هەنگاوێکی نوێی دارایی؛ ئایا لابردنی سفرەکان لە دراوی عێراقدا دەرگای هەڵاوسانی نوێ دەکاتەوە؟

#دینار#سفر#بانکی ناوەندیی#عێراق
3 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • لە نێو ئاڵۆزییەکانی دیمەنی دارایی، بانکی ناوەندیی عێراق دەرگا بەڕووی یەکێک لە بڕیارە هەستیارەکانی مێژووی دراوی هاوچەرخی خۆیدا دەکاتەوە. ئەویش پڕۆژەی لابردنی سفرەکانە لە دراوی ناوخۆیی. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی بانکەکە، کە یەدەگی زێڕی لە 90 تۆنەوە بۆ 170 تۆن زیادی کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 20%ی کۆی سەروەت و سامانەکەی و عێراق لە پلەی چوارەمی جیهانی عەرەبیدا و 29 جیهانیش لە رووی یەدەگی زێڕەوە دادەنێت.
Primary Asset

سبەی

لە نێو ئاڵۆزییەکانی دیمەنی دارایی، بانکی ناوەندیی عێراق دەرگا بەڕووی یەکێک لە بڕیارە هەستیارەکانی مێژووی دراوی هاوچەرخی خۆیدا دەکاتەوە. ئەویش پڕۆژەی لابردنی سفرەکانە لە دراوی ناوخۆیی. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی بانکەکە، کە یەدەگی زێڕی لە 90 تۆنەوە بۆ 170 تۆن زیادی کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 20%ی کۆی سەروەت و سامانەکەی و عێراق لە پلەی چوارەمی جیهانی عەرەبیدا و 29 جیهانیش لە رووی یەدەگی زێڕەوە دادەنێت.

عەمار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی دووپاتی کردەوە، کە بۆ پاراستنی سەقامگیری بازاڕی دارایی و ئابووری نیشتمانی، هیچ نیازێک نییە بۆ دەستکاریکردنەوەیەکی دیکەی نرخی دیناری عێراقی. ئاماژەی بەوەشکردووە، "نیازی لابردنی سفرەکان لە دراوەکەدا هەیە، ئەویش لە پێناوی کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییەی، کە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی دراوەکان لەناو کەرتی داراییدا دروست دەبێت". روونیشی کردەوە، ئامانجی رێکارەکە کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و کۆگاکردن و باشترکردنی کارایی جوڵەی پارەی نەختینەیە.

شەپۆلێک پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت

ئەم هه نگاوە، که لە رووکەشدا تەکنیکی و ریفۆرمخوازی دەردەکەوێت، شەپۆلێک پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وەکو ئایا دەبێتە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ قەیرانەکانی سیاسەتی دراو؟، یان ته نیا رێکارێکی جوانکارییه بۆ کەمکردنی فشارەکان، به بێ چارەسەرکردنی ناهاوسەنگییه پێکهاتەکان له ئابووری عێراقدا.

بەپێی خەمڵاندنەکانی دامەزراوەکانی دراوی نێودەوڵەتیی، لە ئێستادا عێراق هەڵاوسانی مامناوەندی بەخۆیەوە بینیوە، کە نزیکەی 2.5%یە، کە ژینگەیەکی تاڕادەیەک سەقامگیرە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو. بەڵام قەبارەی بارستایی پارە  لە کۆتایی ساڵی 2023 گەیشتە ئاستێکی مێژوویی، بەمەش مامەڵەی نەختینەیی کردە بارگرانییەکی لۆجستی بۆ بانک و دامەزراوەکان. 

توێژینەوە بەراوردکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە سڕینەوەی سفرەکان هەنگاوێکی تەکنیکی ژمێریارییە، کە توانای کڕین ناگۆڕێت، بەڵکو هەژمارەکان ئاسان دەکات و هەڵەکان لە سیستمی داراییدا کەمدەکاتەوە. بەڵام سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە بەندە بە یەکگرتنی لەگەڵ چاکسازی ئابووری گشتگیر، نەک پێوەرێک کە لە راستی دارایی گشتی دابڕاو بێت.

ئەحمەد تەمیمی، شارەزای ئابووری بە پێگەی بەغداد ئەلیەومی راگەیاند "پرۆژەی لابردنی سفر لە دراوی عێراقی هەنگاوێکی گرنگی چاکسازیە، کە مامەڵەی دراو ئاسان دەکات و بارگرانی ئیداری و لۆجستی لەسەر سیستمی دارایی و بانکی وڵات کەم دەکاتەوە، بەمەرجێک لەچوارچێوەی پلانێکی هەمەلایەنەدا جێبەجێ بکرێت، کە سەقامگیری ئابووری و بازاڕ لەبەرچاو بگیرێت".

تەمیمی ئاماژەی بەوەشکرد، "کەڵەکەبوونی دراوەکان، کە لە ئەنجامی ئەو کۆگا کاغەزییە گەورەیەی ئێستا دروست دەبێت، بارگرانییەکی بەرچاوە لەسەر کەرتی دارایی، پێویستی بە تێچووی زیادە هەیە لە گواستنەوە و هەڵگرتن و بەڕێوەبردن، ئەمە جگە لەوەی مامەڵەی رۆژانە بۆ هاووڵاتیان و دامەزراوەکان قورس دەکات".

بەپێی رێبازە ئابوورییە بەراوردکارییەکان، وڵاتانی وەک تورکیا لە ساڵی 2005 و غانا لە ساڵی 2007دا، سەرکەوتنی رێژەیییان بەخۆوە بینی لە لابردنی سفرەکان دوای ماوەیەکی زۆر لە سەقامگیری و دیسپلینێکی توندی دارایی. ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر بوو لە کەمکردنەوەی تێچووی مامەڵەی کاش و بەرزکردنەوەی متمانە بە دراو. بەڵام تاقیکردنەوە شکستخواردووەکان، وەک ئەوانەی لە زیمبابۆی و ڤەنزوێلا، دەریانخستووە کە لابردنی سفرەکان بەبێ چاکسازیی دامەزراوەیی، دەرگای هەڵاوسانی نوێ دەکاتەوە و متمانەی گشتی بە دراوی نیشتمانی تێکدەدات.

هیچ گۆڕانکارییەک لە توانای کڕینی دیناردا ناکات

تەمیمی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، "لابردنی سفرەکان هیچ گۆڕانکارییەک لە توانای کڕینی دیناردا ناکات، بەڵکو یارمەتیدەر دەبێت بۆ سادەکردنی سیستمی ژمێریاری و دارایی و کەمکردنەوەی جیاوازییە ژمارەییە گەورەکانی ناو بەیاننامە داراییەکان، ئەمەش بەڕێوەبردنی پارە کاراتر و ئاسانتر دەکات، بۆ بەکارهێنانی لەناو دامەزراوەکانی حکومەت و کەرتی بانکی تایبەتدا".

ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکە پەیوەستە بە "ژینگەیەکی ئابووری سەقامگیر و کۆنترۆڵکردنی کاریگەری رێژەی هەڵاوسان و هاوکاری نزیک لە نێوان بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەیەکی بێ کێشە، بەبێ پەککەوتنی بازاڕ یان لەدەستدانی متمانە بە دراوی نیشتمانی".

بەگوێرەی خوێندنەوەی وردی ئابووری، عێراق لە ئێستادا لە گۆڕەپانێکدایە لە نێوان چاکسازیی هەمەلایەنەی دراو و رێوشوێنێکی سیمبولی کە کاریگەرییەکی سنوورداری هەیە. لابردنی سفرەکان رەنگە لە ڕووی تەکنیکییەوە سوودی هەبێت، بەڵام ئەگەر وەک هەوڵێک بۆ شاردنەوەی قەیرانە پێکهاتەییەکان لە ژێر بەرگێکی کارگێڕیدا هەست پێبکرێت، مەترسیدار دەبێت. شیکاران هۆشداری دەدەن لەوەی کە خراپی کاتی یان خراپی پەیوەندی لەگەڵ رای گشتیدا، دەتوانێت ببێتە هۆی سەرلێشێواوی لە نرخدانان و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی "سوڕی هەڵاوسانی بێدەنگ" کە لەلایەن هەندێک لایەنی بازرگانییەوە دەقۆزرێتەوە.

تەمیمی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی "ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوە، بەرزکردنەوەی متمانەیە بە دیناری عێراقی و ئاسانکاریکردنی مامەڵە داراییەکان و کەمکردنەوەی ئەو بارگرانیانەی، کە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی دراوی کاغەزی دروست دەبن. هەروەها چاکسازییەکی پێکهاتەیی لە سیاسەتی دراودا، کە پێویستە بخرێتە چوارچێوەی پرۆگرامێکی گشتگیری چاکسازی ئابوورییەوە، کە خزمەت بە سەقامگیری دینار دەکات .

یەدەگی زێڕ؛ رووپۆشێکی بەهێز 

شیکارییە ئابوورییەکانی ئەم دواییە پشتڕاستی دەکەنەوە، کە بەهێزکردنی یەدەگی زێڕ، رووپۆشێکی بەهێز بۆ بانکی ناوەندی دەڕەخسێنێت بۆ هەر چاکسازییەکی دراوی داهاتوو. بەڵام جێگەی کۆنترۆڵی دارایی و چاودێریکردنی توندی خەرجییە گشتیەکان و دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان سیاسەتی دراو و کۆمەڵگەی ئابووریدا ناگرێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی