فرۆشتنى غاز لە گەورەترین کێڵگەى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات

#دانەغاز#کۆرمۆر
8 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەپێی راگەیەنراوێکى دانەغاز کە دەست “سبەى” کەوتووە، پڕۆژەکە هەشت مانگ پێش وادەی خۆی تەواو بووە بۆ زیادکردنی تا ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجا ستاندارد لە رۆژێکدا بۆ توانای ئێستای غاز، بەمەش کۆی توانای کێڵگەی کۆرمۆر دەگاتە ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا.
Primary Asset

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی غازی ھەرێمی كوردستانە

سبەى

کۆمپانیای دانەغاز تەواوبوونى پڕۆژەى زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەی غازى کۆرمۆری بە هاوکارى لەگەڵ کۆمپانیاى هیلالى ئیماراتى بەرێژەى 50% و دەستکردنى بە پڕۆژەى فرۆشتنى بەرهەمى کێڵگەکە راگەیاند.

بەپێی راگەیەنراوێکى دانەغاز کە دەست “سبەى” کەوتووە، پڕۆژەکە هەشت مانگ پێش وادەی خۆی تەواو بووە بۆ زیادکردنی تا ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجا ستاندارد لە رۆژێکدا بۆ توانای ئێستای غاز، بەمەش کۆی توانای کێڵگەی کۆرمۆر دەگاتە ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، بەوەش دەستکراوە بە فرۆشتنى بەرهەمى بازرگانى کێڵگەکە.

پڕۆژەی کۆرمۆر 250 هەشت مانگ پێش وادەی دیاریکراو تەواو بوو و نزیکەی 250 ملیۆن پێ سێجا ستاندارد لە ڕۆژێکدا (scfd) توانای بەرهەمهێنان زیاد دەکات، کە 50% زیادبوونی توانای ئێستایە، بەمەش کۆی توانای کێڵگەی کێڵگەکە دەگاتە 750 ملیۆن پێ سێجا. 

ئەم فراوانکردنە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا و پاڵپشتی گەشەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و پتەوکردنی دەستپێشخەریی پڕۆژەى "رووناکی"ی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرى و باشترکردنی دابینکردنی کارەبا بۆ سەرتاسەرى عێراق، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.

کۆی بودجەى پڕۆژەکە یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە، بە پاڵپشتی دارایی لەلایەن بانکی شاریقە و کۆمپانیای دارایی گەشەپێدانی ئەمریکی (DFC)، ئەمە جگە لە داهاتی گرێبەستەکانى کۆمپانیای پیرڵ پترۆلیۆم بە بڕی ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی ٢٠٢٤.

 لە لوتکەی خۆیدا، پڕۆژەکە زیاتر لە 10 هەزار هەلی هەلی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ڕەخساند، زیاتر لە 6 هەزار تۆن پۆڵا بەکارهێنا، هەروەها زیاتر لە 6.2 ملیۆن کاتژمێر کارى تێداکرا، ئەمەش وایکرد ببێتە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی ژێرخانی کەرتی تایبەت لە عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا.

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی غازی ھەرێمی كوردستانە و كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. کێڵگەکە غازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات.

کێڵگەکە بە شادەماریی غاز لە هەرێمى کوردستان دادەنرێت، دەکەوێتە سنوری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ و لە ساڵی 2003ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە.

غازی کۆرمۆر، سەرچاوەى دابینکردنى رێژەی 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستانە، هەروەها سەرچاوەی سەرەکیشە بۆ دابینکردنی غاز بۆ کارگەکانی غاز.

روبەرى کێڵگەکە دەگاتە 135 کیلۆمەتر چوارگۆشە و یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە نزیکەی 17 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی