ئەمەریکا پشتیوانی دەکات.. هەسەدە دەبێتە سێ فیرقەی سەربازیی سەر بە سوپای سوریا

#هەسەدە#ئاسایشی رۆژئاوا#دیمەشق#سوپای سوریا#فیرقەی سەربازی
22 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 22 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • گفتوگۆکانی لیژنەی سەربازیی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی دیمەشق بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە دەبینێت
  • هەسەدە وەک سێ فیرقەی سەربازی گرێدەدرێت بە وەزارەتی بەرگری سوریاوە و ئەرکی پاراستنی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەبێت
  • واشنتن بە فەرمی پشتیوانیی دانوستانەکان دەکات و داوا دەکات دانوستانەکان بە نیازپاکی و بەرهەمداری بەڕێوەبچن
Primary Asset

نمایشی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات

سبەی

گفتوگۆکانی لیژنەی سەربازیی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی دیمەشق بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە دەبینێت. هەسەدە وەک سێ فیرقەی سەربازی گرێدەدرێت بە وەزارەتی بەرگری سوریاوە و ئەرکی پاراستنی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەبێت. واشنتن بە فەرمی پشتیوانیی دانوستانەکان دەکات و داوا دەکات دانوستانەکان بە نیازپاکی و بەرهەمداری بەڕێوەبچن.

ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردن و ئاسانکاریی بۆ دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی دیمەشق. داوایان کردووە دانوستانی بەرهەمدار و بەنیازپاکی لە نێوان هەردوولادا بەردەوام بێت.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا کردەوە، کە جەختی لەسەر پەیکەری کۆمەڵایەتی ئاڵۆزی سوریا کردەوە و وڵاتەکەی بە "هەمەچەشنی لە پێکهاتە و کەمینەی جۆراوجۆر وەسفکردووە، کە سەدان ساڵە پێکەوە لە وڵاتەکە دەژین و دەبێت ببنە بناغەی سوریای نوێ". 

شاندی سەربازی هەسەدە لە دیمەشق

ئەو لێدوانەی بەرپرسەکەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە رابردوو (13ـی تشرینی یەکەمی 2025) شاندێکی باڵای سەربازی هەسەدە بە سەرۆکایەتی سیپان حەمۆ فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و ئەندامی فەرماندەیی گشتی هەسەدە، بە ئەندامێتی سۆزدار حاجی، ئەبجەر داود و شاکر دێرەزور گەیشتنە دیمەشق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی گرێدانی هەسەدە و ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان بە حکومەتی کاتی و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی (10ـی ئازاری 2025) کە لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئیمزا کرا.

سەردانی شاندەکەی، دوای کۆبونەوەیەکی چەند رۆژی رابردووی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع هات، کە لە دیمەشق و بەنێوەندگیریی تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و براد کوپە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا بەڕێوەچوو و هەردوولا رێککەوتن لەسەر دروستکردنی لیژنەی سەربازی هاوبەشی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوانیان.

هەسەدە دەبێتە سێ فیرقەی سەربازی 

فەوزە یوسف، سەرۆکی شاندی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەیە لە چوارچێوەی سێ فیرقەی سەربازییدا خۆی رێکبخاتەوە وەک هەنگاوی یەکەم بۆ گرێدانی بە سوپای سوریاوە.

ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەی سەربازی هەسەدە دانیشتنی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریا لە دیمەشق ئەنجامداوە بۆ ووردەکاریی زیاتر لەسەر گرێدانەکە و لایەنە هونەری و کارگێڕی و تەکنیکییەکانی ئەو پڕۆسەیە.

بەوتەی فەوزە یوسف، گرێدانی هەسەدە بە سوپای سوریاوە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر سوریا بەگشتی، چونکە بوونی هەسەدە لەناو سوپادا ئاماژەیە بەوەی سوپای سەرجەم سورییەکانە بەبێ جیاکاری و ریزپەڕی و بەهەموو پێکهاتەکانەوە لە خۆدەگرێت.

ئاسایشی رۆژئاوا دەبەسترێتەوە بە وەزارەتی ناوخۆوە

سەبارەت بە دۆسیەی ئاسایشی ناوخۆ، هەسەدە و حکومەتی کاتی رێککەوتوون بەهەمانشێوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بلکێندرێن بە وەزارەتی ناوخۆی سوریاوە وەک بەشێک لە ئاسایشی گشتی، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی و ئەرکیان لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. 

 بەوتەی فەوزە یوسف، هێرشەکانی سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی زۆرینە کوردنشین لە حەلەب وەک کارتی فشار دژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەکارهێنراوە، دواتر دانوستان لەنێوان هەردوولا دەستیپێکردووەتەوە و گەڕاونەتەوە بۆ رێککەوتنامەی یەکی نیسانی ئەمساڵ سەبارەت بە دۆسیەی ئاسایشی ئەو دوو گەڕەکە.

 تورکیا رۆڵی خراپ دەگێڕێت

هاوسەرۆکی شاندی دانوستانی رۆژئاوای کوردستان رەخنەی لە تورکیا گرت بەوەی رۆڵی خراپ دەگێڕێت لە پەیوەندی و دانوستانەکانیان لەگەڵ دیمەشق و لەمپەر لەبەردەم دانوستان و بەرەوپێشچوونەکان درووست دەکات.

ووتیشی: "پەیوەندیی و رایەڵە هەیە لەنێوان کێشەی کورد لە باکور و رۆژئاوای کوردستان، پێویستە لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە ئاشتی لە باکوری کوردستان، دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندی ستراتیژی و ئەرێنی لەنێوان کورد و تورکیا".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی