵ ئێران بەكاربهێنێت.

بە گوێرەی ماڵپەرەكە پێشنیازی ئاگربەستی ئەم دواییە بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، دەستی بنیامین نەتەنیاهۆی بۆ بەردەوامی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بەستەوە و لە وەها هەلومەرجێكدا ڕەنگە تەلئەبیب ململانێ لەگەڵ ئێران وەك جێگرەوەیەك بە تێچوویەكی كەمتر بەراورد بە درێژەدان بە شەڕی غەززە ببینێت، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە كە بەشێك لە حكومەتەكانی ئەوروپا هەڵوێستێكی هاوتەریب لەگەڵ ئیسرائیل لە دژی ئێران بگرنەبەر.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دوو فاكتەرە پێشبینی دەكرێت قەیرانەكە زیارە پەرە بستێنێت و هەر ئومێدێك بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ناكۆكی ئەتۆمی ئێران لەناو بچێت.

هەروەها ئەم پرسە لە ناوخۆی ئێراندا كاردانەوەی جیاوازی بەدوادا هاتووە ، هەندێك لە شرۆڤەكاران پێشنیازی ئەوە دەكەن كشانەوە لە پەیمانی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی (NPT) دەتوانێت ببێتە بژاردەیەك بۆ تاران، بەڵام مەسعود پزشكیان سەرۆك كۆماری ئێران جەختی لەوە كردووەتەوە " پێویست ناكات لە پەیماننامەكە بكشێنەوە تا ئەو كاتەی رێز لە مافە ئەتۆمییەكانی ئێران بگیردرێت".

ئەم پێشهاتانە هێڵێكی نوێی گرژی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا دروستكردووە، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی داوە لە ئەگەری دووبارە سەپاندنی سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كە لە ٩ی ئەیلول لە قاهیرە واژۆ كرابوو، پووچەڵ دەبێتەوە.

 هەر لەبەر ئەم هۆكارەش چاوەڕوان دەكرێت تاران لە هەفتە و مانگەكانی داهاتوودا بە وردی بژاردەكانی خۆی هەڵسەنگێنێت. لە هەمان كاتدا پێشبینی دەكرێت ئەو پرسە ببێتە یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی ناكۆكی سیاسی ناوخۆیی ئێران.

دانوستانە ئەتۆمییەكانی ئێران دەستپێدەكاتەوە؟

ڕۆژنامەی عەرەب نیوز كە لە سعودیە بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە، هەروەها شیكارییەكی یۆسی مێكلبێرگ، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و لێكۆڵەر لە ئینستیتیوتی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكانی بەریتانیا بڵاوكردووەتەوە، پوختەكەی بەم شێوەیەیە: "ئەگەری ئەوەی كە ئێران لە ژێر فشاری هەوڵەكانی ڕۆژئاوادا پێداچوونەوە بە ستراتیژی ئەتۆمیی خۆیدا بكات، كەمە".

یۆسی مێكلبێرگ  دەشڵێت" سزاكان دەتوانن لێكەوتەی پێچەوانە بەدوای خۆیاندا بهێنن و  دەسەڵاتدارانی ئێران بوێرتر بكەن، ئەم دۆخە بە تایبەت لە كاتێكدا روودەدات  كە سەركردایەتی ئێران هێشتا لە دوای شەڕی مانگی حوزەیران لەگەڵ ئیسرائیل، كە تێێدا لاوازییە ئەمنییەكانی ئێرانی ئاشكراكرد، سەرقاڵی نوێكردنەوەی بناغە ئەمنی و بەرگرییەكانیی وڵاتەكەیە.

ئەگەر ئاڵۆزییەكانیش پەرەنەستێنێت، بەڵام سزاكان بە تەنها چارەسەرێكی درێژخایەن نین، مەگەر هەموو لایەنەكان درك بە دەرفەتی گەڕانەوە بۆ دانوستانە دیپلۆماسییەكان بكەن. لەدەرەوەی هاوار و هەڕەشەكانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا، كەمترین بژاردەی زیانبەخش بۆ هەردوولا، چوونە ناو خولێكی نوێی وتووێژەكانە، ئەگەرچی ڕێگایەكی قورس و پڕاوپڕە لە ئاڵنگاری.

گەمارۆ درێژخایەنەكان ژیانی خەڵكی ئاسایی قورستر كردووە و لە ئێرانیشدا دەسەڵاتی ئابووری سوپای پاسدارانی بەهێزتر كردووە.

رێككەوتنێكی نوێ، بە پشكنینی توند و چاودێریكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، دواجار ڕێگە بە هەڵگرتنی سزاكان دەدات و دەتوانێت تاران لە توخمێكی نیگەرانكەر لە ناوچەكەدا بگۆڕێت بۆ فاكتەری پێشبینیكراو و كۆنترۆڵكراو، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتركردنی پێكهاتەی ئەمنیی ناوچەكە.

 نیو هیومانیتاریان: شەڕ و گەمارۆكان وەك كابوسێك وایە و كرێكارانی ئێرانی بەرەو مردن پاڵناوە

دەزگای میدیایی سەربەخۆی سویسری نیو هیومانیتاریان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، بارودۆخی سەختی ژیانی كرێكاران و خەڵكی ئێرانی لە دوای شەڕی حوزەیرانی ٢٠٢٥ و گەڕانەوەی گەمارۆكانی نەتەوە یەكگرتووەكان تاوتوێ كردووە.

بە گوێرەی راپۆرتەكە دوای هێرشی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل لە مانگی حوزەیران، زۆرێك لە ئێرانییەكان چاوەڕوانی لێكەوتەی ئابووری سەختیان دەكرد، ئەم نیگەرانیانە زیاتر بوون كاتێك سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 28ی ئەیلولدا بۆ سەر وڵاتەكەدا سەپێندرانەوە، ئەمەش فشارێكی زیاتری خستووەتە سەر كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتەی كە خاوەنی زیاتر لە 80 ملیۆن دانیشتووە.

دوای شەڕی ئیسرائیل و ئێران، كۆمپانیاكان بە ڕێژەیەكی مەترسیدار هێزی كاریان كەم دەكەنەوە، بەگوێرەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕێژەی بێكاری لە ساڵی ڕابردوو 8% بووە بەڵام ئەمساڵ بۆ 9.5% بەرزبووەتەوە.

ڕاپرسییەكی ژووری بازرگانی تاران دەریدەخات كە نزیكەی 33%ی كۆمپانیاكان پلانیان هەیە كارمەندەكانیان لە كارەكانیان دووربخەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی دوای جەنگ، هەروەها 36% پلانیان هەیە بەشێك یان هەموو چالاكییەكانیان دابخەن.

ئێران ڕووبەڕووی ناهاوسەنگییەكی توندی وزە دەبێتەوە، كە كەمیی ئاو لە هاویندا و كەمیی گاز لە زستاندا هەردووكیان دەبنە هۆی پچڕانی بەرفراوانی كارەبا. 

گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان دۆخێكی ئابووریی خراپتر كردووە كە پێشتر بەر لە شەڕ زیانی پێگەیشتبوو: بەهای تمەنی نیشتمانی ئێران گەیشتووەتە نزمترین خاڵ و هاوتای دۆلاری كەمترین مووچەی مانگانە لە ١٨٠ دۆلارەوە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ بۆ كەمتر لە ١٣٠ دۆلار تا مانگی ئەیلول دابەزیوە، هەموو كەس چاوەڕێی ئەوەن بزانن شەڕێكی دیكە دەستپێدەكاتەوە یا خود نا؟ بۆ زۆرێك لە ئێرانییەكان ترسەكە لە ئازارە ئابوورییە دەستبەجێیەكان تێدەپەڕێت. چونكە ئەگەری شەڕێكی دیكە لەگەڵ ئیسرائیل زۆر جدییە، هەروەها گەڕانەوەی سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان سێبەرێكی تاریكی بەسەر ئایندەی ئابووریی خەڵكدا خستووە.

ناسیۆنال: بۆچی ئێران لە لوتكەی ئاشتی ترەمپ ئامادە نەبوو؟

دەزگای میدیایی ئیماراتی ناسیۆنال لە ڕاپۆرتێكدا سەبارەت بە ئامادەنەبوونی ئێران لە لوتكەی شەرم ئەلشێخ كە میسر و ئەمەریكا میواندارییان دەكرد  بڵاویكردەوە: بەشدارنەبوونی ئێران مشتومڕێكی توندی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لێكەوتەوە: ئایا ئامادەنەبوون لە لوتكەكە هەڵەیەكی دیپلۆماسی بوو یان هەڵوێستێكی پرەنسیپی و بە ئەنقەست بوو؟

لە بازنەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا زۆر كەس بانگهێشتی ترەمپیان وەك تەڵەیەك یان تاقیكردنەوەیەك بۆ پێوانەكردنی پابەندبوونی تاران بە دیپلۆماسی زانی.

ترەمپ لوتكەی شەرم شێخی بە سەكۆیەك بۆ فراوانكردنی ڕێككەوتنەكانی ئیبراهیم وەسف كرد. لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەم دواییەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند" كێ دەزانێت، ڕەنگە تەنانەت ئێرانیش بتوانێت ببێتە بەشێك لە ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، بەڵام سەركردایەتی ئێران هەر هەنگاوێكی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتكردۆتەوە.

لەم جۆرە هەلومەرجەدا دەكرا بەشداریكردن لە لوتكەی شەرم شێخ لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات وەك پشتگیرییەكی بێدەنگ بۆ بیرۆكەكەی دۆناڵد ترەمپ لێكبدرێتەوە، بەڵام ڕەخنەگرانی ناوخۆ پێیان وایە ئێران دەبێ ئێستا خۆی لەگەڵ واقیعە نوێیەكانی ناوچەكەدا بگونجێنێت، لە بەرامبەردا توندڕەوەكانی ئێران پێیان وایە لەگەڵ بەردەوامبوونی گرژییە ئەتۆمییەكان، بەشداری ولاتەكەیان لە لوتكەی میسر دەتوانرێت وەك لاوازی یان تەسلیمبوون بە فشارەكانی ئەمەریكا لێكبدرێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی