سبەى
هێڵى فڕۆکەوانى تورکیا سێی مانگى داهاتووى بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ فڕۆکەخانەى سلێمانى دیاریکرد، ئەوەش دواى کەمتر لە هەفتەیەک لە بڕیارى هەڵگرتنى قەدەغەى سەر گەشتەکانى فڕۆکەخانەکە.
هێڵەکە لەسەر ماڵپەڕى فەرمى خۆى رۆژى 3ى تشرینى دووەمى دیاریکردووە وەک یەکەم وادەى دەستپێکردنەوەى گەشتەکان، ئەوەش بەپێی خشتەى گەشتەکانى هێڵە ئاسمانییەکە.
رۆژى پێنج شەممەى رابردوو توركیا بڕیاریدا قەدەغەی گەشتی ئاسمانی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت، ئەوەش دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە قەدەغەکردنى گەشتە ئاسمانییەكان بۆ سلێمانی و پێنج جار درێژكردنەوەی سزاکە.
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری بە "سبەى" راگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنەوەى گەشتەکان، هێڵى ئاسمانى کۆندۆریش گەشتە راستەوخۆکانى سلێمانى و ئەڵمانیا دەستپێدەکاتەوە، بەو پێیەى گەشتەکان بە ئاسمانى تورکیادا ئەنجام دەدرێن.
رۆژى پێنج شەممەى رابردوو یەحیا ئوستون بەرپرسی راگەیاندنی هێڵی فڕۆكەوانیی توركیش ئێرلاینز رایگەیاند، بەزوویی گەشتەكانیان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستپێدەكەنەوە، بەبێ ئەوەى هیچ وادەیەک دیارى بکات.
تا ئێستا فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى هیچ لێدوانێکى لەو بارەیەوە نەداوە. “سبەى” پەیوەندى بەرپرسانى فڕۆکەخانەکەوە کرد بەڵام ئامادەنەبوون هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە بکەن.
دوو سەرچاوە لە کۆمپانیاکانى گرین جێت تراڤڵ و سکای موون بۆ سبەى ئاماژەیان بەوەدا، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمیان بۆ نەهاتووە بۆ ئەوەی گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە و پێویستە لای لایەنی سەرەکی و پەیوەندیدارەوە لە دەستپێکردنەوەى گەشتەکان ئاگادار بکرێنەوە و پێیان وایە تا سەرەتای مانگی داهاتوو گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێبکاتەوە.
باسیان لەوەشکرد، چاوەرێی ئیمەیڵن بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتەکان، پێویستە دەستەی فرۆکەوانی مەدەنی تورکیا ئیمەیڵ بنێرێت بۆ دەستەی فڕۆکەوانی عێراقى و ئەوانیش ئیمەیڵ بنێرن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و فڕۆکەخانەش بە ئیمەیڵ کۆمپانیاکان ئاگاداربکاتەوە، پاشان ڕۆژەکان دیاریدەکرێت و گەشتەکان دەستپێدەکاتەوە.
بڕیارى هەڵگرتنى قەدەغەى سەر ئاسمانى سلێمانى لەلایەن تورکیاوە، دواى چوار رۆژ هات لە درێژکردنەوەى ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان تا کۆتایی ئەمساڵ لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی توركیاوە.
توركیا لە نیسانی 2023 ەوە گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی راگرتووە، بەتۆمەتی بوونی چالاكی پەكەكە لە سنوری پارێزگاكە، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی خۆجێی سلێمانی بەردەوام ئەو تۆمەتە رەتدەكەنەوە.
تا ئێستا توركیا بەفەرمی پێنج جار ماوەی سزاكەی درێژكردووەتەوە. بەهۆی داخستنی ئاسمانی توركیا بەرووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، فڕۆكەخانەكە زیانێكی زۆری بەركەوتووە و گەشتەكانیشی بەشێوەی مانگانە بەرێژەی 40% كەمبووەتەوە.